سبەی لێژنەی ئامادەكردنی دەستوری هەرێم كۆدەببێتەوە
31/05/2015 نوسەر: bzavpress

سبەی لێژنەی ئامادەكردنی دەستوری هەرێم كۆدەببێتەوە

دوای دانانی پەیڕەو بۆ لێژنەكەیان ، بڕیارە سبەی دووشەممە بۆ جاری سێیەم لێژنەی ئامادەكردنی دەستوری هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە .

ئەبوبەكر هەڵەدنی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەڕلەمانی كوردستان و ئەندامی لیژنەكە ڕایگەیاند" سبەی بۆ جاری سێیەم لێژنە 21 كەسیەكەی دەستوری كوردستان كۆدەبێتەوەو ئێستا میكانزمی چۆنیەتی كاركردنی لیژنەكەو وادەی كۆبونەوەكانی و پڕۆگرامەكانی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرو بڕیاردەر بۆ لیژنەكە یەكلاكراوەتەوە".

وتیشی " بەداخەوە تائیستا تەنیا ئەو بابەتانەی باسم كرد ڕێكخراوەو هیچ بڕگەیەكی دەستور ئامادەنەكراوە ، هیواخوازین ئەم لیژنەیە لەكاتی خۆیی و لە 90 ڕۆژەكە كارەكانی تەواو بكات و پێویستی بە ماوە درێژكردنەوە نەبێت".

لیژنەی ئامادەكردنی دەستوری كوردستان لەلایەن پەڕلەمانی كوردستانەوە پێكهێنراوەو لە 21 ئەندام پێكهاتوە .