بزاڤ پرێس كات و شوێنى بەستنی‌ كۆنفڕانسی ئاشتی‌ لەهەڵەبجە بڵاودەكاتەوە
10/11/2015 نوسەر: bzavpress

بزاڤ پرێس كات و شوێنى بەستنی‌ كۆنفڕانسی ئاشتی‌ لەهەڵەبجە بڵاودەكاتەوە


بەمەبەستی‌ ئامادەكردنی‌ كۆمەڵە ڕاسپاردەیەك بەناوی‌ گرووپەكانی‌ ئاشتی‌ یەوە بۆ لایەنەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان و هەوڵێكی‌ میانگیری‌ بدرێت بۆ ئاشتەوایی‌ لەكوردستان و تێپەڕاندنی‌ قەیرانەكانی‌ هەرێم، لە پارێزگای‌ هەڵەبجە كۆنفڕانسی ئاشتی‌ دەبەسترێت و بەوبۆنەیەشەوە لیژنەیەك بۆ بەستنی‌ ئەو كۆنپێك هێنرا.

عەدنان نووری‌ ئەندامی‌ لیژنەكە بە بزاڤ پرێسی‌ ڕاگەیاند:بڕیارە لەسەرەتای‌ هەفتەی‌ داهاتوو بەسەر پەرشتی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە كۆنفڕانسێكی ئاشتی‌ ئەنجام بدرێت لەلایەن كۆمیتەی‌ ئاشتی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە و گرووپی‌ دەست پێشخەری‌ ئاشتی‌ كۆمەڵایەتی‌ كەتیایدا چەندین كەسایەتی‌ سیاسی‌ و ڕۆشنبیری‌ و كۆمەڵایەتی‌ لە سەرجەم پارێزگاكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەشداری‌ ئەو كۆنفڕانسه‌ دەكەن.

وتیشی‌: ئامانجی‌ بەستنی‌ كۆنفڕانسه‌كه‌ پاراستنی‌ ئاشتەوایی‌ نیشتیمانیی‌ و هەوڵدانە بۆ پاراستنی‌ نێو ماڵی‌ كورد و بەنیشتیمانی‌ كردنی‌ هەوڵەكانی‌ میانگیری‌ یە.

دەربارەی‌ كات و شوێنی‌ بەستنی‌ كۆنفڕانسه‌كه‌ عەدنان نووری‌ وتی‌: ڕۆژی‌ شەممەی‌ داهاتوو ١٤ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ ٢٠١٥ لە هۆڵی‌ مۆنۆمێنتی‌ هەڵەبجە كۆنفڕانسه‌كە دەبەسترێت.