قەناس بەدەستەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ کارمەندێکی‌ ئاسایشیان بریندار کرد
16/11/2015 نوسەر: bzavpress

قەناس بەدەستەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ کارمەندێکی‌ ئاسایشیان بریندار کرد


کەمێک پێش ئێستا دوای‌ ڕێککەوتنی‌ بەپرسانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و قایمقامی قەزای دووزخورماتوو قەناس بەدەستەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ کارمەندێکی‌ ئاسایشیان بریندار کرد.

ئەمڕۆ دوای‌ ڕێککەوتنی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و پێشمەرگە قەناس بەدەستەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ کارمەندێکی‌ ئاسایشیان بەناوی‌ نزار فایەق لە گەڕەکی‌ کۆماری‌ و لە هەمان شوێنی‌ پێشوو کە مێرمنداڵەکەیان کوشت تێدا بریندار کرد".

 ئەمڕۆ ١٦ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ ٢٠١٥، جارێکی‌ تر ڕێکەوتنی‌ لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی‌ شەعبیدا ئەنجامدرا.لەپاش ڕێککەوتنەکە، ئەبو ئەیوب سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە خوورماتوو، هەندێک خەڵک هەن بارگاوی کراون بۆ شەڕی ناوخۆیی، بەڵام ئەوان نایانەوێت شەڕ بکەن، چونکە کورد برای ئەوان و هەردوولایان چەوسانەوەی زۆرییان بینیوە بەدەست ڕژێمی بەعسەوە، بۆیە پشت بەخوا بەیەکڕیزی ڕووبەڕووی چەکدارانی داعش دەبنەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی‌ ١٢/١١/٢٠١٥ ئاگربەست لە نێوان چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و هێزی‌ پێشمەرگە ڕاگەیاندرا، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاووڵاتییانی‌ ئەو قەزایەدا بەردەوامیی‌ هەبوو و بە تەواوەتی‌ کۆتایی‌ بە شەڕەکە نەهێنرابوو.

هۆکاری‌ گرژییەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕۆژی‌ ١٢/١١/٢٠١٥ ژمارەیەک چەکداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ بە ئۆتۆمبێل بە بازگەیەکی‌ هێزی‌ پێشمەرگەدا تێپەڕیوون و سەرباری‌ ئەوەی‌ ڕانەوەستان تەقەیان لە پێشمەرگەکان کردووە و پێشمەرگەیەک بریندار بووە و دوابەدوای‌ ئەوەش پێشمەرگەکان لێیان هاتوونەتە دەست و سێ چەکداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ کوژراون.

لە دوای‌ ماوەیەکی‌ کورت گرژی‌ و پێکدادان گواسترایەوە بۆ ناو قەزای‌ دووزخورماتوو و لە نێوان بەشێک لە هاووڵاتییان کوردی‌ ئەو قەزایە و بەشێک لە هاووڵاتییە تورکمانەکانی‌ ئەو قەزایەدا پێکهەڵپژان ڕوویدا.

هاوکات چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک لە دوکانی‌ هاووڵاتییانی‌ کورد و دوکانەکانیان ئاگر تێبەرداوە و لە ڕۆژی‌ ١٢/١١/٢٠١٤ەوە ٧٠ هاووڵاتییی‌ قەزای‌ دووزخورماتوویان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

سەرباری‌ ئەوەی‌ لە ماوەی‌ چوار ڕۆژدا سێ ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکان بە ناوبژیوانیی‌ حکومەتی‌ ناوەندیی‌ عێراق و نێردراوی‌ ئێران واژۆکرا، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامییان هەبوو و ڕۆژی‌ ١٥/١١/٢٠١٥ قەناس بە دەستێکی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ تەقەی‌ لە هاووڵاتییان کردبوو و بەهۆی‌ تەقەکردنەکەیەوە مێرد منداڵێکی‌ کوردی‌ لەناو بازاڕی گەڕەکی کۆماری شەهید بوو بوو.