عەدنان عوسمان: تەنها دوو سیناریۆ هەیە بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم
06/06/2015 نوسەر: bzavpress

عەدنان عوسمان: تەنها دوو سیناریۆ هەیە بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم

عەدنان عوسمان، ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوەی دەستور، دەڵێت: چ یاساو چ عورف و چ بەرژەوەندی باڵای هەرێم ڕێگە بە سێبارە كاندیدبونی مەسعود بارزانی نادەن، بۆیە هەق وایە (پارتی و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتو و گۆڕان) لەسەر كاندیدێكی تەوافقی ڕێكبكەون.

عەدنان عوسمان، لەنوسینێكدا لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە: لەگەڵ نزیكبونەوەی كۆتایی هاتنی وادەی سەرۆكی هەرێم، دەربازبون لەو بابەتە لە دوو سیناریۆ تێناپەڕێت، سیناریۆی یەكەم ئەوەیە ئێستا كە چ یاساو چ عورف و چ بەرژەوەندی باڵای هەرێم ڕێگە بە سێبارە كاندید بونی جەنابی كاك مەسعود نادەن، هەق وایە هەر پێنج لایەن (پارتی و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتو و گۆڕان) لەسەر كاندیدێكی تەوافقی ڕێكبكەون جا چ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت یا بەگوێرەی یاساكە لەلایەن خەڵكەوە (باشتر وایە لەلایەن هەیئەتێكی هاوبەشەوە كە لەپەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم پێكدێت، هەڵببژێردرێت و یاسای سەرۆكایەتی بە گوێرەی ئەوە تەعدیل بكرێت، ئەو دیاری كردنەی كاندیدەكە دەبێت بە گوێرەی دابەش بونی دەسەڵاتەكان و ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێت لە هەرێمدا.

سەبارەت بە سیناریۆی دووەم، عەدنان عوسمان، باسی لەوەكردووە: لە حاڵەتی سوور بونی پارتی لە كاندیدكردنەوەی كاك مەسعود و گۆڕینی یاساكان بەو شێوەیەی بوار بەخولێكی تر بداتەوە، ئەوا هەق وایە چوار لایەنەكەی تر لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێك بكەون و خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بكەونە نێو كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە، جا چ لەلایەن پەرلەمان بێت یاڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە بەگوێرەی یاساكەی ئێستا.