سلێمانی‌..لە شەش مانگدا ١٠٩ ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردا گیراوە
16/11/2015 نوسەر: bzavpress

سلێمانی‌..لە شەش مانگدا ١٠٩ ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردا گیراوە


لیژنەی هاتوچۆی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٣٣٩ سەردان و بەدواداچونی كردووە و لەو ماوەیەدا دەستی بەسەر ١٠٩ ئوتومبێل و ٢١ مۆڵەتی شۆفێریدا گرتووە، لەگەڵ هەڵبژاردنی ٢٤ هێڵی گواستنەوەدا.

جەلال ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی هاتووچۆی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند "ئامانجی لیژنەكە بەدواداچوونە بۆ كێشەو كەموكوڕییەكانی هێڵەكانی گواستنەوە و هەروەها ئەو گرفتانەی كە پەیوەندیان بە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانەوە هەیە، بەمەبەستی ڕێكخستنی زیاتری سیستمی هاتووچۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

سەبارەت بەكاروچالاكیەكانی شەش مانگی ڕابردووی لیژنەكە سەرۆكی لیژنەی هاتووچۆ وتیشی "لە ١-١ بۆ ٣١-٦- ٢٠١٥ كاری ڕێكخستن و هەڵبژاردن بۆ ٢٤ هێڵی ناوخۆ و دەرەوەی شار كراوە.

جەلال ئەحمەد ئەوەشی‌ وت "لەماوەی شەش مانگی رابردوودا بەهۆی سەرپێچیەوە ٩٠ پسوڵەیان بۆ شۆفێران كردووە و بڕی ئەو غەرامەیەش كە لەو ماوەیەدا كراوە چوار ملێون و ٩٠٥ هەزار دینارە".