20/09/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
غەرب ئێمەی بۆ خۆمان یان بۆخۆی دەوێت؟
بەشی یەکەم
موسوڵمانانێک کە بانگەشەی هەنگوین ئاوێتە بە ژەهری سیکۆلاریزم(عەلمانیەت) فریوی داون تا ڕاستیەکان وەک ئەوەی کە لە زاهیردا ببینن نەک وەک ئەوەی لە جەوهەردا هەیە. ناوە ناوە، لێرە و لەوێ، دەژنەفین، دەڵێن: "لەمرۆدا، سیستەمی سیکۆلاری(عەلمانیەت یان لادینی) کە زادەی حەزارەتی غەربییە، لە سیستەمی ئیسلامی پتر توانای خزمەتی کۆمەڵگای موسوڵمان و مرۆڤایەتی هەیە."
ئەوانەی کە فیکرەیەکی وایان لا گەڵاڵە بووە، هێندە زادەی زاهیربینیانە، بەو ئەندازەیە زادەی قوڵبینیان نییە! چونکە کاتێک دەبینێت هەر بینایە و دەستلەملانی هەورەکانە، هەر سەیارەی مۆدێل بەرزە هەر ڕۆژە بە مۆدێلێکی نوێووە دەکەوێتە بازارەوە، وە چەندانی نموونەی پیشەسازی تریش، وە لەو لاشەوە دەبینن بەشێکی زۆری جیهانی ئیسلامی لەم ڕووە پیشەسازییانەوە پاش کەوتووە، ئیدی لە ئەم وایە، ئەگەر سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵات "سیکۆلار" نەبێت، وەها داهێنراوانێکیش نایەنە داهێنان. ئەم مرۆڤەش، بێ ئاگا و مەست، لەوەی پێشکەوتنی پیشەسازی زادەی هیچ ئاینێک نییە، بەڵکو زادەی بزاڤی مێشكی مرۆڤەکانە، وە تەفاعولیانە بۆ پێداویستییە هەنووکەییەکانی ژیان. خۆ ئەگەر بڕیار وابێت، پێشکەوتنە پیشەسازییەکان زادەی ئاینەکان بن، ئەوا ئیسلام نەک درێغی نەکردووە لە هاندانی وەها باسێک، بەڵکو لە پێشەنگی هاندەرانە.
یان کاتێک دەبینێت "ڕووت بوونی" ئافرەتان لە میدیای جیهانیدا مۆرکێکی حەزاری پێ بەخشراوە، وە خۆ پۆشتەکردنیش بە جۆرێک لە عەیبە و پاشکەوتووی نیشاندراوە، وە ڕوونیشە کە باری وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەم بابەتە چۆنە، وە حەزارەتی ئیسلامیش دیدگای بۆ ئەم باسە چۆنە! وە ڕۆژانەش سەد بارە کردنەوە ئەم نیشاندانی "ڕووتیە" لە میدیاکانەوە وەک سیمایەکی حەزاری، وردە وردە، لە هزری ئەو موسوڵمانانەی کە لە بانگەوازیان بۆ دینی ئیسلام لەرزۆک و لاوازن، خۆ "ڕووت کردنی" ئافرەتان دەبێتە سیمایەکی حەزاری.
ئیدی لەو بارەدا، ئەم موسوڵمانە قوربانییانە، کورد وتەنی: لە هەردوو جەژن دەبن. نە لە سیستەمی سیکۆلار وەک ئەوەی لە حەقیقەتدا هەیە تێگەیشتوون و تێ دەگەن، وە نە لە جەوهەری سیستەمی ئیسلامیش. بۆیە هەمیشە هەوڵەکانییان نەزۆکن، لەوانەیە بۆ ماوەیەک ببنە جێی بایەخ لای کۆمەڵانێک، لێ با مەخابین، لە کۆتادا کەفی دەریا زۆر تەمەن ناکات، ئاخر چۆن ئینسانێک لە یەک ساتدا قودرەتی بەدوو ڕێگادا ڕۆشتنی هەس، لەکاتێكدا هەردوو ڕێگا تێڕوانینیان بۆ هەر سێ چەمکی: "مرۆڤ و ژیان و کەون و کائینات" جودایە! چ جای جیاوازبوونی غایەکانیان.
بەڵام ئەمانیش لەبەردەم ئەم مەوقیفە خۆ فریودەرانەدا، وەک خۆڵکردنە چاوی کۆمەڵ گەلی "ئەشەوبیللا " کار، هەمەجۆر دەلیلی خۆ هەڵخەڵەتێنەر دێننەوە تا بیسەلمێنن: "نەخێر، سیکۆلار بەو مانایە نایەت ئێوەی لێ تێگەیشتوون، بەڵکو بەم مانایە دێت کە ئێمە تێیگەیشتووین." وەلێ ئێمەش دەڵێین: "با دادوەری نێوانمان بۆ ئەم قەزیەیە نە ئەوان و نە ئێمە بێت، بەڵکو سەرچاوە سیکۆلارەکان بێت، ئیدی ئەو کات ناچار دەبن لە بەردەم سەرچاوە سیکۆلارییەکاندا ئارەقەی شەرمەزاری خۆ فریودانەکانیان بڕێژن."
باسکردن و هەڵدانەوەی حەقیقەتی "سیکۆلاریزم"، ئەرکێکی مرۆڤ دۆستانەیە؛ چون جیهان لەبەر گەردەلوولی تۆزاوی بیابانی "سیکۆلاریزمدا" بەرەو داڕمانی ئەخڵاقی دەچێت. بەرەو بە "بت" بوونی مرۆڤ دەچێت؛ بەجۆرێک کە خەریکە تەنها تێرکردنی غەریزەی "جنس"، دەبێتە ئامانجی مرۆڤەکان. خەریکە وەک ڕۆبۆت ژیان، لای مرۆڤەکان، دەبێتە میوانی دڵان. خەریکە "رووحی" ئینسان دەبێتە نێچیری، ڕاوکەرانی وزەی ئینسان. خەریکی بۆن خۆشە گوڵی "ئەخلاق" دەبێتە قوربانی بۆ تەماعی کۆمپانیا حوکمەتییەکان.
من کە دەبینم لەم سەردەمەدا، ئەرکی شەیتان گەلێک ئاسان بووە، بەهۆی نەجوڵانی مێشکی زۆرینەی مرۆڤەکانەوە، وە لەو نێوانەشدا موسوڵمانان، ئیدی ئارامم لەبەر بڕاوە. تەقە، تەقی کیبۆردی ژێر دەستم ئاوێتەی هەیەجانم بووە، بەجۆرێک کە باکم نییە، نەک کاتژمێرێک بەڵکو دەیان، شەونخوونی بچێژم تا هەر نەبێت کەمێک ئەم مەردمە بەهۆش بهێنمەوە بە ئاگادار کردنەوەیان لە بانگەشەی فیرعەونەکانی زەمانە کە "میدیا"، چەواشەکارەکانن.
ڕامێنە، خاتوو "مێرکڵ" کە بۆ قازێکی ئاڵتوونی دەگری کاتێک پێی دەبەخشرێت؛ چۆن خەڵکی وا دەزانێت بۆ پەنابەران دەگری!
گوڵە نیلوفەری نێو دەریا، ئالانی شەهید، کاتێك ئاوی سەرچاوی ژیان بە فەرمانی حیکمەتی خوداوەندی، بەچەند قومێک دەخنکێت و رووحی پاکی بەرەو بەهەشت لەگەڵ منداڵانی تری سوریدا لەشەقەی باڵ دەدات؛ ئێمە وەک ئینسان بۆی دەهەژێین، بەجۆرێک کە ڕۆژانە چەندانی وەک ئاڵان لە ژێر موشەکی تاغوتە ملهورەکانی زەویدا شەهید دەبن و چەندانی وەکو ئەو دەبنە ژەمی نەهەنگەکانی نێو دەریا، کەچی کەس بۆیان ناهەژێت! ئاخر بۆچی؟! چۆن دەبێت هەستەکانمان، بەدەست سیاسەتی میدیای وڵاتگەلێکەوە یاری بکات! بهەژێن کاتێک بیانەوێت بهەژێین، ئارام بین کاتێك مەبەستیانە ئارام بین!
لەنێو ئەم ڕاستییە تاڵانەدا دەمەوێت کەمێك دڵم شیرین بکەم، بەوەی وەڵامی چەند پرسیارێک بدەینەوە کە پێشتر لەلایەن میدیاکانەوە بەهەڵە دراونەتەوە.
1- غەرب ئێمە بۆ "خۆمان" دەوێت، یان ئێمەی بۆ "خۆی" دەوێت؟
ئایا ئەوان بەڕاستی بە لەخۆ گرتنی پەنابەران و هاوبیرانمان، مەبەستیان خزمەتی ئێمەیە؟ یان لە ڕێی ئێمەوە مەبەستیان خزمەتی خۆیان و فیکرەکانیانە؟
ئایا ئەوان بە پەنادانی ئێمە چییان دەست دەکەوێت؟ وە ئایا ئەوان هەروا لەخۆرا، وەک خۆیان ئاماژە بۆ دەکەن! مەبەستیان تەنها بەجێهێنانی ئەرکی ئینسانی یە بەرانبەرمان یان ئامانج گەلێکی تری؟
یان ئایا ئەوان بۆچی لەوڵاتانی خۆیاندا، موقەدەساتی ئێمەیان لا ڕێزدارە؟
دکتۆرێک، لە کۆڕێکیدا، وتی: "لە بەریتانیا و پایەتخەتەکەی کە "لەندەنە"، تەقینەوەیەک ڕوویدا. هەر دوای تەقینەوەکە پۆلیس دەوری مزگەوتێکیاندا. منیش لێم پرسین: بۆچی دەوری مزگەوتەکەتان گرتووە؟ وتیان: تا کەسانێکی نەفام، ئەو تەقینەوانە نەکەنە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر مزگەوتەکە."
جا لێرەدا کەسانێکی زاهیربین، دەڵێن: "ببینە! ڕۆژئاوا چەندە موقەدەساتی تۆی لا ڕێزدارە، ئەها چۆن مزگەوتەکان دەپارێزێت"!
وەلێ ئەگەر مەردمێک، کەمێک قوڵ بینانە بۆ بابەتەکە بڕوانێت، باسەکە وەها نییە. بەڵکو ئەوان سەرئەنجام ئەرکێکی نیشتیمانی جێبەجێ دەکەن، نەوەک ئەرکێک کە ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی ڕاگیربوونی دڵی موسوڵمانان بێت. ئەوان دەزانن ئەگەر دوای تەقینەوەکە ئەرکی پاراستنی مزگەوتەکان نەگرنە ئەستۆ، زنجیرەک ڕووداوی تری بەدوادا دێت، کە لەئەگەری هەر زیان دانێک لە مزگەوتەکان موسولمانانی حەماسی ئەنجامی دەدەن؛ وەک تۆڵەیەک بۆ کاری هێرشکەرانی سەر مزگەوت. لە پاشانیشدا کۆمەڵانێکی دژە ئیسلامی، پەرچەکردار دەنوێنن و ئەمەش بەردەوامی دەبێت. هەربۆیە پۆلیس لەسەرەتاوە هەوڵی بنبڕ کردنی زەنجیرەیەک پێشهاتی نەخوازراو دەدات؛ چونکە دەزانن پشێوی دروستبوون لە ناوچەکەیاندا، یەکسانە بە هاتنە خوارەوەی کێرڤی: کەرتی گەشتیاری، تێکدانی خزمەتگوزارییەکان شار...هتد، سەرئەنجامیش دابەزینی ئابوری ناوچەکە و تەنانەت وڵاتیش. ڕوونیشە کە هەموو سیاسەتی وڵاتانی خۆرئاوا، لە کۆتادا بۆ خزمەتی بەرزبوونەوەی ئابورییەکەیانە، نەک ئەوەی کە زاهیربینان وای لێی تێ دەگەن، کە ئەمە نیشانەی مرۆڤ دۆستیان و پاشانیش پارێزگاریانە لە موقەدەساتی تۆ!
ئەوان بڕیاری پەناهەندەدانی هاودینانمان دەدەن، بۆچی؟
بیستومە، لەدوای زللە بەئازارەکەی جەنگی دووەمی جیهانی لە ڕووخساری جیهان و بە تایبەت ئەوروپا، وە بەتایبەتی تریش ئەڵمانیا و شکستەکە گەورەکەی لەو جەنگەدا، ئەڵمانەکان بیریان کردەوە کە چی بکەن تا لە ماوەیەکی کورتدا ئابوری و کەرتە خزمەتگوزارییەکانیان بۆ خزمەتی خۆیان هەڵ بسێننەوە؟ پەییان بردبوو بەوەی کە پێویستیان بە "دەستێکی ماندوونەناسی کار"ە، دوای چەند تاقیکردەنەوەیەکی کردەیی بە نەتەوە جیا جیاکان، گەیشتنە ئەو ڕاستییەی کە گەلی "تورک" گەلێکی بەکار و ماندوونەناسن. بڕیاریان دا کە ئاسانکاری بۆ "تورک" بکەن تا بەرەو وڵاتی ئەڵمانەکان کۆچ بکەن. لەو کاتەشدا تورکە ئەنادۆلییەکان بەدەست ستەمی سیستەمی عەلمانییەتیەوە دەیانناڵاند. هەر لە سەرکوتکردن و کەمی خزمەتگوزارییەوە بیگرە تا مافە سەرەتاییەکانی ژیان، سەرئەنجام لە ئێستادا پتر لە ٣ ملیۆن تورک لە ئەڵمانیادا دەژین. پاشان لە هەشتاکاندا لە ئەڵمانیای خۆرئاوا دانیشتنێکی سەرکردایەتی سیاسی کرا، تاکو چارەیەک بۆ گەشەی نفوسی تورکەکان دابنێن. بەرەیەک وتیان: "با هەر زووە تورکەکان بە جۆرە سیاسەتێک ڕەوانەی وڵاتی خۆیانیان بکەینەوە." کۆمەڵێکیش هەڵیاندایە و گوتییان: "نەخێر، ئەگەر ئێمەی بیان نێرینەوە، ئەی کێ لەجیاتی وان، تەوالێت و سەرشەقامەکانی وڵات پاک بکاتەوە؟!
لە ئێستاشدا زۆرینەی کارە گران و ناباوەکانی ئەو وڵاتانە، دانیشتوانە بیانییەکان ئەنجامی دەدەن، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە خاوەن پیشەسازییەکی گەشەسەندوون، وە پێویستیان بە دەستی کاری زیاتر هەیە.
لەمەوە حەقیقەتێكی حاشا هەڵنەگر وەدەردەکەوێت کە سەرنجام ئەوان لەگەڵ زیادبوونی پێداویستییەکانیاندا ڕاستەوانە گیانی مرۆڤدۆستیان دێتە بوون، نەک لە مرۆڤبوونی مرۆڤدا! ئەگەرنا بۆچی ئەو وڵاتانەی کە هێندەی هەندێک وڵاتان، پیشەسازیی نین، ئامادەی لە خۆگرتنی پەنابەر نین؟ بۆ نموونە وڵاتی "هەنگاریا" کە ئەو ئامادەگییە تێدا نییە، تەنانەت سنوری وڵاتەکەی بە تەلبەندی دڕکاوی ئازاربەخش تەنیوە تا رێگری لە چوونی کۆچبەران بکات. وەک "ڤیکتۆر ئۆزبان" سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا ڕایگەیاند: "هاتنی بە لێشاوی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا، هەڕەشەیە بۆ سەر ڕەگی "مەسیحیەت" لە کیشوەرەکە، پێویستیشە حکومەتەکان پێش ئەوەی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە دەتوانن لەخۆیانی بگرن، ڕابگەیەنن. سنورەکانیان توندوتۆڵ بکەن." لەمەوە دەردەکەوێت، ئەوان هەر ئەو ساتە "مرۆڤ" دۆستن کە مرۆڤیان پێویست بێت، نەک "مرۆڤ" ئەوانی پێویست بێت.
هەروەک چۆن لەوە بە گومان نیم کە دوو کۆی دوو چوار دەکات، لەوەش بە گومان نیم کە ئەگەر هەنگاریا هێندەی ئەڵمانیا پیشەسازی بووایە ئەوا لە میدیای جیهانیدا وەک چۆن ئێستا ئەڵمانیا کراوەتە ڕەمزی مرۆڤ دۆستی وەهاش هەنگاریا دەکرایە ڕەمزی مرۆڤ دۆستی؛ چونکە ئەو کات هەنگاریاش، بانگی مرۆڤ دۆستی بە جیهاندا دەدا.
ئەڵمانیا وڵاتێکی "فیدڕاڵی"یە، وە بنەمای فیدڕاڵیبوونی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی مەزهەبگەرایی مەسیحی، چون هەرێمەکان لەسەر بنەمای مەزهەبە مەسیحییەکان دابەشبوون نەک نەتەوەگەرایی، لێ بۆچی ئەڵمانیا هێندەی هەنگاریا مشوورخۆری مەسیحیەتەکەی نییە؟! چونکە لە ئێستادا زیاتر ئابووری خاوەنی ئەولەویەتە لایان، نەک تەنها لای ئەڵمانیا بەڵکو حەزارەتی غەربی بە گشتی. تەنانەت لە پێناویدا ئامادەن قبووڵی مەترسی کاڵبوونەوە مەسیحیەتیش بکەن ئەویش لەسەر حیسابی گەشەی نفوسی موسوڵمانان. بەڵام ئەمەش بە مانای نەمانی گیانی مەسیحییەت لای ڕۆژئاوا نایەت، بەڵکو هەمیشە لای هەندێک لە سیاسییەکانیان چەمكی دووبارە جەنگی خاچپەرستی جێی بایەخ بووە و دەبێت، وەک لێدوانەکانی "جۆرج بۆشی کوڕ" و وا بەستەبوونەکانی "ڕۆناڵد ریگن" و "جیمی کارتەر" سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا بە مەسیحییەتەوە، بەڵگە گەلێکی حاشا هەڵنەگرن...هتد.
ماویەتی...
تکایە ئەم وێنەیە دابنێن: