محەمەد تۆفیق ڕەحیم: هیچ حزبێک ناتوانێت پۆست لە گۆڕان وەربگرێتەوە
13/10/2015 نوسەر: bzavpress

محەمەد تۆفیق ڕەحیم: هیچ حزبێک ناتوانێت پۆست لە گۆڕان وەربگرێتەوە


بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، هیچ حزبێک ناتوانێت پۆست لە گۆڕان وەربگرێتەوە و لە ڕێگای نامەیەکەوە داوا لە سەرۆکی پەرلەمان کراوە کە دەوام نەکات و وەزیری ناوخۆش بە وەزیرەکانی گۆڕانی ڕاگەیاندووە، نابێت دەوام بکەن.

محەمەد تۆفیق ڕەحیم بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە "لە دەسەڵاتی هیچ حیزبێکدا نییە ئەو پۆستانە لە گۆڕان بسەنێتەوە و بە تایبەتیش کە هیچ لایەنێک زۆرینەی لە پەرلەماندا نییە و لە نیوە زیاتریان بەدەست نەهێناوە، ئەگەر هەنگاوێکی لەو بابەتەش بنرێت دەبێت پەرلەمان متمانە لە وەزیرەکان و لە پۆستەکانی تریش وەربگرێتەوە نەک حیزبێک ئەو بڕیارە بدات".

دەشلێت "ڕێی نامەیەکەوە کە بە یەکێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا نێردرابوو، داوا کراوە سەرۆکی پەرلەمان چی تر دەوام نەکات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، کە بڕیارێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، کە ئیتر نابێت وەزیرەکانی گۆڕان دەوام بکەن و دەبێت شاری هەولێر جێبهێڵن و بڕۆن".

جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە "بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستاندا فراکسیۆنێکی هەیە و بەپێی ئەو پێکهاتەیەی ڕێکەوتنی لەسەر کراوە ئەو پۆستانە بەر بزووتنەوەی گۆڕان کەوتووە".