مەکتەبی سیاسی یەکێتی: داوادەکەین ئازادکرنی شەنگال نەکرێت بە دەستکەوتی حزبی
13/11/2015 نوسەر: bzavpress

مەکتەبی سیاسی یەکێتی: داوادەکەین ئازادکرنی شەنگال نەکرێت بە دەستکەوتی حزبی


مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شەنگال بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوادەکەن ئازادکرنی شەنگال نەکرێت بە دەستکەوتی حزبی.

لەو ڕاگەیەندراوەدا كە كۆپييەكى دەست بزاڤ پرێس كەوتووە،هاتووە "شەنگال، بەشێکى دانەبڕاوى باشورى کوردستانە. لەپێناوى ئازادکردنیدا، لەسەدەى ڕابردووەوە، قوربانیەکى بێشومار دراوە، هەرلایەک، هاوکارى خەڵکى ئێزیدى و پێشمەرگەى کردبێ، دەبێ رێزیان لێبگیرێ و پێیانبزانرێت و لەکاتى پێویستیشدا، هاوکاریش بکرێن. بۆیە، داوامان وایە، پەیوەندى نێوان هێزى پێشمەرگە و شەرڤان و گەریلا، لەئاستى خوێنى پێکەوە ڕژاویان لەسەنگەرەکاندا بێ. سەرکەوتنەکان بەشانازى نەتەوەیى بزانرێ، نەک بە دەستکەوتى حیزبى و ئایدیۆلۆژى".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەی یەکێتیدا هاتووە "کاتى چارەسەرکردنى ئەم کێشەیەش لەهەموو بارێکەوە هاتوەو پێویستە بەگشتى، لەناو سەرجەم لایەنەکاندا، چارەسەرى گونجاوى بۆ بدۆزینەوەو چارەسەرەکەش بکەینە مژدەیەکى ترى سەرکەوتنى سیاسى و یاسایى، هەتا پێکەوە، سەرکەوتنە عەسکەریەکان بە سەرکەوتنى سیاسى و یاسایى، بچەسپێنین و ئەزمونەکەشمان بۆ قۆناغى باڵاى دەستوریى بگوازینەوە. بەبێ چارەسەرى کێشە سیاسى و یاساییەکانیش، نیگەرانیەکان لەناو گەلەکەماندا، هەر دەمێنن و رەنگیشە، ڕووداوى خراپیشیان لێبکەوێتەوە. ئەمەش لەقازانجى دوژمنانە".

دەقی ڕاگەیەندراوەکەى مەكتەبى سياسى يەكێتى:-

پیرۆزبایى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان

لە پێشمەرگەو هاوسەنگەرەکانیان و هاوپەیمانان

بەبۆنەى ئازادکردنى شەنگالەوە

هێزى پێشمەرگەى قارەمان !

ئیزیدیە ستەملێکراوەکان !

کەسوکارى شەهیدان !

 لەدوێنێوە (12-13/11/2015) بەهەڵمەتى قارەمانانەى هێزى پیشمەرگەو هاوسەنگەرەکانیان لە گەریلاو شەرڤانان، بەپشتیوانى بێ درێغى هێزى ئاسمانى هاوپەیمانان، رۆژێکى سەرکەوتنى مێژوویى بۆ نەتەوەى کوردو ئیزیدیەکان و ئازادیخوازان، دژى سەلەفییە رەشەکورەکان، تۆمار دەکرێ.

بۆ دوو ساڵ دەچوو، ویژدانى نەتەوەى کوردو دۆستەکانى، ژانى رۆژمێرى رەشەکوژى دەژمارد. بەڵام ئەو مرۆڤکوژانە، بەرگەى هەڵمەتى دوو رۆژى قارەمانانى کوردو کوردستانیان نەگرت. بەم سەرکەوتنەش، نەتەوەى کورد، لەمێژووى نوێى خۆیدا، بۆ یەکەمین جارە لەم دوو ساڵەى سەرهەڵدانى داعشدا، سەلماندى کە چیکە رێگە نادات، وەکو سەدەکانى رابوردوو، سەرکەوتنى دوژمنانى درێژەبکێشآ و تۆڵەى خاک و خەڵک و مافە زەوتکراوەکانى، زوو دەسەنێتەوە. بەم سەرکەوتنە گەورەیەش، جگەلەوەى شەنگال ئازادکرا، ناوچەیەکى جوگرافى- سیاسى- چارەنوسازى عەسکەریش لەدەست تیرۆریستەکان نەما، کاریگەرى لەسەر کۆى نەخشە عەسکەریەکان لەعێراق و سوریادا دەبآ و ئیتر تواناى لۆجستى داعشەکان تێکدەچێ.

 گەلى کۆڵنەدەرى کوردستان !

 مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لەکاتێکدا پیرۆزبایى گەرمى ئاڕاستەى تەواوى فەرماندەو پێشمەرگەکانى کوردستان دەکات، کە هێزى سەرەکى ئازادکردنى شەنگال و دەوروبەرى بون، لەهەمانکاتدا، بەئەمەکەوە، دەڕوانینە رۆڵى شەرڤانان کە لەرۆژى یەکەمى داگیرکردنى شەنگالەوە، گیانیان بەخت دەکرد، هەتا دەیان هەزار ئێزیدى گەمارۆدراوى چیاى شەنگال بەهاوکارى پیشمەرگە رزگار بکەن و کردیشیان. هەروەها، سوپاسى گەریلاکانیش دەکەین کە ئەمانیش، ئەرکى شەرەفمەندانەى نەتەوایەتییان لەم دەڤەرەدا راپەڕاندووە. ئەوەى لەم رووداوانەدا، لەم ساڵانەدا جێگەى بایەخەو دەشبێ بکرێتە سەرمەشقى خەباتى ئازادى، ئەوەیە کە:

کاتێک کۆبانى گەمارۆدەدرێ، هێزى پێشمەرگەى باشورى کوردستان بەهانایانەوە دەچآ و لەئاسمانیشەوە، کۆمەکى هێزى دژە تیرۆرو پێشمەرگە فریایان دەکەوێ. کاتێک، شەنگالیش داگیردەکرآ، سەرەتا شەرڤانان شێرانە لە چیاى شەنگال رێڕەوێک بۆ دەربازبونى ئێزیدیەکان دەکەنەوە، ئینجا گەریلا فریادەکەوێ و پێشمەرگەش خۆى رێکدەخاتەوەو بەنداوى موسڵ رزگاردەکات و هەموان پێکەوە، خۆیان بۆ رزگارى شەنگال و دەوروبەرى ئامادە دەکەن. ئەم کۆڵنەدان و هەوڵ و هەڵمەتانە تێکڕا، لەلایەن هێزى پێشمەرگەو هاوسەنگەرەکانیانەوە، کارى مێژوویى دەگمەنن و لەویژدانى نەتەوەکەماندا، زیندوو دەمێننەوە. کەوابێ: دەمێنێتەوە دواى ئەم سەرکەوتنانە، بەروبومەکەى بچنینەوە کە بە راى یەکێتى، ئەمەى خوارەوەیە:

 یەکەم

چارەسەرکردنى ناکۆکى هێزەکان

شەنگال، بەشێکى دانەبڕاوى باشورى کوردستانە. لەپێناوى ئازادکردنیدا، لەسەدەى رابوردوەوە، قوربانیەکى بێشومار دراوە، هەرلایەک، هاوکارى خەڵکى ئێزیدى و پێشمەرگەى کردبێ، دەبێ رێزیان لێبگیرێ و پێیانبزانرێ و لەکاتى پێویستیشدا، هاوکاریش بکرێن. بۆیە، داوامان وایە، پەیوەندى نێوان هێزى پێشمەرگەو شەرڤان و گەریلا، لەئاستى خوێنى پێکەوەرژاویان لەسەنگەرەکاندا بێ. سەرکەوتنەکان بەشانازى نەتەوەیى بزانرێ، نەک بە دەستکەوتى حیزبى و ئایدیۆلۆژى.

 دووەم

چارەسەرى ریشەیى کێشەى شەنگال

شەنگال و ئێزیدیەکان، سەدان ساڵە "فەرمان"یان دژ دەدرێ. بەشى زۆرى فەرمانەکان لەلایەن شۆڤێنییە عەرەبەکانەوە لەسەدەى ناوەڕاستەوە هەتا سەدەى بیستەمى دەسەڵاتى فاشى بەعسى عەرەبى، دراوون. داعشەکان، دوا میراتگرى سەلەفیەت و شۆڤێنیەتى ناوچەکەن. بۆیە، هیچ بیانویەک بەدەست حکومەتى بەغدادو دەسەڵاتدارانى پارێزگاى موسڵەوە نەماوە، هەتا هەتایە، کێشەى ئەم ناوچەیە چارەسەر نەکرێ، کە ئەوەش تەنها بەوە دەکرآ مادەى (140)ى دەستور، لە ناوچەکانى شەنگال و زۆرینە کوردنشینەکان، جێبەجێ بکرێ و شەنگالیش بکرێتە پارێزگایەکى کوردستانى. روداوەکان هەموو بیانویەکى لەمێژینەى داگیرکاریان نەهێشتووە، کاتى چارەسەرى کێشە لەمێژینەکانە، نەک کێشە داتاتشینى نوێ!

حکومەتى کوردستانیش، دەستبەجێ، خۆى و لەرێگەى وڵاتان و خێرخوازانەوە، دەبێ پرۆژەیەکى ستراتیژى ئاوەدانکردنەوەى شەنگال و تەواوى دەڤەرەکە، بکاتە بەرپرسیارێتى نەتەوەیى و ئازادى و پێکەوەژیان. نابآ بیرمان بچێتەوە، ئێزیدى برینیان قوڵە!

 سێهەم

شەڕى فراوانى داعش

حکومەتى ناوەندى عێراق، دەبێ دڵنیابێ کە، چارەسەرکردنى کێشەى سیاسى، دەستورى، ئابورى عێراق و پەیوەندى عێراق بە باشورى کوردستانەوە، بە کێشەى نەوت و بودجەشەوە، یارمەتیدەرى کاریگەرە بۆ لەناوبردنى داعش و داعش ئاساکان. بۆئەوەى سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە لە کەرکوک، خانەقین، مەخمورو ئێستاش لە شەنگال، لەسەرانسەرى عێراقدا، لە رومادى و سەلاحەدین و موسڵیش، بەزووترین کات پێکەوە بهێنینەدى، پێویستە بەدەست وبرد، حکومەتى هەرێم و ناوەند، هەروا هێزە عێراقى و کوردستانیەکان، بێ درێغ بکەوینە کار بۆ دەستپێکردنى گفتوگۆیەکى هەمەلایەنەى چارەسەرکردنى کێشەکان، بە کێشەى دەستورو مادەى (140)یشەوە. دەرکەوت هەتا کات بەفیڕۆ بدرێ لە چارەسەرکردنى کێشەکاندا، دوژمنانى عێراقى فیدراڵ، سودى لێوەردەگرن.

 چوارەم

چارەسەرى کێشەکانى باشورى کوردستان

باشورى کوردستان، بەم سەرکەوتنانەى بەسەر داعشدا بەدیهاتون، ساڵیک زیاترە، بۆتە جێگەى متمانەى هێزە گەورەکانى جیهان. ئەم متمانەیەش، بە چارەسەرکردنى کێشە ناوخۆییەکانى، بە کێشەى سەرۆکایەتى هەرێمیشەوە، زیاتر دەکات. ئەم ئەرکەش هێندە لاى گەورە وڵاتان بایەخى هەیە رۆژى (12/11/2015) ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، بەتەواوى ئەندامانیەوە، گفتوگۆیان لەسەر کردووەو رایانسپارد کە دەبێ کێشەى سەرۆکایەتى هەرێم، دیموکراسیانە چارەسەر بکرێ. کەوابێ: کاتى چارەسەرکردنى ئەم کێشەیەش لەهەموو بارێکەوە هاتوەو پێویستە بەگشتى، لەناو سەرجەم لایەنەکاندا، چارەسەرى گونجاوى بۆ بدۆزینەوەو چارەسەرەکەش بکەینە مژدەیەکى ترى سەرکەوتنى سیاسى و یاسایى، هەتا پێکەوە، سەرکەوتنە عەسکەریەکان بە سەرکەوتنى سیاسى و یاسایى، بچەسپێنین و ئەزمونەکەشمان بۆ قۆناغى باڵاى دەستوریى بگوازینەوە. بەبێ چارەسەرى کێشە سیاسى و یاساییەکانیش، نیگەرانیەکان لەناو گەلەکەماندا، هەر دەمێنن و رەنگیشە، رووداوى خراپیشیان لێبکەوێتەوە. ئەمەش لەقازانجى دوژمنانە.

دەمێنێتەوە، لەکۆتاییدا، بەڕاشکاوى بڵێین:

لەم سەرکەوتنەى شەنگالدا، هێزى ئاسمانى هاوپەیمانان و پسپۆڕە عەسکەریەکانیان، پشتیوانى بێ درێغى گەلەکەمان و هێزى پێشمەرگەو گەریلاو شەرڤانان بون، چ لە شەنگال و چ لە رۆژئاواى کوردستان و کوبانیشدا. پێشتریش لەپارێزگاى کەرکوکدا. یەکێتیى نیشتمانی، لەکاتێکدا سوپاسى بێسنوریان دەکات، هەروەها سوپاسى هەموو لایەکى تر کە لەم شەڕى مان و نەمانەدا، لە مەخمورو خانەقین و دوزخورماتودا، هاوکارییان کردین، دەکات. لەهەمانکاتدا، بە شیاوى هاوکێشەکانى دەزانین جەخت بکەینەوە کە:

نەتەوەى کوردو هێزە ئازادیخوازەکانى، لەپێناوى رزگارى و دیموکراسیدا لەمێژە قوربانى دەدەن. بۆیە، ئومێدەوارین، لەلایەکەوە، لەهەموو بەشەکانى کوردستاندا، هێزە کوردستانیەکان کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن و بەهێزى یەکگرتوەوە لەگەڵ حکومەتەکان و دەوڵەتە گەورەکان بکەونە گفتوگۆ بۆ سەلماندنى مافە دیموکراسیەکانمان. لەلایەکى تریشەوە، داوا دەکەین کە دەوڵەتە گەورەکان، وەکو هێزى یەدەکى شەڕ دژى داعش و تیرۆریستان، نەڕواننە خەباتى کوردایەتى. چونکە ئەو تێڕوانینە، پاشماوەى تێڕوانینى سایکس پیکۆو رێکەوتنامەى 6/ى شومى جەزائیرە. گرنگە بەلامانەوە، لە کۆبونەوە باڵاکانى (جنێف) و (ڤیەننا)و (مۆسکۆ)و (نەتەوە یەکگرتوەکان)یشدا، پێچەوانەى رێکەوتنە نێودەوڵەتى و هەرێمایەتیەکانى سەدەى نۆزدەهەم و بیستەم، کە هەمیشە نەتەوەى کورد، کراوەتە قوربانى بەرژەوەندیەکان، لەم سەردەمەدا، وردتر رەچاوى مافى دیموکراسى راستەقینەى کوردستان بکرێ. لەچاوى حکومەتە ئیقلیمیەکانەوە سەیرى چۆنیەتى چارەسەرکردنى کێشەى کوردستان نەکرێ. چونکە ئەو سەیرکردنانە، تەنها داعش و کارەسات بەرهەمدێنآ. ئاشکراشە کە نەتەوەى کورد، لەسەرانسەرى کوردستاندا، دەستەبەرێکى گرنگى ئاشتى و ئاشتەوایى رۆژهەڵاتى ناوەراستە. نەتەوەیەکى ئامادەشە بۆ بەدیهێنانى دیموکراسى و ئازادى و نوێگەرى.

 - هەزاران سڵاو لە نەمران.

- سڵاو لە پێشمەرگەو هاوسەنگەرەکانیان.

- سڵاو، لە فڕۆکەوانە داعش بەزێنەکانى هاوپەیمانان.

مەکتەبى سیاسى

یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان

 

13/11/2015