پلاتفۆرمی هۆرام: شه‌نگال بوو به‌ هه‌وێنی نه‌ته‌وه‌یی کوردان
14/11/2015 نوسەر: bzavpress

پلاتفۆرمی هۆرام: شه‌نگال بوو به‌ هه‌وێنی نه‌ته‌وه‌یی کوردان

پلاتفۆرمی هۆرام له‌ په‌یامێکدا رزگارکردنی شه‌نگال و سه‌رکه‌وتنی به‌رخۆدانه‌کان پیرۆز ده‌کات و ده‌شڵێت:" ژنی کورد ئەمڕۆ لە شەنگال بە بەشداری خۆی و شەڕ لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا، جگە لەوه‌ی شەرەفی هەموو ژنێکی زۆڵم لێکراویان لە جیهان پاراست، شەره‌ف و ناموسی کوردیشیان لە دوژمنان سەندەوە".
له‌ په‌یامه‌که‌یدا پلاتفۆرمی هۆرام ده‌ڵێت:" ساڵ و نیوێک لەمەو پێش لە بەر نەبوونی هێزێکی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان، بە تایبەت کەمته‌رخەمی هێزی زێرەڤانی پارتی کە پاراستنی ناوچەکانی ئیزیدیەکانیان لە ئەستۆ بوو، لە بەر دەرچوون و بە تەنیا هێشتنەوەی خەڵکی ، نزیکەی ١٢٠هەزار کەس ئاوارە ، ٥٠٠٠ کەس کۆمەڵکۆژ و زیاتر لە ٣٠٠٠ ژن رفێنران و دەستدرێژیان کرایە سەر، پاشان لە ناوچەکانی ژێڕ دەسەلاتی دوڵەتی ئیسلامی داعش وەک کۆیلە بە وڵاتە عەرەبەکان فرۆشران".
ده‌شڵێت:" نەبوونی هێزێکی یەکگرتوو لە باشوور بوو بە هۆکاری ٧٣هەمین هێرشی کەلتووری، سیاسی و چەکدارانە لە سەر بەشێکی گرنگ لە نەتەوەکەمان، بەشێک کە خاوەنی تایبەتمەندی زمانی ، کەلتووری و ئایینی خۆیانن و وەک ئیزیدی دەناسرێن، گەر هەڵمەتی بە جێگای هێزەکانی هەپەگە و یەپەژە نەبوایە کارەساتێکی مەزنی ئینسانی  تووشی گەلی ئیزیدیمان لە شەنگال دەبویەوە".  
هەر وەها پلاتفۆرمی هۆرام ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات:" نزیکەی ساڵێک لەمەو پێش بە ئامانجی رزگار کردنی شەنگال  بە هاوکاری زۆربەی لایانە کوردیەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان پلانێکی هاو بەش بە بەشداری هێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال ، پاراستنی گەل ، یەپەژە ، یەپەگە، یەژاستار ، یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێشمەرگە خرایە به‌رنامەوە، خۆشبەختانە شەنگال لە ١٣/١١/٢٠١٥ بە تەواوی تارای رەشی داعشی لە سەر لادرا و خۆری ئازادی لە رۆحی مەلەک تاوسدا رەشی و پیسی ٧٣ هەمین هێرشی نامرۆڤانەی لە سەر گەلەکەمان و وڵاتی خۆر پاک کردەوە". 
پلاتفۆرمی هۆرام ده‌شڵێت:" ئێمە وەکو پلاتفۆرمی هۆرام ئەم سەرکەوتنە بە سەرکەوتنی هەموو ئازادیخوازانی جیهان و وڵاتپارێزانی نەتەوەکەمان دەزانین، تراژیدیای شەنگال گەرچی کارەساتێکی تاڵ و ناخۆش لە مێژووی سەردەمدا بۆ ئێمەی کورد بوو، لە لایەکی دیکەیشەوە  بوو بە هەوێنی یەکێتی نەتەوەیی کوردان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان".
پلاتفۆرمی هۆرام، ئەم سەرکەوتنە تەنیا بە رزگار کردنی بەشێک لە خاکی وڵات نابینێت، به‌ڵکو ده‌ڵێت:" ئەم سەرکەوتنە وەک یەکەمین هەنگاو بۆ  تێکشکاندنی مێژوویەکی ٥٠٠٠ کۆیلایەتی ژنانی کورد، هەروەها پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەها بە نرخەکانی نەتەوەکەمان دەبینین، هەر کات کە نەتەوەکەمان توشی هێرش و قەیران بوبێتەوە ژنان یەکەمین قوربانی ئەو قەیرانانە بوون، بەلام لە دوای کۆبانێ ، ژنی کورد نە تەنیا بوو بە رەمزی سەرکەوتن لە جیهاندا، ئەمڕۆش لە شەنگال بە بەشداری خۆی و شەر لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا، جگە لەوه‌ی شەرەفی هەموو ژنێکی زۆڵم لێکراویان لە جیهان پاراست، شەروف و ناموسی کوردیشیان لە دۆژمنان سەندەوە.