29/09/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
زانيني ماناي ئیمان
«دیوی دەرەوە»ی ئیمان، زمنحاڵی «دیوی ناوەوە»ی ئیمانە:
دیوی ناوەوەی ئیمان: بریتیە لە گفتارو كرداری دڵ، گفتاری یان وتەی دڵ بریتیە لە «ناسینی خوداو پێغەمبەرو ئیسلام»، كرداری دڵیش بریتیە لە هێزی ئیـرادەی ئینسان، كە لە دوو ڕێگە یەكێكیان هەڵدەبژێرێو پەسەندی دەكات، كە هەڵبژاردنو پەسەندكردنی خواو پێغەمبەرو ئیسلامو، ڕەفزكردنی كوفرو بێ باوەڕیە.
بەواتایەكی تر، ئینسان بەهۆی «وتەی دڵ»یەوە كە هێزی علمو شارەزاییە، دەزانێ ئیمان چی یەو كوفرو كامەیە، دەیانناسێتو جیایان دەكاتەوە، بۆیە ئیتـر دەكەوێتە نێوان هەڵبژاردنی «كوفرو ئیمان»ەوە، كامیان هەڵبژێرێو پەسەندی دەكاتو، كامیانی ناوێو ڕەفز دەكات، ئەوەی ڕۆڵی بەرچاوی هەبێو كاریگەری لەسەر ئینسان دروست بكاتو، ئەو هەڵبژاردنو ڕەفزەی لە كونترۆل دا بێ ، بریتیە لە بڕیارو ئیرادەو«كردەوەی دڵ».
وتەی «وتەی دڵ» هیچ گرنگیو بایەخێكی نییەو ئیمانو كوفری پێ یەكلاناكرێتەوە، ئەگەر بڕیارو «كردەوەی دڵ»ی لەگەڵ نەبێ،
ئیبلیسو فیرعەون، «وتەی دڵ»یان هەبوو، جولەكەش سەرەڕای«وتەی دڵ»، «وتەی زمان»یشیان هەبوو، مونافیقەكانیش لەگەڵ ئەوەی «وتەی زمان»یان هەبوو، «كردەوەی ئەندامەكان»یشیان هەبوو، بەڵام هیچ كام لەمانە «كردەوەی دڵ»یان نەبوو.
كەواتە: «كردەوەی دڵ» سەنگی مەحەكە بۆ چەسپاندنو دامەزراندی ڕەگو ڕیشەی ئیمان، چونكە «كردەوەی دڵ» هەڵدەسێ بە هەڵبژاردنو پەسەند كردنی خواو پێغەمبەرو ئیسلامو، ڕەفكردنو نەویستنی كوفرو بێ باوەڕی، ئیتـر ئەو دڵە ئاڵوگۆڕ پێدەكاتو گۆڕانكاری تێدا بەدیدێنێ، ئەو دڵە پڕدەبێ لە خوشویستنو قبوڵكردنی خوداو پێغەمبەرو شەریعەتەكەی، بۆیە بە دڵ دەوترێ «القلب»، لە «إِقْڵاب»ەوە وەرگیراوە.
پاش ئەم ئاڵوگۆڕ پێكردنو گۆڕانكاریە، ئیتـر ئەو دڵە داخ دەبێو گڕو تیـن دەگرێو هەموو جەستە وەكو خۆی گەرم دەكاتو، ئاڵوگۆڕی پێ دەكاتو ئەبێتە چەقو مەركەزێك كە تەواوی جەستەی ئینسان هەڵئەسوڕێنێو تەوجیهی ئەكات كە چی بكاتو چی نەكات، بۆیە بە دڵ دەوترێ «فَۆاد»، واتە گڕگرتن.
بۆیە ئیتـر «كردەوەكانی دڵ» جەستە دەخاتە ئیشو حەرەكەی پێ دەكاتو، هەموو ئەندامەكانی جەستە بەو شێوەیە ئاراستە دەكات كە لەگەڵ خویشویستنی خواو پێغەمبەرداصلى الله عليه وسلم یەك بگرێتەوە، هەر بۆیە «كردەوەی ئەندامەكان» دەبنە ڕەنگدانەوەو گوزارشتی «كردەوەكانی دڵ»، بە واتایەكی تر «كردەوەكانی دڵ» لە ئاوێنەی «كردەوەی ئەندامەكان»دا دەدرەوشێتەوە.
كەواتە «كردەوەكانی دڵ» هەمیشەو بەردەوام «كردەوەی ئەندامەكان»ی دەرەوەی بەدوادێ، لازمو مەلزومی یەكنو پێكەوە گرێدراونو بە دوای یەكدا دێن ، بۆیە نە لەیەك ئەترازێنو، نە بەیەكجاری لەیەك جیائەبنەوەو، نە بۆ هەمیشە لەیەك جێ ئەمێنێن.
بۆیە لە جوڵە كەوتنی ئەندامەكانی دەرەوە بە یەكجاری، لە ئیفلیج بوونو مردنی كردەوەكانی ناو دڵەوە سەرچاوەی گرتووە.
بەواتایەكی تر«ئیمانوكردەوەكانی ناو دڵ» وێنەو دیـمەنەكەی لە «كردەوەی ئەندامەكان»دا دەدرەوشێتەوەو دەبینرێن، بۆیە كوژانەوەی ئەو وێنەو دیـمەنە بینراوەی دەرەوە، بەڵگەو نیشانەی لەكاركەوتنی ئیمانی ناوەوەیە.
كەواتە سنوری نێوان خانەی ئیمانو، خانەی كوفر، چ ئاشكرا بێ یاخود شاراوە، بێ یەكو دوو، بەشێكی پەیوەندی ڕاستەو خۆو عیلاقەی دەقاودەقی بە بوونو نەبوونی «كردەوەكانی ناو دڵ»ەوە هەیە.