بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر باوەڕی وایە، ئەگەر بەشێك لەو پارەیەی كە لە رێگای كامێراكانی هاتوچۆوە دەست حكوومەتی هەرێم دەكەوێت، لە رێگاوبانەكاندا خەرج بكرێت، ڕووداوی هاتوچۆ كەمتر دەبێتەوە.
لیوا هێرش ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی كە زۆربەی رووداوەكانی هاتوچۆ هۆكارەكەی تیژڕەویی شوفێرانە، بەڵام تا ڕادەیەك رێگەوبانەكانیش گرفتیان هەیە و هەندێك جار لەوێوە گرفتی هاتوچۆ دروست دەبێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر دەشڵێت، ئەگەر بەشێك لەو بڕەپارەیەی كە لە رێگای كامێراكانی هاتوچۆوە دەست وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم دەكەوێت، لە رێگاوبانەكاندا خەرج بكرێت، ڕووداوی هاتوچۆ تا ڕادەیەك كەمتر دەبێتەوە.
بە گوتەی لیوا هێرش، وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانەكان پلانی باشی هەیە بۆ ئەوەی جادەوبانەكان چاكتر بكات و تەنیا گرفت پرسی بوودجەی گشتییە كە لە بەغداوە كێشەی بۆ دروست كراوە، ئەگەرنا كێشەی هاتوچۆ لە هەولێر و هەرێمیش زۆر كەم دەبێتەوە.