بۆ یەکەمجار تەنکەرە نەوتییەکانی داعش کرانە ئامانج
16/11/2015 نوسەر: bzavpress

بۆ یەکەمجار تەنکەرە نەوتییەکانی داعش کرانە ئامانج


بەهۆی سوتاندن و لەناوبردنی کاروانی تەنکەرە نەوتییەکانی داعشەوە، هێرشەکانی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا پەستانێکی زۆریان بۆ سەر رێکخراوەکە دروستکرد و زیانێکی ئابووری زۆریان لێدان.

بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایانکرد، کە ئەمڕۆ دووشەممە 16ی تشرینی دووەم، فڕۆکە جەنگییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، 116 تەنکەری رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان سوتاندووە و ئەمەش بۆ یەکەمجارە کە بەمشێوەیە هێرشبکرێتە سەر سەرچاوە ئابوورییەکانی داعش.

کاروانی تەنکەرەکان، لە نزیک دێرزوری سوریا کراونەتە ئامانج و سوتێنراون، بەپێی سەرچاوەکان، داعش لەم رێگایەوە نەوتی بە قاچاخ فرۆشتووە و مانگانە 40 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت بەدەستهێناوە.

هێرشەکە لەلایەن چوار فڕۆکەی جەنگیی جۆری A-10 ی ئەمریکی و دوو فڕۆکەی جۆری AC-130 یەوە ئەنجامدراون، کە لە بنکەی سەربازیی ئەنجەرلیکی تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش جێگیرکرابوون.