24/08/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
شێرکۆ جەودەت داوای مونازەرە لە ئاشتی هەورامی و ڕێباز حەملان دەکات
شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە بانگەوازێكدا نوسیویەتی: "لەم قۆناغەدا بە پێویستی دەزانین كە بانگەوازی هەریەكە لەو دوو بەڕێزە بكەین بۆ بەرنامە و دیبەتێك بە ئامادەبوونی كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ ئەوەی بە راشكاوانە بەڵگهكانیان بخەنەڕوو كە داخۆ كێ بەرپرسە لە دواكەوتنی مووچە بۆ ئەوەی قوتی هاوڵاتیان بە سیاسی نەكرێت".
دەقی بانگەوازەكە:
بانگەوازێك بۆ هەردوو بەڕێزان وەزیری دارایی و سامانە سروشتییەكان
" چارەنووسی مووچەی نەدراوی فەرمانبەران و لایەنی بەرپرسی دەبێت روونببێتەوە"
ئەگەرچی زیاتر لە ساڵێك و چوار مانگە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربووە، تاوەكو ئێستا قەیرانی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەرباری دەیان گرفت و قەیرانەكانی تر چارەسەر نەكراوە، بەم دواییانە گرفتی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران زیاتر بووە و هەر یەكە لە وەزارەتەكانی دارایی و سامانە سروشتییەكان یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە هۆكاری دواكەوتنی مووچە و تاوەكو ئێستاش بۆ ئێمەی پەرلەمانتاران و هاوڵاتیان هۆكاری راستەقینەی ئەو قەیرانە یەكلا نەبووەتەوە.
لەم قۆناغەدا بە پێویستی دەزانین كە بانگەوازی هەریەكە لەو دوو بەڕێزە بكەین بۆ بەرنامە و دیبەتێك بە ئامادەبوونی كەناڵەكانی راگەیاندن بۆ ئەوەی بە راشكاوانە بەڵگەكاكانیان بخەنەڕوو كە داخۆ كێ بەرپرسە لە دواكەوتنی مووچە بۆ ئەوەی قوتی هاوڵاتیان بە سیاسی نەكرێت.