08/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
سەرۆکی پەرلەمان: بەداخەوە بەهۆی بیرکردنەوەی تەسکی حیزبایەتی پەرلەمانی کوردستان پەکخرا.
سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەری کانتۆنەکانی خۆرئاوا کۆدەبنەوە
لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان و نوێنەری کانتۆنەکانی خۆرئاوا، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کانتۆنەکانی خۆرئاوا و کۆنگرەی نەتەوەیی و قارەمانێتی پێشمەرگە و شەڕڤانان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
ئەمڕۆ یەک شەممە، ٨-١١ د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ شێرزاد ئێزیدی نوێنەری کانتۆنەکانی خۆرئاوا لە هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی و یەکگرتوو ئامادەبوون.
سەرۆکی پەرلەمان باسی لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان کرد و ئەو پەیوەندییەی بە پێویستییەکی گرنگ زانی.
لەوبارەیەوە وتی "لەم خولەی پەرلەماندا بۆ یەکەمینجار پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە دا بۆ ئازادکردنی کۆبانێ، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ کوردانی پارچەکانی کوردستان هەبوو، لە ئێستادا شەڕڤانانی خۆرئاوا لە شەنگال و کەرکوک و ناوچەکانی تر، شانەبشانی پێشمەرگە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش دەکەن."
لەبارەی گرفتەکانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی پەرلەمان وتی"بۆشایی سەرۆکایەتی هەرێم، قەیرانەکانی قوڵتر کردەوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لەبەردەم چەندین قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستاندا بوو."
نوێنەری کانتۆنەکانی خۆرئاوا، وتی "کێشەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی نەتەوەیی لە نێوان پارچەکانی کوردستان لاواز دەکات، پەرلەمانی کوردستان دەزگایەکی شەرعی هەڵبژێراوی باشوری کوردستانە، هەمو پارچەکانی هەرێمی کوردستان، بەچاوی ئومێدەوە سەیری پەرلەمانیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بیرکردنەوەی تەسکی حیزبایەتی پەرلەمانی کوردستان پەکخرا.