قەناس بە دەستەکەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە دووزخورماتوو دەستیگر کرا
15/11/2015 نوسەر: bzavpress

قەناس بە دەستەکەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە دووزخورماتوو دەستیگر کرا


قەناس بە دەستەکەی‌ چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەلایەن هێزەکانی‌ ئاسایش و دژە تیرۆرەوە لە قەزای‌ دووزخورماتوو دەستگیر کرا و بڕی‌ ٢٠ ملیار دیناریش بۆ قەرەبووکردنەوەی‌ هاووڵاتییانیش تەرخانکراوە.

شەلال عەبدول قائیمقامی‌ دووزخورماتوو ئێوارەی‌ ئەمڕۆ ١٥/١١/٢٠١٥  ڕايگەیاند، ئەو قەناس بە دەستەی‌ چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و سێ چکداری‌ دیکە کە تەقەیان لە هاووڵاتییانی‌ دووزخورماتوو دەکرد لەلایەن هێزەکانی‌ ئاسایش و دژە تیرۆرەوە دەستگیرکران".

بەپێی‌ قسەکانی‌ قائیمقامی‌ دووزخورماتوو، ئێستا مەترسی‌ لەسەر ئەو گەڕەکە نەماوە، کە قەناس بەدەستەکە کردبوویە ئامانجی‌ تەقەکانی‌ و شوێنی‌ قەناس بە دەستەکەش بە تەواوەتی‌ تێکدراوە.

شەلال عەبدول ئاماژەی‌ بەوەشکرد، ئێستا هێزێکی‌ زۆری‌ دژە تیرۆر لە ناو دووزخورماتوو دەسوڕێنەوە بۆ هێوکردنەوەی‌ دۆخەکە.

هاوکات بەپێی‌ زانیارییەکانی‌ بزاڤ پرێس بڕی‌ ٢٠ ملیار دیناریش لەلایەن حکومەتی‌ ناوەندەییەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی‌ زیان بەرکەوتوانی‌ گرژییەکانی‌ قەزای‌ دووزخورماتوو تەرخانکراوە.

هەر بەپێی‌ زانیارییەکان ئەو بڕە پارەیە بۆ قەرەبوو کردنەوەی‌ زیان بەرکەوتوانی‌ گرژییەکان دووزخورماتوو کەمە و بڕیاریش لە ماوەی‌ چەند ڕۆژی‌ داهاتوودا بگاتە ئەو قەزایە بە سەر خێزانە زیان بەرکەوتوەکاندا دابەش بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی‌ ١٢/١١/٢٠١٥ ئاگربەست لە نێوان چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و هێزی‌ پێشمەرگە ڕاگەیاندرا، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاووڵاتییانی‌ ئەو قەزایەدا بەردەوامیی‌ هەبوو و بە تەواوەتی‌ کۆتایی‌ بە شەڕەکە نەهێنرابوو.

هۆکاری‌ گرژییەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕۆژی‌ ١٢/١١/٢٠١٥ ژمارەیەک چەکداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ بە ئۆتۆمبێل بە بازگەیەکی‌ هێزی‌ پێشمەرگەدا تێپەڕیوون و سەرباری‌ ئەوەی‌ ڕانەوەستان تەقەیان لە پێشمەرگەکان کردووە و پێشمەرگەیەک بریندار بووە و دوابەدوای‌ ئەوەش پێشمەرگەکان لێیان هاتوونەتە دەست و سێ چەکداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ کوژراون.

لە دوای‌ ماوەیەکی‌ کورت گرژی‌ و پێکدادان گواسترایەوە بۆ ناو قەزای‌ دووزخورماتوو و لە نێوان بەشێک لە هاووڵاتییان کوردی‌ ئەو قەزایە و بەشێک لە هاووڵاتییە تورکمانەکانی‌ ئەو قەزایەدا پێکهەڵپژان ڕوویدا.

هاوکات چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک لە دوکانی‌ هاووڵاتییانی‌ کورد و دوکانەکانیان ئاگر تێبەرداوە و لە ڕۆژی‌ ١٢/١١/٢٠١٤ەوە ٧٠ هاووڵاتییی‌ قەزای‌ دووزخورماتوویان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

سەرباری‌ ئەوەی‌ لە ماوەی‌ چوار ڕۆژدا سێ ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکان بە ناوبژیوانیی‌ حکومەتی‌ ناوەندیی‌ عێراق و نێردراوی‌ ئێران واژۆکرا، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامییان هەبوو و پێش نیوەڕۆی‌ ئەمڕۆش ١٥/١١/٢٠١٥ قەناس بە دەستێکی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ تەقەی‌ لە هاووڵاتییان کردبوو و بەهۆی‌ تەقەکردنەکەیەوە مێرد منداڵێکی‌ کورد شەهید بوو بوو.