12/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
بارزانی ڕاگەیەندراوێکی سەربازی بڵاوکردەوە
مهسعوود بارزانی ڕاگەیەندراوێکی سەربازی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ٧٥% ئۆپەراسیۆنی شەنگال سەرکەوتوو بووە.
لە ڕاگەیەندراوە سەربازییەکەی بارزانیدا کە لە ١٩ ی ئابەوە بۆچوونی جیاواز سەبارت بە پۆستەکەی هەیە، هاتووە "لەم ئۆپەراسیۆنەدا تیرۆریستانی داعش تووشی شكستێكی گەورە هاتن و زیاتر لە سەد لاشەیان لەدوای خۆیان جێهێشت و دەیان ئۆتۆمۆبێلی سەربازییان تێكشكێندران. لە یەكەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی دەڤەری شنگالدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەركەوتوویی ئامانجەكانی خۆی بەدەستهێنا و ٧٥% ی ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتوویی كۆتایی هاتووە".
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە "لە ئەنجامی هەڵمەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممە و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگالدا، زیاتر لە ١٥٠ كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی پیرۆزی كوردستان لە تیرۆریستانی داعش پاككرایەوە و پێشمەرگە لە پێشڕەوییەكانی بەردەوامە و چاوەڕێی تیمە ئەندازەییەكانی تایبەت بە پووچەڵكردنەوەی مینی چێندراو و تەقەمەنین بۆ ئەوەی ناو شاری شنگال خاوێن بكرێتەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەشدا بارزانی پیرۆزبایی سەرکەوتنەکە لە گەلی كوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و ئێزدییەکان دەکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠١٥/١١/١٢ بە بەشداری حەوت هەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شەنگال دەستیپێکرد.
هاوکات ئۆپراسیۆنەکە بە هاوکاری هێرشی ئاسمانیی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئەنجام دەدرێت.
شەنگال دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا و ١٤٠ كیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە و هەڵکەوتەکەشی لە نێوان سنووری سووریا و عێراق دایە.
چەکدارانی داعش لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ شاری موسڵیان کۆنترۆڵکرد. دوابەدوای کۆنترۆڵ کردنی موسڵ لە سێی ئابی ٢٠١٤ دا هێرشیان کردە سەر شەنگال.
لە هێرشی چەکدارەکانی داعش بۆ سەر شەنگال ئەو چەکدارانە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی ئێزیدییان کۆمەڵکوژ کرد و زیاتریش لە پێنج هەزار هاووڵاتیی ئێزیدییان فڕاند، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
چەکدارەکانی داعش توندوتیژیی زۆریان بەرامبەر بە هاووڵاتییە فڕێندراوە ئێزدییەکان ئەنجامداوە و لە بازاڕەکاندا بازرگانییان پێوەکردوون و وەک سەبایا و غەنیمە مامەڵەیان لەگەڵ کردوون.
پەلاماری چەکدارەکانی داعش بۆ سەر شەنگال بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ئێزیدی. ئێزیدییەکان پەنایان بردە چیای شەنگال و لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و یەبەشەوە سێ ڕێڕەوی ئارام بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئێزیدی بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە و زیاتر لە ١٣٠ هەزار هاووڵاتییان گواستەوە بۆ ناوچە ئارامەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
بەشێکی زۆر لەو هاووڵاتییە ئاوارە ئێزدییانە لە دوای حەوانەوەیان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گەڕانەوە بۆ باشووری کوردستان. هێزی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی هاوکاریی مرۆیدا و لە ڕێگەی فڕۆکە و کۆپتەرەوە لە ئاسمانەوە خواردەمەنییان گەیاندە ئاوارە ئێزدییەکانی چیای شەنگال.
هێزەکانی یەگەپە و یەبەشە پێکەوە بەرەنگاریی چەکدارەکانی داعشیان کرد تاوەکو ڕۆژی ١٨ ی شوباتی ٢٠١٥ هێزەکانی پێشمەرگە و یەپەگە بە هەمانگی کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەکانی سەر بە شەنگالیان کرد.