لە دووزخورماتوو هاتووچۆکردن قەدەغە کرا
13/11/2015 نوسەر: bzavpress

لە دووزخورماتوو هاتووچۆکردن قەدەغە کرا


لە دوای‌ ئەوەی‌ لایەنەکان لە دووزخورماتوو ڕێککەوتن، بڕیادرا ئەمشەو هاتوچۆکردن لەو قەزایە قەدەغە بکرێت.

سەرچاوەیەك لە دووزخورماتوو بە بزاڤ پرێسی‌ ڕاگەیاند، بڕیاری‌ قەدەغەکردنی‌ هاتووچۆ لە قەزای‌ دووزخورماتوو تاوەکو سبەێنی‌ ١٤/١١/٢٠١٥ بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی‌ بەوەشکرد، بڕیاری‌ قەدەغەکردنی‌ هاتووچۆ لە قەزای‌ دووزخورماتوو لە کۆبوونەوەی‌ ئەمڕۆی‌ ١٣/١١/٢٠١٥ لە نێوان لایەنەکاندا دەرکراوە.

ئەمڕۆ لایەنەکان بە نێوەندگیریی‌ وەفدێکی‌ ئێرانی‌ لە دووزخورماتوو لە کۆبوونەوەدا بوون و ئێوارەی‌ ئەمڕۆش لەسەر ئەوە ڕێککەوتن شەڕ ڕابگرن و کەسە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن و زیان بەرکەوتوانیش قەرەبوو بکەنەوە.

وەفدەکەی‌ ئێران بە سەرۆکایەتیی‌ کەسێک بە ناوی‌ ئاغای‌ ئیقباڵی‌ لەکۆبوونەوەدا بوو لەگەڵ لایەنەکاندا.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ ١٢/١١/٢٠١٥ ئاگربەست لە نێوان چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و هێزی‌ پێشمەرگە ڕاگەیاندرا، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاووڵاتییانی‌ ئەو قەزایەدا بەردەوامیی‌ هەبوو و بە تەواوەتی‌ کۆتایی‌ بە شەڕەکە نەهێنرابوو.

هۆکاری‌ گرژییەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دوێنێ ژمارەیەک چەکداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ بە ئۆتۆمبێل بە بازگەیەکی‌ هێزی‌ پێشمەرگەدا تێپەڕیوون و سەرباری‌ ئەوەی‌ ڕانەوەستان تەقەیان لە پێشمەرگەکان کردووە و پێشمەرگەیەک بریندار بووە و دوابەدوای‌ ئەوەش پێشمەرگە لێیان هاتوونەتە دەست و سێ چەکداری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ کوژراون.

لە دوای‌ ماوەیەکی‌ کورت گرژی‌ و پێکدادان گواسترایەوە بۆ ناو قەزای‌ دووزخورماتوو و لە نێوان بەشێک لە هاووڵاتییان کوردی‌ ئەو قەزایە و بەشێک لە هاووڵاتییە تورکمانەکانی‌ ئەو قەزایەدا پێکهەڵپژان ڕوویدا.

هاوکات چەکدارەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک لە دوکانی‌ هاووڵاتییانی‌ کورد و دوکانەکانیان ئاگر تێبەرداوە و لە دوێنێوە ٧٠ هاووڵاتییی‌ قەزای‌ دووزخورماتوویان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.