به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ چوار فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌
15/08/2015 نوسەر: bzavpress

به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ چوار فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌


 هه‌ر چوار فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و گۆڕان و یه‌كێتی‌،  له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌یاننامه‌یه‌كیان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ سه‌ر په‌رله‌مانتاران بڵاوكرده‌وه‌. رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ هه‌ندێك ده‌زگا و ناوه‌ند به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك په‌رله‌مانتاران و چالاكانی سیاسی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیان خستوه‌ته‌ ژێر فشاری ترس و تۆقاندن و ناوزڕاندنه‌وه‌، راشیده‌گه‌یه‌نن كه‌ پاراستنی گیان و شكۆی په‌رله‌مانتاران له‌ ئه‌ستۆی ده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایشه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌یه‌:

هەموان دەزانن قەیرانی سەرۆکایەتی، هەرێمی کوردستانی خستوەتە دۆخێکی هەستیار و چارەنوسسازەوە. جێگەی داخە، جیاوازی لە دیدی حیزب و لایەنە سیاسیەکان پەیوەندیەکانی بردوەتە ئاستێکی گرژ و ئاڵۆزەوە. ئێستا دۆخەکە بە ئاستێك گەیشتوە کە هەندێك دەزگا و ناوەند بەشێوەیەکی سیستەماتیك پەرلەمانتاران و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنیان خستوەتە ژێر فشاری ترس و تۆقاندن و ناوزڕاندنەوە.
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی راستەقینەدا تێدەپەڕێت، ناکرێت پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بێدەنگ و بێهەڵوێست سەیری لافاوی روداوەکان بکەن وڵاتەکەمان بەرەو تونێڵێکی تاریك لول بدەن. بۆیە پەرلەمانی کوردستان لە هەردو ئاستی سیاسی و یاسایی چەندین دەستپێشخەری و فرسەتی خستە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان. هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەربازکردنی هەرێم لە قەیرانی سەرۆکایەتی لەسەر بنەما یاسایی و رێکارە کارپێکراوەکان بەڕێوەچون، بەڵام بەداخەوە، لەبری پێشوازی و پشتیوانی، پەرلەمانی کوردستان کەوتە بەر تانە و تەشەری هەندێك ناوەندی گرنگ و کاریگەری هەرێم.
ئێمە ململانێی نێوان ئەجێندا و لایەنە سیاسیە جیاوازەکان وەك دیاریدەیەکی سروشتی کۆمەڵگای دیموکراتی و مەدەنی دەبینین، بەڵام بێخەمی دەزگاکانی ئاسایش لە پاراستنی پەرلەمانتاران لە هەڕەشە و ناوزڕاندن و هەوڵدان بۆ دۆزینەوە و سزادانی تاوانباران بەتەواوی نائاساییە. ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە، بەتایبەتی دەزگاکانی حکومەت و ئاسایش لە هەولێری پایتەخت، رێگری بکەن لە فراوانبونەوەی گرژیەکان و بەکارهێنانی ئامرازە نادیموکرات و نامەدەنیەکان لە ململانێ سیاسیەکاندا. ئێمە بە راشکاوی رایدەگەیەنین کە پاراستنی گیان و شکۆی پەرلەمانتاران لە ئەستۆی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشە و داوایان لێدەکەین چیتر لە ئاست هەڕەشە و فشار بۆسەر پەرلەمانتاران بێخەمی نەنوێنن.


فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی                      فراکسیۆنی گۆڕان
فراکسیۆنی یەکێتی                                  فراکسیۆنی یەکگرتو
هەولێر
١٥ ی ئابی ٢٠١٥