بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەخشرایە نزیکەى (٨٨٠) خوێندکار
12/10/2015 نوسەر: bzavpress

بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەخشرایە نزیکەى (٨٨٠) خوێندکار


لەگەڵ يادى دامەزراندنى زانكۆى كۆيە، بە ئامادەبوونى د.کەریم عەبدول نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و ژمارەيەكى زۆر لە كەسايەتى و میوانانى شارى كۆيە و کەس وکارى دەرچوان، لە هۆڵى چالاكيە وەرزشييەكانى سكوڵى پەروەردەى وەرزش ، ئاهەنگى دەيەمين خولى دەرچوانى ئەو زانکۆى کۆیە بەڕێوەچوو.

لەو ئاهەنگەدا کە به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌رچوانی خوله‌كه‌و مامۆستایانی زانكۆ و ئەنجومەنى زانکۆى کۆیە ده‌ستی پێكرد، پاشان ئاماده‌بوان ساتێك بێده‌نگیان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نواند، دواتر چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز خوێندرایه‌وه‌.

هەر لەو ئاهەنگەدا د.کەریم عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى بەنوێنەرایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان و خانەوادەکانیان سوپاسى مامۆستایانیش کرد کە شەوڕۆژیان خستە سەر یەک بۆ پێگەیاندن و گۆشکردنى ئەو پۆلە نەوەیە بۆ کوردستان. لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا کورتەیەکى لە بارەى مێژوى خویندنى باڵا لە کوردستان و ئەو گەشەکردنەى کە لە دواى ساڵى (١٩٩١)ەوە بەخۆیەوە بینیوە خستەڕوو, ڕاشگەیاند: زانکۆى کۆیە هەر لەسەرەتایى دامەزراندنیەوە گەشەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینوەو چەندین فاکەڵتى و بەش و پسپۆڕى لەخۆگرتوە کە گرنگى تایبەتیان هەیە بۆ هەرێمى کوردستان.

سەبارەت بەسیاسەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د.کەریم عەبدول ڕاگەیاند: لەسەرەتاوە سیاسەتى وەزارەتەکەمان بریتى بوو لە ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ ئەو کەسانەى کە لە ڕابردوو بوارى خوێندنیان بۆ نەڕەخسابو، لەسەر ئێستاشدا کاتى ئەوە هاتووە کە گرنگى زیاتر بدرێت بەکواڵیتى، لەو بوارەشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هەنگاوى ناوە بۆ جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان، هەر لەو چوارچێوەیەدا گرنگى زیاتر دەدات بەپڕۆسەى دلنیایى جۆرى و تویژینەوەى زانستى.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا, د.کەریم عەبدول ڕاگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگى تایبەت دەدات بەپڕۆگرامەکانى خوێندن و نوێکردنەوەیان بەشێوەیەک لەگەڵ پێشکەوتنەکانى ئەم سەردەم بگونجێ، وتیشى بۆ ئەو پڕۆژانەمان کار بۆ دانان و وەرگێڕانى پەرتوک و ئەکتیڤکردنى نوسینگەکانى ڕاوێژکارى و ڕاهێنانى مامۆستایان و کارمەندان و خوێندکاران دەکەین.