08/08/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
بەرپرسانی كورد لە بەغدا ئامادەن بۆ لێپرسینەوە
ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت: شۆڕشەكەی عەبادی
دژی گەندەڵی نوێنەری چەند كوتلەیەك دەكاتە قوربانی بۆ هێوركردنەوەی توڕەیی
خەڵك، دەشڵێت: "كورد دژی گەندەڵییە و ئامادەی هەموو لێپرسینەوەیەكین" .
د. ئەشواق جاف ؛ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی؛ لە
لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) وتی: "ڕاستە شۆِرشەكەی عەبادی بە پاڵپشتی مەرجەعیەت
دژی گەندەڵی دەستی پێكردوە، بەڵام ئەوە نوێنەری كوتلەكانە لە حكومەت گەندەڵ
و كەمتەرخەمن، بەڵام هەرگیز گەندەڵی لە عیراق نابێتەوە".
وتیشی: "بۆ هێوركردنەوەی توڕەیی خەڵك، ڕەنگە لەم شۆڕشەدا هەر كوتلەیەكی
بەشدار لە حكومەتەكەی عەبادی نوێنەرێكی بكاتە قوربانی، بەڵام كۆتایی بە
گەندەڵی نایەت، چونكە لە پاش دەكردنی بەرپرسەكە لێپرسینەوەی لەگەڵ ناكرێت".
ڕاشیگەیاند، لە كابینەكانی پێشتری حكومڕانی عیراق مۆڵەتی سەد ڕۆژە بۆ جەنگ
دژی گەندەڵی ڕاگەیەنرا و هیچی پێنەكرا، ئێستاش چاوەڕێی ئەوە ناكرێت بەم
شۆڕشە گەندەڵی لە عیراق ڕیشەكێش بكرێت.
د. ئەشواق جاف ئاشكراشی كرد، وەك نوێنەری كورد لە حكومەتەكەی عەبادی لە
جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیر و بریكارەكانی ئامادەی هەموو ڕیكارێكن لەمەڕ
بنەبڕكردنی گەندەڵی، ئامادەی هەموو لێپرسینەوەیەكن، وەك كوتلە
كوردستانیەكانیش هەمیشە دژی گەندەڵین و پشتوانیشی لێناكەین.
ئەمە لەكاتێكدایە خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی بەغدا و شارەكانی دیكەی
عیراق، كە داوای بنبڕكردنی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دەكەن،
حكومەتی عیراقی ناچار كرد بڕیار لەسەر كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی نائاسایی
بدات، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانیش جەخت لەوەدەكاتەوە، كە عەبادی سوورە لەسەر
ئەنجامدانی چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی.
س. خەڵك