16/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
سەرۆكایەتی هەرێم:پێویستە كێشەكانی خورماتوو دیالۆگ و لێك تیگەیشتن چارەسەر بكرێن
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆمان لەسەر روداوەكانی خورماتوو، پێویستە دەزگا فەرمی و ئیداری و ئەمنییەكانی شارەكە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی خۆیان ببینن لە كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە و بە بێ جیاوازی سەروماڵی هاووڵاتیان بپارێزن و رێگەی دەستدرێژی بە هیچ لایەك نەدەن.
لە راگەیاندراوێكدا كەوێنەیەكی بۆ بزاڤ پرێس نێردراوە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: "ماوەی چەند رۆژێكە لە شاری خورماتوو پشێوی و ئاڵۆزی دروست بووە و چەندین رووداوی نەخوازراو روویداوە، چەند هاووڵاتیەك لە پێكهاتە جیاوازەكان شەهید كراون و دەستدرێژی بۆ سەر موڵك و ماڵی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە".
ئاماژە بەوەشكراوە: "وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆمان لەسەر ئەم ڕووداوانە، پێویستە دەزگا فەرمی و ئیداری و ئەمنییەكانی شارەكە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی خۆیان ببینن لە كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە و بە بێ جیاوازی سەروماڵی هاووڵاتیان بپارێزن و رێگەی دەستدرێژی بە هیچ لایەك نەدەن، جەخت دەكەینەوە لەسەر پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی گشت پێكهاتەكانی شارەكە".
دەشڵێت: "پێویستە گشت كێشەكان بە رێگای دیالۆگ و لێك تیگەیشتن چارەسەر بكرێن، و هەموو لایەك كار بكەن بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەكە و بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كە دوژمنی هاوبەشی هەموو لایەكە".