25/10/2015 نوسەر: bzavpress

"جوێنە سیاسییەکەی چاخی عەولەمە":


جوێن کە ڕوونە چ مانایەک هەڵدەگرێت و لە چ کاتێکدا مرۆڤەکان لە ڕێی ئەم پەیڤەوە هەست و سۆزی تووڕەییان بە بەرانبەرەکەیان دەرژن. وەلێ جوێنە سیاسییەکەی چاخی عەولەمە پەیڤی، "تیرۆر"ە. ئەی ئایا "تیرۆر" و "عەولەمە" چ مانایەکییان پێ هەڵگیراوە؟ دوور لەو پێناسە تیۆریانەی کە بۆ ئەم دوو چەمکە کراون، پێناسەی واقیعی بە کوردی و پوختی بۆ پەیڤی "تیرۆر"، واتە: جوێنێکی سیاسی زلهێزانە، مەطاطییە، بەهەر گروپێک، بە تایبەت گروپە ئایدۆلۆژییەکانی دەدەن ئەگەر دژ بێت بە سیاسەتی سەرمایداری و ئایدۆلۆژی ئەمان.
هەرچی عەولەمەشە(جیهانگیری، گلۆبالیزم) دوور لەو پێناسە تیۆرییانەی کە بۆی کراوە، بە پێناسە ئەرزی واقیع، واتە: لغاوکردنی هەست و سۆز و فیکری جیهان لەلایەن زلهێزانی خاوەن پرۆژەی سەرمایەدارییەوە، تا بەرژەوەندی و کاڵایی کۆمپانیا حوکمییەکان یان حوکمەتە کۆمپانیایەکانی پێ و تێدا ساغ بکەنەوە.
لە دونیای سیاسەتی قوتابییەکانی میکیاڤیلیدا "تیرۆر" بێ خەوشترین جوێنە. دیارە پرۆژەی عەولەمەش بۆ ئەوەی بگاتە وەها ئامانجێک، پێویستی بە چەند دۆستێک هەس، کە هەڵگرانی ئەم پرۆژەیەش بە "سونبولی ئاشتی" ناوەزەندییان دەکەن. هاوکات کۆمەڵێک نەیاری ئایدۆلۆژیشییان بۆ پەیدا دەبێت کە هەڵگرانی ئەم پرۆژەیە بە "تیرۆرستان" ناویان دەزڕێنن. مەطاطی بوونی بەکارهێنانی پەیڤی "تیرۆر" ڕاستەوانەیە لەگەڵ بەرژەوەندی واندا،. هەرکات گروپە خاوەن ئایدۆلۆژییەکان، ئامادە بوون فیکریان بەو جۆرە بونیاد بنێن کە ئەوان دەیانەوێت، وە وەها ڕیگایەکیان هەڵبژارد کە دڵخوازی بەرژەوەندی ئەوانە، ئیدی ئەمانیش ئەگەر نەبنە سونبولی ئاشتی، لانی کەم ناکەونە بەردەم جوێنی تیرۆر. بۆ نموونە: "تالیبان" هەتا ئەوکاتەی لەگەڵ سۆڤیەتدا لەشەردا بوو لەلای عەولەمەچییەکان، سونبولی بەرخۆدان بوو. وەلێ پاش ڕووخانی سۆڤیەت داوای لێکرا کە تەسلیمی خواستە غەربییەکان بێت، کاتێک وەڵامەکەیان بینی و بەدڵی وان نەبوو، ئیدی بووە گروپێکی "تیرۆرستی" لە لیست و میدیا غەربییەکاندا.
لە مانگی ئابی، (٢٠٠٠)دا، "ئەمریکا" ڕێکخراوی "فتح"ی فەلەستینی ئاگادار کردەوە کە ئەگەر بەردەوام نەبن لە دانوستاندن لەگەڵ "ئیسرائیل"دا ئەوا دەیگێڕنەوە لیستی تیرۆر.(١)
خۆ ئەگەر قەرار وابێت، "تیرۆر" بە مانا حەقیقییەکەی بەکار ببرێت، ئەوا ئەو زلهێزانەی کە جوێنی تیرۆر بەو گروپانە دەدەن کە هاوئاهەنگی وان نین، خۆیان دەبنە پێشەنگی تیرۆری فیکر و کردەیی.
(1)  مەوسوعەی جودی. لە نوسینی: مسعود عبدالخالق