24/08/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ئاشتی ھەورامی:ماوەی ٦٠ رۆژە ھەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت
وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێت: تەواوی پارەی داھاتی نەوتەكە گەیشتووەتە دەست وەزارەتی دارایی.
د.ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەدیدارێكی تەلەفزیۆنی كەناڵی (NRT)، باسی ئەو راگەیەنراوەی كرد كە تێیدا بەتوندی وەڵامی وەزارەتی دارایی دایەوەو وتی: "لەكاتێكدا كە وتومانە دەوترێت وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە رێوشوێنەكان بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران بگرێتەبەرو لە ھالك بانك پارەی داھاتی نەوت بخاتەسەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی، بەبڕیاری حزبەكەی نەچووە بۆ توركیا، ئەوە تەنھا لەسەر بنەمای ئەوە بووە كە باسەكە گەرمبووەو واوتراوە".
وتیشی: ھیچ جۆرە ناكۆكییەكی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەبێت و ئێمە بەردەوام وەك یەك تیم كاردەكەین و ئەو لێك تێنەگەیشتەی كە ھەبوو، چارەسەركرا.
سەبارەت بەھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم بەشێوەی سەربەخۆ، ئاشتی ھەورامی، رەخنەی لە سەركردایەتی سیاسی كوردستان گرت كە درەنگ بڕیاریاندا نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆی بفرۆشین.
وتیشی: "بەھۆی رێگرییەكانی حكومەتی عیراقەوە، شەش مانگ زیانمان پێگەیشت لەبڕیاری ھەناردەی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، چونكە ئێمە پلانمان وابوو كە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٥دا نەوت بەسەربەخۆیی بفرۆشین، بەڵام بڕیارەكە لەمانگی حوزەیران چووە بواری جێبەجێكردنەوە".
ئەوەشی ئاشكراكرد كە ماوەی ٦٠ رۆژە ھەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت.
سەبارەت بەتەقاندنەوەی بۆرییە نەوتییەكانی ھەرێمیش، وەزیری سامانە سروشتییەكان، وتی: "تەقاندنەوەی بۆرییە نەوتییەكان و دزینی نەوت لەبۆرییەكانەوە لەلایەن برا كوردەكانەوە، زیانی زۆری پێگەیاندووین بەھۆی تەقاندنەوەی ئەو بۆرییە نەوتییەوە، لەماوەی ١٠ رۆژدا نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیانمان پێگەیشتووە".