27/07/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەندامیکی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی باس لە پلانی ترسناکی زلهیزەکان ئەکات بۆ لاواز کردنی ناوچەکە
ئەنداميكى سەركردايەتى بزووتنەوەى ئيسلامى (ئیحسان شێخ عەلی عەبدولعەزیز ) لە لاپەرەى تايبەتى خۆى لە تۆرى كۆمەلايەتى فەيسبووك لەسەر بارودۆخى كوردستان باس لە پلانى ترسناكى زلهيزەكان ئەكات بۆ لاواز كردنى ناوچەكە.
بەیانێك لەسەر بارودۆخی كوردستان و ناوچەكە بۆ رای گشتی و هێزە سیاسیەكان
ئیحسان شێخ عەلی عەبدولعەزیز
لای هەمووان ئاشكرایە ناوچەكەمان بە بارودۆخێكی زۆر هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت, ئاگری بەرژەوەندی و پیلانی زلهێزەكان ناكۆكیە قوڵ و كۆنەكانی ناوچەكەی هێناوەتە جۆش و لە پەلهاویشتنی زیاتریشدایە, گرنگە ئێمە وریابین و خەڵكی خۆمان نەكەینە سوتماكی ئەو ئاگرەی لە ململانێی زلهێزەكاندا هەڵگیرساوە, ئێمە پێش چەند ساڵێك لە نوسینێكدا هۆشیاریماندا كە لەم ململانێ مەترسیدارانە تێوەنەگلێین كە بەرەدژ بەیەكەكانی ناوچەكەی دابەشكردووە, بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەخوێندنەوەی وردی رووداوەكان و رووداوەكانی ئایندە, هەرێمی كوردستانیش پریشكی ئەم ئاگرە مەترسیدارەی بەركەوتووە, ئەوانەی كە لەم بوارەدا هۆكارن و كەمتەرخەم بوون بەرامبەر نەوەكانی ئایندە بەرپرسیارن و مێژوو رەحمیان پێناكات!
بەداخەوە كاربەدەستەكانمان لەبری گرنگی دان بەبەرژەوەندی گشتی و لەبەرچاوگرتنی خەونی خەڵكە ستەم دیدەكەمان, تەنها گرنگی بەبەرژەوەندی كەسی و حیزبی خۆیان دەدەن و زیاتر وەك بازرگانێك مامەڵە دەكەن نەك وەك كەسی دەوڵەتمەدار, لەم حاڵەتەدا تەنها ئایندەی گروپێكی بچوكی دەوری خۆیان مسۆگەر دەكەن و میللەتیش دەخەنە بەر ئاگری هەموو تاقیكردنەوەو ململانێكان, ئەو گۆرانكارییە سیاسی و سەربازییانەی لەم ماوەیەدا روودەدەن, لەوانە تێوەگلانی توركیا لە شەڕی سوریا و هێرشی بەرفراوانی ئەو وڵاتە بۆ سەر چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان, هاتنی وەزیری بەرگری ئەمریكا و وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ هەولێر, رێكەوتنی ئێران و گروپی 5+1 لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە, سەرجەمیان پەیوەندییان پێكەوە هەیەو گرێدراوی یەك بازنەی مەترسیدارن, بۆیە ئەگەر زۆر وریا نەبین ئەوا دوور نیە ناوچەكەی ئێمەش ئەو دابەشكارییە مەترسیدارە بیگرێتەوە و كاریگەری قوڵیشی لەسەر كێشەكانی ناوخۆشمان دەبێت كە بەبڕوای ئێمە كات بۆ ئەمە زۆر درەنگە و هەوڵی بەرپرسیارانەی كەسە دڵسۆزەكانی دەوێت!
سەرجەمی ئەو ململانێیانەش كە ناوچەكەی گرتۆتەوە بەپیلانی زلهێزەكانی دەزانین بۆ زیاتر لاوازكردنی وڵاتە ئیسلامیەكانی ناوچەكە و سەرقاڵكردنیان بەیەكترەوە, بۆ ئەوەی بتوانن چەكە كۆنەكانیان ساغ بكەنەوەو بۆ ئایندەش بە بەهای سەدان ملیار دۆلار هەلی كار بۆ كۆمپانیاكانیان مسۆگەر بكەن لەو كاولكارییەی كە رووی لەم ناوچەیە كردووەو لە ئایندەشدا زیاتر دەبێت, گیرۆدەكردنی سعودیە بە جەنگی یەمەنەوە و لەباربردنی تواناكانی ئێران لەو كێشانەی كە لەوڵاتە دۆستەكانیدا لە ناوچەكەدا هەن, تێوەگلاندنی توركیا لەجەنگ، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر دانی بەخۆیدا نا كە نەچێتە جەنگەوە چونكە خاوەن پێگەیەكی بەهێزە لەناوچەكەو هەژموونی ئیسلامی بوونی رۆژ لە دوای رۆژ زیادی دەكردو ئەمەش بوە مایەی نیگەرانی دوژمنانی ئیسلام بە شەڕی سوریاو سەرهەڵدانەوەی جەنگی نێوان سوپای توركیا و چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان و هەوڵی كردنەوەی ناوچەیەكی دژە فڕین لەنێو خاكی سوریا دەستپێكردو رووی ئاشكرای بەجۆشهاتنی ململانێ سەختەكانی ناوچەكە و دەركەوتنی پیلانی مەترسیداری زلهێزەكانیش زیاتر دەركەوت. وڵاتی عەرەبستانی سعودیەش بەزیادبوون و بوژاندنەوەی ئابووریەكەی نیگەرانی زلهێزەكانی بەدوای خۆیدا هێناو پەلكێشی شەڕی یەمەن كرا. لە ئێستادا پێویستە دەوڵەتەكانی ئێران و توركیاو سعودیە بە لۆژیكی عەقڵ لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوەو ئەوا چارەسەری خێرا بۆ كێشەكانی یەمەن و سوریاو عێراق دەدۆزنەوەو پیلانی دوژمنان و زلهێزان هەڵدەوەشێتەوە
زۆرپێویستە ئێمەی كورد نەچینە ئەو بەرانەوەو هێندەی لەتوانا و ئیمكاندایە خۆمان لەو كێشەو ململانێیانە بەدوور بگرین و بەزووترین كات هەوڵی بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بدەین بۆ سەرجەم حیزبە كوردستانیەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان و پێكەوە بتوانین پێگەی خۆمان بەهێزتر بكەین بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو مەترسیانە. چونكە ئەگەر وشیار نەبین و بەرپرسیارانە مامەڵە نەكەین ئەوا هەرچی روو ئەدات لەناوچەكە وە ئەو پیلانەش كە زلهێزەكان ئەیكەن ئێمەش ئەبین بەبەشێك لەو گۆرەپانەو ناوچەكەی ئێمەش لەو پیلانانە بەدوور نابێت...
اللهم فاشهد...
27/7/2015