نەوشیروان مستەفا : هەمواری یاسای سەرۆكایەتی مەبدەئییەو سازشی لەسەر ناكرێت
18/08/2015 نوسەر: bzavpress

نەوشیروان مستەفا : هەمواری یاسای سەرۆكایەتی مەبدەئییەو سازشی لەسەر ناكرێت


نەوشیروان مستەفا لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی سورەو راگەیاندووە دەبێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كەمبكرێتەوەو سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و سیستەمی حكومڕانیش پەرلەمانی بێت نەك سەرۆكایەتیو رایگەیاندووە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی مەبدەئییەو سازشی لەسەر ناكرێت.
رۆژنامەی ئاوێنە بڵاویكردووەتەوە دوای سەردانی هەریەك لە عەلی باپیر و كۆسرەت ڕەسوڵ، جەلالی سام ئاغا و عەدنان موفتی و فوئاد مەعسوم بۆلای نەوشیروان مستەفا رێكخەری گۆڕان بۆ ئەوەی گەرم و گوڕییەك بە پەیوەندیەكانی نێوان نەوشیروان مستەفا و بارزانی ببەخشن و دەروازەیەك بۆ دەرچون لەو بنبەستە بدۆزنەوە كە بەهۆی پرسی سەرۆكایەتیەوە، كوردستانی تێكەوتوە.بەڵام نەوشیروان مستەفا لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی سوربوو بەوەی كە دەبێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كەمبكرێتەوە، سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و سیستەمی حكومڕانیش پەرلەمانی بێت نەك سەرۆكایەتی.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە نەوشیروان مستەفا بەهەموو ئەو كەسانەی راگەیاندووە : "مەسەلەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم مەسەلەیەكی مەبدەئی بێ پاشگەزبونەوەیە و سازشی لەسەر ناكرێت"
هەمان سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات تەنانەت نەوشیروان مستەفا ئامادە نەبووە بچێتە ژێر خواستی ئەمریكیەكان و كاتێك بریت ماكگۆرد یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەردانی نەوشیروان مستەفای كردووە و پێشنیاری ئەوەی كردووە لەپێناو ئەوەی هەرێمی كوردستان گرژی و ئاڵۆزی تێنەكەوێت بارزانی بۆ ماوەی دوو ساڵی تر لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، لە وەڵامی ئەودا وتویەتی "ئەگەر مەسەلی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆك ئەوەندە گرنگە بۆچی ویلایەتی یەكێك لە سەرۆكەكانی خۆتان درێژ ناكەنەوە؟".
هەروەك دكتۆر مەحمود عوسمان سیاستمەداری كورد بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، بڕواناكات كاك نەوشیروان لە ئێستادا بۆ ئەوە ئامادە بێت سازش لەسەر ئەو پرسە بكات.