شێخ جەعفەر: بە توندترین شێوە وەڵامی حەشدی شەعبی دەدەینەوە
13/11/2015 نوسەر: bzavpress

شێخ جەعفەر: بە توندترین شێوە وەڵامی حەشدی شەعبی دەدەینەوە

فەرماندەی یەکەی ٧٠ـی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەڕەشە لە چەکدارانی حەشدی شەعبی دەکات و رایدەگەیەنێت، بە تووندترین شێوە وەڵامیان دەدەنەوە.
 
ماوەی دوو رۆژە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە مەزهەب لە قەزای دووزخورماتوو هەڕەشە لە پێشمەرگە و کوردەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن و شەڕ دروستبووە.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ـی هێزەکانی پێشمەرگە و وەزیری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە "کەڵەگایی لەکەس قبول ناکەین".
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا هەروەها رایگەیاندووە، کە هیچ تەحەدا و ستەمێک لەسەر کورد لە هیچ لایەک قبووڵ ناکەن.
 
فەرماندەی یەکەی ٧٠ـی هێزەکانی پێشمەرگە هەڕەشە لەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبیش دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ناچارمان بکەن، شەڕ دەکەین و ئەوانیش وەک دوژمن سەیردەکەین و بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە".
 
دوای داگیرکردنی موسڵ و بەشێکی پارێزگاکانی نێوەڕاستی عێراق لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، ئەو میلیشیایانە بە فەرمانی مەرجەعە باڵاکانی شیعە دروستکران و رۆڵی هێزی فەرمیی عێراق دەبینن.