جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی: ئەو فێرخوازانەی پشێوییان دروستکرد ساڵێک دووردەخرێنەوە
15/11/2015 نوسەر: bzavpress

جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی: ئەو فێرخوازانەی پشێوییان دروستکرد ساڵێک دووردەخرێنەوە


جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران ڕایگەیاند، ئەو فێرخوازانەی دەستیان هەبوو لە نانەوەی پشێویی لە زانکۆی سلێمانیدا بۆ ساڵێک دووردەخرێنەوە.

ئاراس فەریق جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، "ئەو کێشەکانەی کە فێرخوازان هەیانبووە ناکاتە ئەوەی کە پەلاماری زانکۆ بەیت و زیانی پێبگەیەنیت".

هەروەها وتیشی "ئەو فێرخوازانەی بوونە هۆی پشێویی لە زانکۆدا، لە کامێری چاودێریدا دەرچوون و لانی کەم ساڵێک دووردەخرینەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو فێرخوازانە شکۆی زانکۆیان شکاندووە و دەروازەی زانکۆیان تێکداوە کە یەکێک بووە لە سیما جوانەکانی شاری سلێمانی.بەهۆی‌ کەمی‌ خزمەتگوزاری‌ لەبەشە ناوخۆییەکانیان، بەشێک لە فێرخوازانی زانکۆی‌ سلێمانی‌ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دواتر گرژی‌ لێکەوتەوە و بەو هۆیەشەوە دەوامی‌ زانکۆ بۆ کاتێکی‌ نادیار ڕاگیرا.

ئاراس فەریق وتیشی "سەرۆکایەتی‌ و ئەنجومەنی‌ زانکۆ بڕیارییاندا بە پێی‌ ڕێنماییەکانی‌ ڕێکاری‌ خوێندکاران، لەماددەی‌ ٥ و لە بڕگەی‌ ٥ی‌ ساڵی‌ ٢٠٠٩ی‌ ژمارە ١، ئەو خوێندکارانە بۆ ماوەی‌ ساڵێک دوور دەخرێنەوە و لەگەڵ دادوەر و داواکاری‌ گشتیش قسەمان کردووە، سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین بۆ ئەوەی‌ قەرەبووی‌ ماددی‌ زانکۆ بکەنەوە چونکە زیانیان زۆرییان لە ڕووی‌ ماددی‌ و مەعنەوییەوە بە زانکۆ گەیاندووە".

لەبارەی‌ داواکاری‌ فێرخوازانەوە، د. ئاراس فەریق زەینەڵ ئەوەشی‌ وت "نوێنەری‌ خوێندکاران داواکارییان بە ئێمە نەگەیاندووە، ئەگەر بابەتی‌ دەرماڵە بێت ئەوە دەرماڵەمان بۆ ئامادە کردوون و ئەمڕۆ پێیان دەدرێت، هەموو شەوێکیش ئاوی‌ گەرم و کارەبایان هەبووە، بۆیە ئەوەی‌ کردویانە تەنها بیانووە، ئەم بیانوانەش نابێتەهۆی‌ ئەوەی‌ بەو شێوە لە زانکۆ بکەیت".

ناوبراو ئەوەشی‌ وت "دەرماڵەی‌ خوێندکارانی‌ زانکۆی‌ سلێمانی‌ یەک ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینارە، چونکە زیاتر لە ٢٢ هەزار خوێندکارمان هەیە".

دەربارەی‌ شوێنی‌ ئۆتۆمبیلی‌ فێرخوازان، جێگری‌ سەرۆکی‌ زانکۆی‌ سلێمانی‌ بۆ کاروباری‌ خوێندکاران وتیشی‌ "ئێمە سێ پارکمان دروستکردووە بۆ ڕاگرتنی‌ ئۆتۆمبیلی‌ خوێندکاران و بەیانیانیش ١٦ پاس لە هەردوو پرسگەکەیە، بۆ نیوەڕوانیش هەشت پاسمان بۆ داناون".