31/07/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ئیسلام لەژێر سایەیی سکۆلاردا
نالێم کام دەستور باشە بۆ ئێمە، دەستورێکی سیکۆلار یان ئیسلامی؛ چونکە پرسیارێکی وەها تەقلیدی لەمرۆدا لەبازاری ئەم گۆرانکارییە زۆرە فیکریانە هیچ نرخێک ناکات.
ئەمرۆ ۲٤ سالی رەبەق تێپەر دەبێت بەسەر بەدەستەوەگرتنی کایەیی حوکمرنی لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە؛ لەو ساتەوە تا ئەمرۆ دەسەلات لەلایەن کەسانێکی سیکۆلارەوە بەرێوە دەبرێت بێ ئەوەی سستمە سیاسیەکەمان رەنگێکی جێگیر وەربگرێت.
ئەمێستاکە کەگفتوگۆیەکی توند دروست بوە لەنێوان دوو بەرە کەدەیانەوێت کۆمەڵگە دابەش بکەن بۆ دوو بەرداشی ئیسلامی و سیکۆلار بەمەش گۆرەپانێکی گەورەی جەنگ و کێلگەیەکی فراوانی دوو بەرەکی دەکەنەوە بێ ئەوەی هیچ لایەکیان بزانن هۆکاری ئەم جەنگە چیە و بۆ کێی دەکەن و لەبەرچی دەیکەن.
کەسی مسولمان لەم هەرێمە و لەژێر سێبەری ئەم یاسا و دەسەلاتەدا کەکەسەکانی سیکۆلارن تەواو ئازادە لە:
ـ پیادەکردنی سەرجەم پەرستشەکان لە (نوێژ و رۆژو حەج و زەکات و خێر و خێرخوازی .... هتد).
ـ ئازادی تەواو لەکاری بلاوکراوەو نوسینی کتێب و دەرکردنی رۆژنامە و گۆڤار و بلاوکەرەوەی دی.
ـ پەروەردەکردن و فێرکردنی مندالان بەزانستە شەرعییەکان لەرێگەی حوجرە و قوتابخانە تایبەتەکانی وەزارەتی ئەوقاف.
ـ بون بەکەلتور بونی بنەما نەگۆرەکانی شەریعەتی ئیسلامی لەنێو کۆمەلگەی کوردی.
ـ رەنگداندانەوی دەقە ئیسلامییەکان لەیاساکانی باری کەسێتی و دەیان یاسایی دیکە.
ـ رێگەدان بەدروستکردنی پارت و رێکخراو و ناوەندە ئیسلامییەکان.
ـ دروستکردنی هەزاران مزگەوت و لێخۆشبونی خاوەنەکەی لەباج.
ـ خوێندنی پەروەردەی ئیسلامی لەقوتابخانەکان لەسەرجەم قۆناخەکانی خوێندن لەسەرەتایی تا زانکۆ.
ـ پیادەکردنی سەرجەم روکارە ئیسلامییەکان وەک لەچک و ریش و پانتۆلی کورت و ... هتد، بێ هیچ سانسۆرێک لەسەرجەم سێکتەرەکان.
ـ دروست بونی پێکەوەژیانی ئاینی لەنێوان هەموو قوتابخانە ئیسلامییە جیاوازەکان وەک حیزبی و سەلەفی و سۆفی ... هتد.
ـ رێزگرتن لە سروت و بۆنە ئاینییەکان لەلاین حکومەتەوە وەک بەپشوکردنی هەینی و جەژنەکان و قەدەخەکردنی دوکانی مەی فرۆشەکان لەمانگی رەمەزان ... هتد.
کۆی ئەم خالانە و دەیان و بگرە سەدان خالی دیکە وامان لێ دەکات ئەو جەنگەی کەدەکرێت لەئێستادا جگە لەجەنگی تێکدانی بەها رێز لێگیراوەکانی کۆمەلگە ناوێکی دیکەی نەبێت.
ئەوەی پرسیارە لای بەندە ئەوەیە ئەو دەقەی ئیسلامییەکان دەیانەوێت جێگیری بکەن لەم پرۆژەی دەستورە ئەگەر لەپلکیان دەرچوو و جێگیر نەکرا ئەوا ئەو پێکەوەژیانەی لەسەرەوە باسم کرد هەموی لەدەست دەرئەچێت؟!
ئەمە چ یاریکردنێکە بەئاگر و کردنەوەی چ دەرگایەکە؟
بۆچی دەبێت بترسین لەشت گەلێک کەئەمرۆکە بوتە نەریت و بوەتە کەلتور؟ بۆ هێزی دەستور گەورەترە یان کەلتور؟
ئەوەی بەشێک لەئیسلامییەکان ئەمرۆ بانگەشەی بۆ دەکەن و سکۆلارەکانی پێ تاوانبار دەکەن چارەکێکی ئەو مافانە نادەن بەبەرامبەریان ئەگەر خوا نەکردە دەسەلاتیان هەبێت.
بەلێ بۆ دەستورێک کە رێز لەئاین و سەرجەم بەها مرۆڤایەتییەکان بگرێت دەستورێکی دیموکراتی مەدەنی، نەخێر بۆ دەستورێک کەناوی دەستوری ئیسلامی بەتەنها یان دەستوری سکۆلار بەتەنها بێت. کە بمان گەرێنێتەوە بۆ جەنگی سارد و جەنگی ئایدۆلۆژیا.