ئەحمەدی حاجی ڕەشید: هەرێم نە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەغدا نە دەشتوانێت
13/11/2015 نوسەر: bzavpress

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: هەرێم نە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەغدا نە دەشتوانێت


بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەرێم نەدەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەغدا نە گرێبەستە نەوتییە سەربەخۆکانیشی ڕێگای پێدەدەن بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا لە فەیسبووک ڕایگەیاندووە " هەرێم ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەغدا چونکە لەڕووی فەنیەوە هەرێم چوتە ناوپرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوت کە هەر پاشگەزبونەوەیەک بە ملیۆنەها دۆلار غەرامە دەکرێت و گرێبەستەکانیشی بەسەردا دەسەپێننەوە".

لە درێژەی نوسینەکەدا هاتووە " ئەو نەوتەی هەرێم بەرهەمی دەهێنیت ۱٠٪ وەک نەوتی رەیع بۆ هەرێم دەبێت و ئەوەی دەمێنێتەوە کە دەکاتە ۹٠٪ دابەش دەکرێت بە ٤٠٪ نەوتی کولفە بۆ کۆمپانیاکە دەبیت لەبری ئەوسەرمایەی کە خەرجی کردوە و ٦٠٪ بۆ نەوتی قازانج دەبێت کە هەردولا هاوبەش دەبن تێدا واتە هەرێم و کۆمپانیاکان بۆیە هەرێم ناتوانێت لەیەک کاتدا نەوتی کولفە بدات بەکۆمپانیاکان و بڕی ٥٥٠٠٠٠ بەرمیل نەوتیش ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و نیوەی پارەکەشی بۆ بگەڕێتەوە".

بڕیار دەری لیژنەی دارایی وتوشیەتی "بەبڕوای من هەرێم لەبەر ئەم هۆکارە زۆر سادەو ساکارە نەدەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەغداد ونە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەغدادچونکە هەرێم وەک عەرەب دەڵێن وەک (بلاع الموس) واتە گۆێزان قوتدانی لێبەسەر هاتوە نە دەتوانێت قوتی بدات ونەدەتوانیت دەری بهێنێتەوە".

وابڕیارە وەفدێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ناوەندییدا تاوتوێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بکەن و هەروها باس لە پرسی جۆری فرۆشتنی نەوتی هەرێم بکەن.