04/08/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
دوونیا تەنها ژیانی نێو گرتووخانەكەی تۆ نییە
پاشایەك ئەبێ، فەرمانێكی شاهانەیی دەردەكات بۆ دەستگیركردنی دوو لاوی تەمەن بچووك... كە مەترسی ئەوەیان لێدەكرا خوێنی شاهانەیان تێدابێو.. لەداهاتوودا ببـن بەمەترسی بۆ سەر تەخت و بناماڵەی شاهانە ، لە ناو فەرمانەكەدا هاتووە كە بە دەستو چاوبەستراوەیی، ڕاپێچی یەكێك لە گرتوو خانەكانی ناو قەڵاكەیان بكەن... سەربازەكانی پاشا دەستبەجێ فەرمانەكە جێ بەجێ دەكەنو.... پەلكێشیان دەكەنو تووڕیان دەدەنە ناو گرتووخانەكەوە... لە ژووێكی بچووكدا بەندیان دەكەن... ئەم ژوورە تەنها دوو پەنـجەرەی تێدا دەبێ... یەكێكیان دەڕوانێت بەسەر چیایەكدا... ئەویتریان دەڕوانێ بەسەر ڕووبارێكی بچووكدا .... ئەم بەندكراوانە تەمەنێكی زۆرو توولانی لە نێو ئەم گرتووخانەو ئەم ژوورە بچوكەدا بەسەر دەبەن... تەمەنی لاویو گەنجیو بەشێك لە پیری تێپەڕ دەكەن... تاوەكو وای لێدێت دیمەنەكانی دەرەوەیان لەبیـر دەچێتەوە... لە ژیانی دەرەوەی گرتووخانەكە تەنها ئەوەی لەبیریان مابێ، ئەو چیاوو ڕووبارە بچووكەیە كە لە پەنجەرەكانەوە تەماشایی دەكەن... لەم ساتو وەختەدا پاشا فەرمان دەكات یەكێك لەو دوانە ئازاد بكەن... جا ئەو پیاوە كە لە بەندینخانە دێتە دەرەوە بەسەرو ڕیشی سپی یەوە بە ژیان ئاشنا دەبێتەوە... كە تەماشای دەورو بەری گرتووخانەكە دەكات دەبینێ لە نێوان چیاكەو ڕووبارەكەدا پاخو باخاتو دارستانێكی زۆر چڕووپڕوو جوان هەیە، كە تەماشای چیاكە دەكات دەبینێ ئەمە چیایەكی بچووك نییە، بەڵكو ئەمە زنجیر چیایەكە، ئەوان تەنها تۆزێكیان بینیوە... كە تەماشای ڕووباركەش دەكات دەبینێ ڕووبارەكەش زۆر لەوە گەورەترە كە ئەمان لێی تێگەیشتوون... ڕۆژێك دێتەوە بۆ گرتووخانەكەو دەیەوێت سەردانێكی هاوڕێ دێرینیەكەی بكاتو، ئەو ڕاستیانەی لەو شاراوەتەوە دەربارەی دیـمەنی دەرەوەی گرتووخاكە تێی بگەیەنێ... پێی ووت هاورێ ئازیزەكەم ئایا دەزانی دوونیای دەرەوەی ئەم گرتووخانەیە تەنها ئەو چیاو ڕووبارە بچووكە نییە كە پێشتر ئیمە لێی حاڵی ببووین... ئاگادار بە لە نێوان ئەم ڕووبارو چیایەدا پاخو باخاتو دارستانێكی زۆر چڕووپڕوو جوان هەیە... چیاو ڕووبارەكەش تەنها ئەوەندە نییە كە لە ئێمەوە دیارە بە، بەڵكو ئەوە بەشێكی كەمێتیو زۆربەی لە ئێمە شاراوەتەوەو نەمان زانیوە.... كابرای بەند كراو دەسبەجێ بە برادەرەكەیدا هەڵدەشاخێو پێی دەڵێ بەڕاستی تۆ تێك چوویو مێشك لە دەستداوە... دەتەوێ بەم قسەتازانەی كە ئێستا دەیكەیت باوەڕت پێ بكەم كە دوونیای دەرەوە زۆر لەوە زیاترە كە من لەو پەنجەرانەوە دەیبینم... ئەوەی تۆ باسی دەكەی بیكردنەوەیەكی تازەیەو دەتەوێ مێشكی من بشۆیتەوە... باوەڕ بە قسەكانت ناكەم.... گومانم لە ژیریت هەیە چونكە تۆ لە دوای دەرچونت لە بەندین خانە تێچووی....
بەڕێزان: لەمەوە دەمەوێ دووخاڵ بخەمە ڕوو:
یەكەم :
-----------
هەندێ كەس لەم ژیانەدا وەكو كابرای بەند كراو تەنها لە گۆشە نیگای خۆیەوە شت دەبینێ... هەر ئەوە بە حەقو ڕاست دەزانێ كە خووی پێوەگرتووەو تەلقین كراوە لەسەریو بە گوێی دا خوێنراوەو لە دەلاقەی خۆیەوە دەیبینێ... ئەگەر پێی بوتری دونیا هەر ئەو چیاو ڕووبارە بچووكە نییە، دوونیا تەنها ڕەشو سپی نییە لە نێوەندە شتی تر هەیەو ڕەنگی تر هەیە، پێی هەزم ناكرێو پێی پەسەند ناكرێ، نەك لەبەر ئەوەی كە شتەكە نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە ئاستی بینینو بیستنو تێگەیشتنی ئەو بۆ شتەكان سنوردارەو قەتیسكراوە، بۆیە زۆر بەئاسانی ئینكاری لە هەموو ئەو حەقیقەتو ڕاستیە بێ چەندو چوونو حاشا هەڵنەگرانە دەكات... هەموو بەڵگەكەشی بۆ بەرەنگاربوونەوە ئەوەیە وەكو كابرای بەندكراو تۆمەت دروستكردنە بەوشەیەك كە پیشەی ئینسانی زاناو داناو مونصیفو لە خواترس نییە كە دەڵێ (تێكچووی)، ئینسان بێ ئینصاف هەمیشە ڕەفتاری وابووە كە بەڵگەی بەدەستەوە نەما، ئەوە بۆ ڕاكردنو خۆ قوتاركردنو خۆشاردنەوە لە ڕاستیەكان، بەرامبەر تۆمەتبار دەكات.
دووەم:
------------
ئەم پیاوەی كە ئینكاری كرد لەو ڕاستیانەی كە لەدەرەوەی گرتووخانەكە بوونی هەیە، ئەگەر كەسێك بێت پرسیاری شتێكی لێ بكات دەبارەی ئەو باخو باخاتو دارستانەی كە لە نێوان چیاوو ڕووبارەكەدا بوونی هەیە، دەبێ وەڵامەكەی چەندێ كۆكو تەبابێ لەگەڵ واقع!!!؟؟؟، بۆیە هەندێ كە
هەندێ كەسیش لە دوورەوەو بێ ئاگایایە لە واقع، بێ ئەوەی بزانێ لە دەوروبەری چی ئەگوزەرێ، دوور لە هەموو ئەو گۆڕانكاریانەی كاتو ڕۆژگار دەژی، تەنها ئەو دونیایە دەبینێو دەخوێنێتەوە كە خۆی تێدا دەژیو، دێت زۆر بێ باكانە بەڵگە شەرعیەكان دەچەسێنێ بۆ واقعێك كە زانیاری ئەو بۆ ئەو واقعە وەكو زانیاری كابرای بەندكراوە بۆ دەرەوەی گرتووخانەكەی.
د.كاوە ئەكرەم سەنگاوی