عەلی حەمە ساڵح: ماوەیەکە  ئاشتی ھەورامی زۆر تەلەفون دەکات من وەڵامی ھیچ پەیوەندییەکیم نەداوەتەوە
20/08/2015 نوسەر: bzavpress

عەلی حەمە ساڵح: ماوەیەکە ئاشتی ھەورامی زۆر تەلەفون دەکات من وەڵامی ھیچ پەیوەندییەکیم نەداوەتەوە


عەلی حەمە ساڵح لەبارەی مەلەفی نەوت و ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان بەخستنەڕووی زانیاری و بڵاوکردنەوەی بەڵگە ھەڕەشە لەو وەزیرەی حکومەت دەکات تۆمەتی بەفیرۆدانی چەندین ملیار دۆلاری دەخاتە ئەستۆو
دەڵێت"ناكۆكی‌ نێوان من و د.ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان، ئه‌وه‌یه‌: قبوڵم نییه‌ هه‌زاران ملیۆن دۆلاری‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی‌ حیزبی‌ ببرێت، له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا چه‌ند كه‌سێكی‌ حیزبی‌ و سێبه‌ری‌ حیزب و ته‌نانه‌ت كه‌سی‌ نێو خانه‌واده‌كه‌ی‌ ئاشتی‌ هه‌وارمی له‌سه‌ر بنه‌مای‌ گه‌نده‌ڵی‌ و قۆرخ كاری‌ و به‌رتیل و دزینی‌ نه‌وت‌و گرێبه‌ستی‌ خراپ بوون به‌ خاوه‌نی‌ سه‌دان ملیۆنان دۆلار.

لەو ڕوونکردنەوەیەیدا کەبەناویشانی(ناکۆکی نێوان من و ئاشتی ھەورامی) له‌ تۆری‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ فه‌یسبوك بلاَوی‌ كردۆته‌وه‌، نوسیه‌تی‌: ماوەیەکە د. ئاشتی، زۆر تەلەفون دەکات، من وەڵامی ھیچ پەیوەندییەکیم نەداوەتەوە لەبەر ئەوەی متمانەم پێی نەماوەو پێموایە زیانی گەورە بە ئایندەی ئەم وڵاتە دەگەیەنێت.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:
ناکۆکی نێوان من و ئاشتی ھەورامی
رونکردنەوەی یەکەم
عەلی حەمە ساڵح
ناکۆکی نێوان من و د.ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئەوەیە: قبوڵم نییە ھەزاران ملیۆن دۆلاری خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆ چەند کۆمپانیایەکی حیزبی ببرێت، لەماوەیەکی کەمدا چەند کەسێکی حیزبی و سێبەری حیزب و تەنانەت کەسی نێو خانەوادەکەی ئاشتی ھەوارمی لەسەر بنەمای گەندەڵی و قۆرخ کاری و بەرتیل و دزینی نەوت‌و گرێبەستی خراپ بوون بە خاوەنی سەدان ملیۆنان دۆلار.
لەماوەی دوو ساڵی پەرلەمانتاریمدا چەندین جار لەگەڵ ئەم وەزیرەدا دانیشتووم، بەحزوری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆک و وەزیرەکان، دوایەمین جار لەگەڵ وەزیری دارایی و پیشەسازی و وەزە، وەک نێونەرایەتی گۆڕان دانیشتین و سەرنج و رەخنەکانمان خستەڕوو، بەڵام وەک ھەمیشە چەندین بەڵێنیداو ھیچیانی بەجێنەگەیاند.
لەماوەی رابردوود، ئەو گروپە مافیاگەرانەی کە خەریکی تاڵانکارین لە بواری نەوتداو و ناوی خۆیان ناوە کۆمپانیاو د. ئاشتی ھەورامی ئاسانکارییەکان بۆ دەکات، عەرزی گەورەی گەندەڵی و تەنانەت ھەڕەشەو گوشاریشیان ھەبووە بۆ ئەوەی چاوپۆشی لەو دزی و تاڵانکارییە بکەین کە ئەوان دەیکەن، بەڵام ئێمە نەترساوین و نە بەپارەش گیراوین. ئێستا خودی وەزیر خۆی ھاتووە بوختان دەکات بە ئومێدی راگرتنی ئێمە و چاوپۆشیکردن لە تاڵانکاری.
ماوەیەکە د. ئاشتی، زۆر تەلەفون دەکات، من وەڵامی ھیچ پەیوەندییەکیم نەداوەتەوە لەبەر ئەوەی متمانەم پێی نەماوەو پێموایە زیانی گەورە بە ئایندەی ئەم وڵاتە دەگەیەنێت.
دوێنی برادەرێک، گوتی ئاشتی ھەورامی، دەڵێت: شتم لایە لەسەر عەلی بڵاوی دەکەمەوە، وتم: بێ منەت بێت‌و ئێمە ھیچمان نییە لێی بترسین .
د. ئاشتی، " گەندەڵی" یەکانی منی بڵاوکردەوە!!.
دەڵێت: گوایە من فشارم کردووە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکیدا رێکبکەوێت بۆ مامەڵەیەکی ١٠ ملیار دۆلاری. راستی بابەتەکە بەم شێوەیە.
چەند کەسێک ھاتنە لای من و وتیان ئێمە گروپی کۆمپانیامان ھەیە لە ئەمریکاو ئەڵمانیاو بریتانیا، پێشتر ویستوومانە بۆ ئەم پرۆژە بگەینە سەرۆکی حکومەت، بەڵام بە ھەرکێمان وتووە داوای رەشوەی زۆریان لێکردووین و دواتر ناونییشانی تۆیان پێداوین، گوتیان: دەتوانین ١٠ ملیار دۆلار پێشوەخت بدەین بە حکومەتی ھەرێم وەک قەرزو دواتر نەوتی لێوەربگرێت، منیش وتم وردەکاری پرۆژەکانتان بنێرن، وردەکارییان نارد، من بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وەزەو سامانە سروشتییەکان‌و وەزیری دارایی و چەندین پەرلەمانتارم لێ ئاگادارکردەوە، دواتر بە وردەکارییەوە ناردم بۆ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی حکومەتیش فایلەکەی رادەستی د.ئاشتی ھەورامی کرد، گروپەکەش ھاتنە کوردستان و لەگەڵ ئاشتی ھەورامیدا دانیشتن لە ھەولێرو دواتریش لە لەندەن، بەڵام رێکنەکەوتن، نازانم بۆ؟؟ نە پێشتر و نە دواتریش ئەم گروپەم نەناسییەوە، ھەر ئەمەش جیاوازی من و د.ئاشتی ھەورامییە!!
یەک ئامانجم ھەبووە لەم کارە، ئەویش چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە گەورەی دارایە کە د.ئاشتی دروستیکردووە، بەھۆی گەندەڵی و قۆرخکاری و زانیاری نادروست و بەڵێنی ناڕاست.
تەنانەت ئێستاش گروپێکی گەورەی بانکی و چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی پرۆژەیەکی مامەڵەکردنیان بە بڕی ٢٠ ملیار دۆلار بۆمن ھێناوەو، کە ئامادەن بڕە پارەیەک کەتاوەکو ٢٠ ملیار دۆلارە بدەن بە ھەرێمی کوردستان و دواتر نەوت لە حکومەتی ھەرێم وەربگرن، چونکە ئەمانە دەچنە لای ھەرکەسێک داوای رەشوەیان لێدەکەن بۆیە دێنە لای ئێمە، بەڵام من تاوەکو ئێستا ئەمەم ناردووە بۆ سەرۆکی حکومەت، چونکە دەترسم بیداتە د.ئاشتی ھەورامی!!
دەڵێت: گوایە من فشار دەکەم بۆ پاڵاوگەیەک لە دوکان، ئەم قسە ھەمووی ناڕاستە، چونکە ھیچ پەیوەندیم پێوە نییەو جارێک لە رێگای پەرلەمانتارێکی یەکێتییەوە ھاتوونەتە پەرلەمان و وتوویانە ئێمە دەتوانین کێشەی سوتەمەنی پارێزگای سلێمانی چارەسەر بکەین، دەتوانین بە ١٠ بۆ ١١ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت بۆ حکومەت بپاڵێوین لەکاتێکدا د. ئاشتی، بۆ پاڵاوتنی ھەر بەرمیلێک ١٧ دۆلار دەداتە دوو کۆمپانیای دیکە.
جارێکی دیکەش لە کۆبونەوەماندا کە ٢٠ کەس لە ئەندامانی پەرلەمان و ستافی وەزارەتی لێبووە پەرلەمانتارێکی دیکەی گۆڕان، وتوویەتی بە د.ئاشتی: تۆ نایەڵیت گرفتی بەنزین چارەسەر بکرێت و گرفت بۆ ئەو پڵاوگەی دووکان دروستدەیت، من نە لە دورو نە لە نزیک باسی ئەم پاڵاوگەم نەکردووەو ئەم پاڵاوگەش لەچەند بەرپرسێکی یەکێتییەوە نزیکە، رەنگە ھەر ئەمەش ھۆکارەکەی بێت کە د.ئاشتی گرفتی بۆ دروستدەکات!!.
د. ئاشتی، ئەگەر دۆستی ژینگەیە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە گازوایلەوە ناگۆڕێت بۆ غازی سروشتی، بۆ باجی ژینگەی کۆمپانیا نەوتییەکان ناخاتە خزمەت ژینگە!!
ھەموو کەس دەزانێت ژمارەکانی من ھەڵەیە یان د. ئاشتی کاممان ھەڵەیە!!! ١٠ پەرلەمانتار شاھیدن وتت: لە ٢٠١٥/٦/١٥ ەوە ھەموو مانگێک ٨٥٠ ملیۆن دۆلار دەھێنمەوە کوردستان، بەڵام ئێستا یەک ملیار دۆلاری ئەم پارە دیارنییە!! کە موچەی فەرمانبەرانی کوردستانە!!
ھەڵەی ژمارەی د.ئاشتی بوو کوردستانی گەیاند بەم رۆژە!!
لەم زنجیرە رونکردنەوەو نووسینەدا، دەیان بەڵگەنامە لەسەر خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی، د.ئاشتی، بڵاودەکەمەوە، لە دیارنەبوونی دەیان ملیۆن دۆلاری پرۆژەکان، رێگری کردن لە چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا بە غازی سروشتی و زیانگەیاندنی ١٥ ملیار دۆلار(موچەی دوو ساڵی فەرمانبەرانە) ، قۆرخکاری گەورە بۆ چەند کۆمپانیا، کە بەشێکیان ھی نزیکترین کەسی خانەوادەکەیەتی(سەرۆکی حکومەت خۆی وردەکاری ئەمە دەزانێت و لە د.ئاشتی لەسەر ئەمە تورەو نیگەران بووە)، قەرزارکردنی حکومەتی ھەرێم بە ٢٠ ملیار دۆلارو دروستکردنی قەیرانی دارایی و دەیان گرفتی دیکە.
بەدڵنیایەوە لەپەرلەمان دوای وەرگرتنی متمانە لەم وەزیرە دەکەم، ھیوادارم، سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی پارتی خۆیان لێکۆڵینەوەو ئیجرائات لەگەڵ ئەم وەزیرەدا بکەن، چونکە دواجار ھەموو ئەم کەم و کورتی و گەندەڵیانە ئەوان لێی بەرپرسن.