14/10/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: ئەو دۆخەی ئەمرۆ پێدا تێپەر دەبین دوورکەوتنەوەیە لە وانەو بەھاو یاساو رێسایانەی کە کۆچی پێغەمبەرمان محەمەد
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لە لاپەڕەی فەڕمی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتی فیس بووک بە بۆنەی سەری ساڵی کۆچی پیرۆزبایی لە ھەموو موسڵمانانی جیھان و ھەرێمی کوردستانی کرد و لە میانەی وتارەکەی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ھەرێم رایگەیاند: ئەودۆخە نەخوازراوەی ئەمرۆ ناوچەکەو ھەرێمەکەماندا پێدا تێدەپەرێت یەکێکە لە دەرەنجامەکانی دورکەوتنەوەو فەرامۆشکردنی ئەو وانەو بەھاو یاساو رێسایانەی کە کۆچی پێغەمبەرمان محەمەد (درودی خوای لەسەر بێت) لە کۆچدا پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد.
وە داواشی لە بەرپرسان کرد: بۆیە داواکارین لەبەرپرسان و سیاسەتمەداران و عەقڵمەندانی ھەرێمەکەمان لە پێناو جڵەو گیرکردنی دۆخی ھەرێم بەتایبەت لە دوای روداوەکانی (١٢-١٠-٢٠١٥) بگەرێنەوە بۆ گیانی پێکەوە ژیان و لێبوردەی و عەدالەتخوازی و خۆنەویستی کە پێغەمبەرمان لە کۆچدا کردیە بناغەی ھەڵچنینی یەکەمین ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی تاکو بتوانین بەھەموومانەوە روبەروی ئەو کێشەو قەیران و مەترسیانە ببینەوە کەلە توانای ھەرێمەکەمان گەورەترە بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئارامی و خزمەتگوزاری بۆ گەلەکەمان دابین بکەین.