دەمیرتاش: هەڵسانی خوێن لە توركیا دەبێتە نەهامەتیەكی گەورە
10/09/2015 نوسەر: bzavpress

دەمیرتاش: هەڵسانی خوێن لە توركیا دەبێتە نەهامەتیەكی گەورە


هاوسەرۆكی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە بارەگای سەرەكی پارتەكەی لە دیاربەكر كۆنگرەیكی رۆژنامەیی رێكخست و باسی لە دوایین گۆرانكاریەكانی توركیا كرد و هیوای خواست كە توركیا جارێكی تر نەچێتە ناو شەڕێكی نەگریسەوە و راشیگەیاند كە هەڵسانی خوێن لە توركیا دەبێتە نەهامەتیەكی گەورە بۆ ئەو وڵاتە.

لە بەشێكی تری گوتەكانیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا كە هەموو رۆژێك سەرباز و پۆلیس و گەریلا و كەسانی مەدەنی و ژن و منداڵ گیان لەدەست دەدەن و ئەوان وەك هەدەپە خۆیان دەكەنە خاوەنی سەرجەم قوربانییەكان بە بێ گوێدانە شوناسی ئەتنیكی و مەزهەبی و بیروڕای سیاسی و نیگەرانی خۆشی راگەیاند بەرامبەر چوونەوەی تابوت بۆ هەموو لایەكی توركیا و ئاشكرای كرد كە لە وەستاندنی ئەو ئازارەدا سەركەوتوو نەبوون.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان بە هیچ شێوەیەك بەشدارنەبوون لە بڕیاردان و پشتگیری كردن و نیشاندانی رەزامەندی بۆ دەستپێكردنی جەنگ و گەورەبوونی شەڕەكە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكان.