29/09/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
"غەرب ئێمەی بۆ خۆمان یان بۆ خۆی دەوێت؟"
بەشی سێهەم و کۆتایی.
3- دەسەڵاتدارانمان کێن؟ لە "خۆمانن" یان بۆ "گیانی" خۆمانن؟
ئەگەر بابەتی بین و خۆمان لە عەتفی زاهیریەت بپارێزین، ناکرێت مل لە وەها ڕاستیەک بادەین کە دەسەڵاتدارانمان پەنجە بە ئاودا ناکەن ئەگەر ئیزنی زلهێزانی لەسەر نەبێت و مەساڵحی "ئابوری" و "سیاسی" ئەوان و کۆمپانیاکانی وانی تێ دا پارێزراو نەبێت.
(بنیامین دیزرائیلی) کە یەکێکە لە سەرۆک وەزیرانی پێشووی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، وە جولەکە بوو، دەڵێت: "ئەوانەی کە سیاسەتی جیهاندا بەڕێوە دەبەن، ئەوانە نین کە بە ڕواڵەت حوكم بەڕێوە دەبەن، بەڵکو ئەوانەن کە لە پشت شانۆکەوە وەستاون."
مانەوەی ئەمانە لە دەسەڵاتدا، وا بەستەی گوێڕادێر بوونییانە بۆ مەساڵحی زلهێزانی ڕۆژئاوا. بە نموونە (سەدام حوسەین)، لەساڵی (١٩٨٨)دا کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد، بۆ مەگەر فرۆکەوانی هۆلندی بەشدار نەبوو لە بۆردومانی هەڵەبجە؟ چەکی پێ فڕۆشراوی ئەڵمانی نەبوو پێنج هەزار شەهیدی تەختی زەمین کرد؟ ئایا ڕۆژئاوا نەی دەتوانی هەر ئەو ساتە بەر لە "سەدام" بگرێت؟ بۆچی موخابەراتیان ئاگاداری وەها هەنگاوێک نەبوون؟ بۆنا! وەلێ ئەو کات سەدامیش مەسڵەحەت پارێزێکی چاکی ڕۆژئاوابوو. بەڵام کاتێک سەدام لە گوێ ڕادێریان دەرچوو، بینیمان لە ماوەیەکی کەمی دیاریکراودا! چ تەحالوفێکی نێودەوڵەتیان بۆ پێکهێنا و پاشانیش چیان لێ بەسەر هێنا!
لە ڕابردوو، وە هەنووکەش، وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچ کارێکی بێ پلانیان نەکردوو و ناشی کەن! هەمیشە بە چەند ساڵێک و پێش کردنی هەر کارێک کۆمەڵێک توێژینەوەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن دەرباری هەر وڵاتێک کە ئەمان مەبەستیان بێت دەستی خۆیانی لێ بووەشێنن. بۆ نموونە: بەڕیتانیا هەر لەسەدەی نۆزدەوە چەندان جاسوسی ڕەوانی دەولەی عوسمانی کرد، تا لەو ڕێوە ئاشنای لایەنە جیا جیاکانی ئەو کۆمەڵگە و ناوچانە بن کە لە ژێر هەیمەنی سوڵتەی عوسمانیدا بوون، کە جێی خۆیەتی ئەو ڕاستییە شێواوە ڕاست بکرێتەوە کە دێواندنی دەولەی عوسمانی، لە کاتێکدا ئەم دەولەتە لە کاتی خۆیدا مەرجەعیەتی سونەی جیهان بووە. وە بینیمان بە چ حاڵێکیشیان برد. هەر لە دروستی کردن چەند پیاوێکی خۆیان لە نێو دەسەڵاتە هەستیارەکاندا بگرە هەتا بەستنی چەندان کۆنگرە لەگەڵ ڕووسیای قەیسەری ئەوکات لە پێناو دابەشکردنی خێروبێری عوسمانیەت. لەسەردەمی نوێشدا، کاتێک هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر عێراق، لەپڕ لە نێو دونیای سیاسەتدا کەسایەتییەک وەدەرکەوت بە ناوی "غازی یاوەر". ئەم کەسایەتییەکی یاسای بوو، لەهەمان کاتدا سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین هۆزە سونە نشینەکانی عێراق بوو، کە هۆزی "شەمەر" بوو. پێیان وابوو بە کۆنتڕۆل کردنی ئەم دەتوانن هۆزی "شەمەر" کۆنتڕۆل بکەن. ئەوەی سەیرە دەربارەی ئەو، ئەوەیە کە بۆ لەپڕ دەرکەوت و هەر لە پڕیشدا ون بوو؟! کاتێک بینیان کە "غازی یاوەر" توانای ڕازی کردنی هۆزەکەی نییە لە گوێڕادێربوونیان بۆ هێزەکانی ڕۆژئاوا؛ چون مێژووی ئەم هۆزە بە جۆرە هەڵوێستانێک نەخشێنراو بوو کە دوور بوو لە خۆفرۆشی و ویژدان فرۆشی. ئیدی هەر زوو بەرێیان کرد و لە نێو دونیای سیاسەتدا ناوێک نە بیسترایەوە بە ناوی "غازی یاوەر".
سیاسەتی ڕۆژئاوا، سیاسەتی فێڵە. ئینسان کاتێک هەموو ئامانجی دابینکردنی حەزە جەسەدییەکان یان ئەو ئامڕازانەی کە جەستەی پێی ڕازەمەند دەبێت. یان هەموو مورتاحی دەروونی لە هەستی "ستایشکردن"دا ببینێتەوە، جا دەبێت جگەلە " فێڵ" بۆ دابینکردنی ئەم دوو حەزە چی بکات؟!
پاشاکان لە کۆندا دونیایان داگیر دەکرد، لە پاڵ ئەو دوو حەزە ئینسانییەی باسمان کرد، هێزێکی تر پاڵی پێوەدانان تا مکوڕ تربن لەسەر داگیرکارییان، ئەویش هێزی دەروونی "شانازی" کۆکردنەوە بۆ بنەماڵەکەی و لەوێشەوە بەجێهێشتنی میراتێکی زۆر بۆ نەوەکانی. بەڵام مەخابن ئەگەر سیاسەتی ڕۆژئاوا، ڕۆژێک لە ڕۆژان لە حەزە فانییە جەسەدییەکانیش تەکییەوە، هێشتا هەستی شانازی کردن لە گەردنیدا نەکەوتووە، چون سەرنجام ئەوانەی سیاسەتی حەقیقی رۆژئاوا بەڕێوە دەبەن، هەر مرۆڤن.
هەر چرکەیەک، ئەگەرێکە، بۆ دووبارە بوونەوە هێرۆشیما و ناکازاکییەکەی تر. چون وڵاتانی رۆژئاوا چەندە ناکۆکبن، سەرنجام بەرژەوەندییەکی ماددی کۆیان دەکاتەوە، چۆنیان بووێت کاری خۆیان دەکەن و گەلە چەوسێنراوەکان فریو دەدەن بە کۆمەڵێک هەڵوێستی ڕاگەیاندنی درۆینە. بۆ نموونە: سوریا. چەندەها کۆنگرەی درۆینەی بۆ ڕێکخرا، بۆچی نیزامی ئەسەد هەر لە جێی خۆیەتی! ئەی ئایا بۆچی نیزامی قەزافی لەماوەیەکی کورتدا فەشەلی هێنا؟ لەکاتێکدا نیزامی قەزافی لە ڕووی ماددیەوە بە تواناتر بوو؟!
کاتێك دەبینین ڕۆژئاوا چۆنی بووێت لە جیهاندا دەست دەوەشێنێت، کام کێشە کە لە نێوانیاندا گرانە، سەرنجام بە مەسڵەحەتێكی ئابووری چارەی دەکەن. هۆکاری ئەمەش بەهێز نەبوونی هەنووکەی هاوشانێکی هاوهێزی خۆیەتی کە "حەزارەتی ئیسلامییە." نمایانە کە حەزارەتی ئیسلامی تا دووبارە بەهێزی شایستە بەخۆیەوە دێتەوە سەر شانۆی ژیان و سنورێک بۆ چەواشەکاری و دەست درێژییەکانی هێزەکانی غەرب دادەنێت. ئەو گەل و کەسایەتیانەی کە هەڵی دەستێننە هەمان ئەوانەن کە شەریعەتی ئیسلامی سەرەتا و کۆتا شەریعەتە لایان. وەلێ گەلانێکی بێ بڕیاڕ و فریودراوی نیفاقی عەلمانیەت، ئەوان کاتێک چاو دەکەنەوە تا ئەوکاتەی خەو زۆریان بۆ دێنێت و چاویان پێ لێک دەنێت، تیڤی و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان وەک توتی ئاسا مێشکییان بە فیکرەی خۆیان دادەشۆرن، ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ فیکری خۆیان بە بەڵای عەقڵیاندا دەکەن، یان بە بابەتی بێ هودەوە سەرقاڵیان دەکەن. هەمان ئەو کەسەی کە لە بێ خزمەتگوزاریدا سوێند دەخوات کە ئەم جارە ئەگەر وادەی هەڵبژاردن بێتەوە، دەنگ نەدات. کەچی کاتێک وادەی هەڵبژاردن دێتەوە بە دوو قسە و بەڵێنی درۆینە، دێتە هەڵخەڵەتاندن. بۆ چارەسەری ئەم دەردەش کە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ناهۆشیاری موسوڵمانانە. دەبێت کۆمەڵێک لە موسوڵمانان بە خاوەن عەقیدەیەکی یەکلای و پاکەوە، بە فیکرگەلێكی مەبدەئییەوە، پاشان پێکەوە، دەست بکەنە بە دیهێنانی ئامانجەگەلێک کە دووبارە هیوای هەستانەوە حەزارەتی ئیسلامی لە خۆدا هەڵگرتووە.
گرنگە موسوڵمانی بەرچاوڕوون، ئەگەر تینوی ڕاستییە، وەها ئایەتێک لە قرچەی گەرمای فیتنەی "درۆ"دا، تینوشکێنی گەڕووی وشکی بێت ئەگەر قەرارە ئەو عەوداڵی ڕاستیی بێت. وەک پەروەردگار دەفەرمووێت: (وَلَن تَرۡضَىٰ عَنكَ ٱلۡيَهُودُ وَلَا ٱلنَّصَٰرَىٰ حَتَّىٰ تَتَّبِعَ مِلَّتَهُمۡۗ قُلۡ إِنَّ هُدَى ٱللَّهِ هُوَ ٱلۡهُدَىٰۗ وَلَئِنِ ٱتَّبَعۡتَ أَهۡوَآءَهُم بَعۡدَ ٱلَّذِي جَآءَكَ مِنَ ٱلۡعِلۡمِ مَا لَكَ مِنَ ٱللَّهِ مِن وَلِيّٖ وَلَا نَصِيرٍ) (البقرة :١٢٠)، واتە: "ههرگیز جولهكه و گاورهكان له تۆ (ئهی محمد (صلی الله علیه وسلم)، ئهی ئیماندار) ڕازی نابن، ههتا به تهواوی شوێن ئاین و بهرنامهیان نهكهویت، پێیان بڵێ: بهڕاستی ههر بهرنامهی خوا (ئاینی ئیسلام، شایستهی ئهوهیه كه ههموولایهكمان شوێنی بكهوین) هیدایهتی ڕاست و دروست ههر لای ئهوه، خۆ ئهگهر شوێن ئارهزووهكانی ئهوان بكهویت پاش ئهوهی زانیاری و زانستیت پێگهیشتووه، ئهوه بزانه كه له لایهن خواوه هیچ سهرپهرشتیاری و یارمهتییهكت دهست ناكهوێت.(وەرگێڕاوی ئاسان)
لە ئایەتە پیرۆزەکەدا، ئاداتی نەفی (لن) بەکارهاتووە، لە رێزمانی عەرەبیدا ئاداتی نەفی "لن"، نەفییەکی موئەکەدە. واتە: پێوستی بە قەسەم(سوێند) نییە، پاشان بەهێزترین ئاداتی نەفی کردنی کردارێکی زەمەنی ئایندەیە. جا ئەگەر ئەم ڕاستییە کە پەروەردگار ئاگادارمان دەکاتەوە بۆ مەسیحیەت و یەهودیەت بەو چەشنە بێت کە ئەهلی کیتابن! دەبێت بۆ فیکری عەلمانییەتێک کە بناغەی فیکرەکەی جوێ کردنەوەی دین بێت لە کایەکانی "ژیان" چۆن بێت؟!
وەک لە فەرهەنگی (وێبستێر)دا لە پێناسەی عەلمانییەتدا هاتووە: " باوەڕێکە کە نابێت دین هیچ ڕۆڵێک لە حوکمەت و پەروەردە و بەشەی گشتیەکانی کۆمەڵگادا ببینێت".
وەلێ عەلمانییەتی وڵاتانی موسوڵمان، کەمێک شلڕەویان لە فیکرەکانی خۆیاندا کردووە، یان ڕاستر تر بڵێین: کەمێك دووڕوویان لە نیشاندانی حەقیقەتی فیکرەکەیاندا کردووە؛ چون دەزانن هەندێک هێڵ هەیە ئەگەر بیبەزێنن سەرئەنجام لای نوخبە گشتییەکە جێی قبوڵ کردن نابێت.
پوختەی باس: وڵاتانی حەزارەتی ڕۆژئاوا ئەگەر بە قسەی خۆیان بێت کاتێک پەنامان دەدەن، بەخشندەییەک بێت بۆمان، ئەوا لە بەرانبەریدا دوو بەخششمان لێ دەستێنن. ئەوان هەرگیز لە ئێمە ڕازی نابن، تا ئەوەی دەیانەوێت لێمان دەستیان نەکەوێت. تەساموحیان بەرانبەرمان لە وڵاتانی خۆیاندا، لە پێناو ئێمەدا نییە، بەڵکو لە پێناو ئارامشی خۆیاندایە. هەمان ئەو خەباتکارەی کە بەدەر دەنرێت لە وڵاتی خۆیدا، پاشان لای وان لەخۆ دەگیرێت، لەبەر مرۆڤ دۆستیان نییە کە پەنای دەدەن؛ چون دەزانن ئەگەر کەسانێکی وەها لە وڵاتانی خۆیاندا بن، ڕێ نادەن گەندەڵکارانی بەرژەوەند ئاوێتە بووی کۆمپانیا غەربیەکان، تاڵانی مافی میلەت بکەن. خۆ ڕونیشە بە وەدەرنانیان ئەوان کاریگەری و مەترسییەیان لەسەر بەرژەوەندی گەندەڵکاران نامێنێت.