جزیە دان لە ئیسلام دا‌و، وەڵامی گومانێكی بێ مانا:
04/09/2015 نوسەر: bzavpress

جزیە دان لە ئیسلام دا‌و، وەڵامی گومانێكی بێ مانا:


وشەی «الجِزْیە» ڕیشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ «جَزَاْ‌ء»، واتە پاداشت، ئەم «جَزَاْ‌ء»ەش لە بەرامبەر چاكەیەكدا دەكرێ.
بۆیە «الجِزْیە» بریتیە لەو بڕە ماڵ‌و سامانە دیاری كراوەی كە ئینسانی ناموسڵمان دەیبەخشێت بە دەوڵەتی موسڵمانان، لەبەرامبەری پاراستنی سەرو، ماڵ‌و، ئاینیان.
بةريزان:
مەبەست لەوەی كە ئینسانی ناموسڵمان «الجِزْیە» دانی لەسەر پێویست كراوە‌و، دەبێ ساڵانە سەرانە بدات بەو حكومەت‌و دەوڵەتە ئیسلامیەی كە تێیدا دەژی، تەنها لەسەر كەسی ناموسڵمان پێویست نەكراوە، بەڵكو لەسەر موسڵمانانیش پێویست كراوە بەڵام ئەوەی لەسەر موسڵمان پێویست كراوە پێی دەوترێ «زەكات»، هەر موسڵمانێك ئەگەر خاوەنی ئەوەندە سەروەت‌و سامان بێ كە بگاتە ڕادەی زەكات، ئەوە پێویستە ساڵانە ئەو زەكاتە بدات، ئەگەر نەیدات ئەوە دەسەڵات پێویستە بە زۆر لێی وەربگرێ.
كەواتە موسڵمان‌و ناموسڵمان مادام لە سنوری دەوڵەتی ئیسلامی دا بژین ئەوە پێویستە لەسەریان ساڵانە سەرانەیەك بدەن، ئەمەش بۆ پڕكردنەوەی لایەنی ئابووری دەوڵەت‌و سارێژكردنی برینی هەژاریە.
جا ناكرێ موسڵمان ساڵانە ئەو سەرانەیە بدات، بەڵام كەسی ناموسڵمان ئەو سەرانەیە نەدات، كەواتە ئەمە خاڵێك نییە كە بكرێتە جێگای ڕەخنە لە ئیسلام كە بۆچی سەرانەی لەسەر ناموسڵمان داناوە‌و لەسەر موسڵمان داینەناوە، بەڵكو لەسەر هەردووكیانی داناوە، بەڵام بە دوو ناوی جیاواز.
ئەگەر بە وردی سەرنجی سیستەم‌و یاساكانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بدەن كە لە وڵاتانی ڕۆژاواو ڕۆژهەڵاتیش دا پیادە دەكرێ‌و حوكمی پێدەكرێ، خەڵكی چەندین جۆر‌و جەندی قات سەرانەی لێوەردەگیرێ لە ژێر ناوی جۆراو جۆردا.
ئەو كەسە ناموسڵمانەش كە جەزیە دەدات، ئەوە دەبێ بە خاوەنی ئەم مافانە:
یەكەم: دەبێ بە هاوڵاتی‌و هەڵگری ناسنامەی ئەو دەوڵەت ئیسلامیە.
دووەم: سەروماڵی پارێزراو دەبێ، دەوڵاتی ئیسلامی پەیمانی پاراستنی سەرو ماڵی پێ دەدات لە مەترسی ناوخۆی‌و دەرەكی.
سێیەم: بە ئازادی مومارەسەی دروشم‌و شیعارە دینیەكانی خۆیان دەكەن، لە سنوری ماڵ‌و كەنیسەو پەرستگاكانی خۆیان.
چوارەم: لە یاسای كەتن‌و تاواندا موسڵمان‌و ناموسڵمان وەكو یەكن.
پێنجەم: ئەم جزیەدانەش، تەنها پیاوێكی پێگەیشتوو ساغ دەگرێتەوە، منداڵ‌و پیرو ئافرەت‌و كەسی بێ توانا ناگرێتەوە، هەر كەسیش لە پاش ئەوەی كە پیر دەبێ‌و توانای كاركردنی نامێنێ یان بە هەر هۆیەك توانای ئیش كردنی نامێنێ، دەوڵەتی ئیسلامی یارمەتی بۆ دەبڕێتەوە.