17/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
يەكێتى دووبارە وەڵامى پارتى دەداتەوە
میدیای یەكێتی وەڵامی فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە دەداتەوەو رایدەگەیەنن وەڵامێكی هێمن بۆ فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە و مەیدان مەحەكی رەسەنو ناڕەسەنی یە.
لەوەڵامێكدا بۆ فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە سایتی چاودێر رایگەیاندووە، ئەم فەرماندەیی یە كە سەرو بۆری نادیارەو، بەڵام مەرامو فیتی ئاشكراو ڕونە.
لەو وەڵامەدا ئەوەش راگەیەندراوە" ئەوە یەكێتی بوو كە پشتیوانی كورد بوە لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ئەوەش حزبەكەی بەرێزتان بوە كە دەستی سورە بە خوێنی كوردان لە تەواوی پارچەكانی كوردستان".
ئەمەش تەواوی وەڵامەكەیە:
فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە، كە بە داخەوە ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی تیادایە، چەند رۆژێكە، باسكردنی رۆڵی شەرڤانانو گەریلا لە بەرەكانی جەنگ نائارامو دەهری كردوەو بە راستو چەپ كەوتۆتە پەلاماردانی یەكێتی.
ئەمە یەكەم جارو بێگومان دواجاریش نابێت كە كەسانێك لاملیان ئارەقەی كوردایەتی نەیگرتبێت، بێنو لافی شۆڕشگێڕیو خەبات بە یەكێتی بفرۆشنەوەو بیانەوێ بە سەركەوتنی دەستەجەمعی شكستو چەوتیەكانی خۆیانی پێ ڕتوش بكەن، بێ ئاگا لەوەی كە لە سایەی پێشكەوتنو سەردەمی تەكنەلۆژیاو ماسمێدیاو سۆشیال مێدیا، خەڵكی ئاسایی زۆر لەوە رۆشنبیرترە كە فەرماندەییەكی لەو شێوەیە راستیەكانی لێ ئاوەژوو بكات.
ئەم فەرماندەیی یە كە سەرو بۆری نادیارەو، بەڵام مەرامو فیتی ئاشكراو ڕونە، لە نوێترین وەڵامیدا: دەڵێت: شوكور ئێوە سەرقاڵ نینو دەتانتوانی بە دیقەتێكی زیاترەوە وەڵاممان بدەنەوە.
بۆ خۆی ئەم رستەیەی فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە (بەبێ وشەی پیرۆزی پێشمەرگە) مایەی سەرسوڕمانە، چونكە خەڵكی كوردستان زۆر باش دەزانێت لە دوو ساڵی رابردوو هێزی سەرقاڵو پێشەنگ لە دژایەتی داعش كێ بونو یەكێتیش چ سەنگێكی هەیە لەم شەڕەدا.
هەموانیش دەزانن هێزی وەك یەكێتی لە پاڵ شەڕدا هەمیشە بیری زۆر فراوانتر بوە لەوەی كە لە ناوچەیەك یان شارێك سیاسەتی خۆی قەتیس بكاتو لەسەر گردۆڵكەو بەرزاییەك لافی كوردایەتی بە تەواوی خەڵك بفرۆشێتەوە، دروست ئەو فەرماندەییەش دەزانێت، ئەگەر لە سەرەتاوە بە قسەی یەكێتیو بەرپرسانی یەكێتی بكرایەو شەڕ لە بەرامبەر داعش رابگەیەنرایە وەك هێزێكی دژە مرۆڤ، ئەوا نە كارەساتی شنگال دەقەوماو نە ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگەش بەداخەوە شەهید دەبونو نە زامی قوڵی ژنانو كچانی شنگالیش ئەبوە بەشێك لە یادەوەریو ئەندێشەی تاڵی كوردایەتی.
فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە باسی ئەوە دەكات كە نەدەبوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوور لە شەڕگەكان سەیریان كردوەو باسی ئەوە دەكەن كێ بەشداربوە، وەڵامەكەی یەكێتیش بە نوسینی شەخسی وەسف دەكات گوایا: ئەمە هەلوێستی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیەو هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی زۆر لێی نارازین.
ئەو بەرێزەی بەیاننامەكەی فەرماندەییەكەی میحوەری رۆژئاوای دیجلەی نوسیوە، دیارە یادەوەری زۆر كورتە، وەك كورتبینیان بۆ شەڕێكی ئایدۆلۆژی قوڵی وەك داعش، ئەگەرنا دەبوو لەیادی بێت فەرماندەو هێزەكانی یەكێتی لە سەرەتای كارەساتی شنگالەوە (كە مێژوو دەری دەخات گیراوە یان تەسلیم كرا لە سەودایەكی كەسی)، لەو ناوچەیە مانەووە بەشداری هەموو نەبەردیەكانیان كردوەو ئاگاداری وردودرشتی شەڕگەكان بون بە شەڕی ئازاد كردنی شنگالیشەوە.
دیارە گرەوی دۆڕاویش لەسەر جیاوازی ناو یەكێتی دەكات، كە ئەو جیاوازیانە هەمیشە هێزی یەكێتی بونو ئەو ئیدیۆمەی لەیاد كردوە كە: یەكێتی سەد سەری هەبێت، خاوەنی یەك دەنوكە.
لە بەشی كۆتایی بەیاننامەكەی فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە، هاتوە: ئێوە زۆر موعجیبی گەریلاو ناوی دیكەن بۆیە تامی هەنگوینتان لەیاد كردوە.
بەڵێ، یەكێتی سەرسامە بە هەموو چەمكێكی كوردانەو كوردستانیانە، لەو پێناوەشدا هەمیشە قوربانی داوە، گەریلاو شەرڤانان، پەكەكەو یەپەگەو یەپەژە بە بەشێك لە ویژدانی زیندووی گەلەكەمان دەزانینو هەرچیشمان پێ كراوەو پێمان دەكرێ بێ درێغ دەیكەین بۆ پشتیوانی برایانمان لە هەر پارچەیەكی كوردستان. لەباتی ناو نەهێنانیان لەپاش شەڕەكە، سوپاسیان بكرایە، نەك نكوڵی لە راستیەك بكەن كە تەواوی جیهان باسی دەكات.
برایانی فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلەش بەر لە هەمو شتێك دەبێ بزانن بەناوی پێشمەرگەوە قسە نەكەن، پاشانیش كەمێك بگەرێنە دواوەو دوو لاپەرەی مێژوو بخوێننەوەكە:
- ئەوە یەكێتی بوو كە پشتیوانی كورد بوە لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ئەوەش حزبەكەی بەرێزتان بوە كە دەستی سورە بە خوێنی كوردان لە تەواوی پارچەكانی كوردستان.
- ئەوە یەكێتی یە ئێستا پشتیوانی خەباتی دیموكراسیانەی باكورە، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لە ئامەد هاواری بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان كرد.
- ئاوڕێكی زیاتر بدەرەوە دەبینی كە: یەكێتی لە شكستێكدا لەدایك بوو كە ئێوەی بەرێز دروستكەری بون.
دوا وتەش بۆ ئەو فەرماندەییەی میحوەری رۆژئاوای دیجلە ئەوەیە: سەیرێكی دەوروبەرت بكە، بە حزبەكەی جەنابیشتانەوە ئێستا چاوتان لەسەر رۆڵی یەكێتی یە، نەك وەڵامێكی بێ پێزی ئێوە، بەڵكو تەواوی فەرماندەییەكانی هاوچەشنی ئێوە لەسەر تەلی ناكۆكی یاری بكات، یەكێتی دەسبەرداری رۆڵی پێشەنگی خۆی نابێت لە بەرگری لە خاكی كوردستانو پشتیوانی كردن لە خەباتی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، بە پەیەدەو یەپەگەو پەكەكەشەوە، كە ئێوە حەساسیەتتان پێی هەیە.