27/08/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەبوبەكر هەڵەدنی بۆ مەلابەختیار:ئهوه ئێوەن دەستان سورە بەخوێنی ڕۆِڵەكانی كورد
لە بەرامبەر هێرشەكانی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ سەر یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و تۆمەتبار كردنی بە كەمتەرخەمی بەرامبەر كوردانی ڕۆژئاوا و لاوازی هەستی نەتەوایەتی، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو ڕایدەگەیەنێت ئەو جۆرە لێدوانەانە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنن و ئەوە ئەوانن دەستیان سورە بە خوێنی ڕۆڵەكانی كورد لە پارچەكانی تری كوردستانن و یەكگرتووی ئیسلامی وەك ئەركی نیشتیمانی خزمەتی ڕۆژئاوا دەكات .
ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی تایبەت بۆ كوردیو ووتی" ئەم جۆرە لێدوانانە بەشێكە لە هەڵمەتێكی پڕوپاگەندە لە دژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیدا بە تایبەت لەگەڵ نزیك بونەوە لە وادەی هەڵبژاردنەكان".
وتیشی" ئەو جۆرە پڕ و پاگەندانە هیچ لەو حەقیقەتە كەم ناكاتەوە كە تاكەكانی ئەم هەرێمە دەزانن كە هەڵوێستەكانی یەكگرتوو لە چڵە پۆپەی نیشتیمانپەروەریدایە و هیچ درێغیەكی نەكردووە لە پشتیوانی كوردنی ڕۆژئاوا هەر لە دەربڕینی پشتیوانی دیپلۆماسی و ماددی و نزیكردنەوەیان لە لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی تری سوریا، ڕاسپاردەكانی خۆمان گەیاندۆتە سەرجەم لایەنەكان و دڵنیامان كردونەتەوە كە ئەو وڵاتە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پێگەی خۆی تاوەكو كێشەی كوردی تێدا چارەسەر نەبێت و قۆناغی سڕینەوەی گەلی كوورد تێپەڕیوە".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو دوپاتی كردەوە" یەكگرتوو لەو ڕۆژانەدا كە بەرگری لە ئازادیەكان كردووە لە وڵاتی میسر لە ڕوانگەی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و بەرگری كردن لە كەرامەتی ئینسانەكان و شەرعیەت، هاوكات لە سلێمانی بە قورساییەكی زۆر و لەسەر ئاستی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی بەشداریمان كرد، بۆیە یەكگرتوو درێغی نەكردووە و دروستكردنی دەوڵەتی كوردی كردۆتەوە ستراتیجی خۆی".
ئەو ئاماژەی بەوە كرد" ئەمانە بەشێكە لە پروپاگەندە دژی یەكگرتوو دەكرێت چونكە كێرڤی جەماوەری لە بەرزبونەوەدایە و هەندێك لایەنی تەنگە تاو كردووە و لەسەر ئاستە نیشتمانیەكانیش شانبەشانی لایەن دڵسۆرزەكان قۆڵی خەباتی لێ هەڵمالێوە".
ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو ووتی: لەسەر ئاستی كوردستانی گەورە یەكگرتوو ڕاسپاردەی لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتی كردووە بۆ یەكخستنەوەی ناوماڵی كورد و لە باكوری كوردستانیش یەكگرتوو متمانە پێكراوی قەندیل و بەدەپە بووە بۆ گەیاندنی پەیامەكانی پەكەكە بە توركیا و هەوڵدانی جدی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە وڵاتەدا كە سوپاس بۆ خوا پێشوەچوونی بەخۆوە بینیوە.
هەروەك لەكوردستانی ڕۆژئاواش هەمیشە داوای لە لایەنەكانی ڕۆژئاوا كردووە ئەزموونی تاڵی شەڕی ناوخۆی كوردستان دوبارە نەكەنەوە، لەبەر ئەوە یەكگرتوو موزایەدە ناكات بە پارچەكانی تری كوردساتان و ئەوەی دەیكات وەك ئەركی نیشتیمانی خۆی سەیری دەكات، ئەوەی لە سێ پارچەكانی تری كوردستان دەستی سورە بە خوێنی ڕۆڵەكانی كورد ، پارتە فەرمانەڕەواكانی كوردستانن كە شەڕی هەموو لایەنە كوردیەكانیان كردووە و بەشێكن لەو برینە قوڵەی لە جەستەی كۆمەڵگەكەماندایە.
جێگای ئاماژە بۆ كردنە لە ساڵانی ڕابردووی هەرێمی كوردستاندا، یەكێتی و پارتی جگە لە شەڕی ناوخۆی نێوانیان وكوشتنی دەیان هەزار ڕۆڵەی هەرێمی كوردستان، چەند جەولەیەكی شەڕيشیان لەگەڵ لایەنە كوردستانیەكانی تری پارچەكانی تری كوردستان بەڕێوە برد و تەنها لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا دەیان ڕۆڵەی كوردی باكور و ڕۆئاوا لەسەر دەستی یەكێتی و پارتی كوژران.
س.كوردیو