وەزارەتی دارایی موچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی کوردستان ئاشکراده‌کات
22/08/2013 نوسەر: bzavpress

وەزارەتی دارایی موچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی کوردستان ئاشکراده‌کات

بریكاری وەزارەتی دارایی مووچەی سەرۆكی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات‌و دەڵێ "ناعەدالەتی لە سیستمی مووچەدا هەیە".
رەشید تاهیر، بریكاری وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان به‌شداری له‌ بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی که‌ناڵی ڕووداودا كرد که‌ لەبارەی بڕیاری زیادكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوەبۆی سازدرابوو رایگەیاند "دوای دەرچوونی بڕیارەكە لە حكومەتی عێراق، پێویست دەكات بە نووسراوی فەرمی بگاتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوكاتەش ئێمە پابەند دەبین پێیەوە".

بریكاری وەزارەتی دارایی مووچەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیران و ئەرسەلان بایز، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی ئاشكراكردو لەبارەی مووچەی نێچیرڤان بارزانی و ئەرسەلان بایزەوە گوتی:  "سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان پلەی ئەلیفن و مووچەكەیان لە 2 ملیۆن و 412  هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 3 ملیۆن، ئەم جیاوازییەش لە دەرماڵەیە نەك بنەڕەتی وه‌مووچەی بنەڕەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 3 ملیۆن و هەندێكە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دادپەروەریی لەنێوان مووچەی پلە كۆتاكان و پلە تایبەتییەكان هەیە، بریكاری وەزارەتی دارایی گوتی "عەدالەت لە سیستمی مووچەدا نییە،ئەگەر بەراوردی نێوان پلە تایبەتییەكان، بۆ نموونە وەزیر لەگەڵ پلەی 10 دا بكەین ئەو جیاوازییە لە مووچەی بنەڕەتی 17 جار و بە دەرماڵەكانەوە رەنگە 60 جار زیاتر بێت".

 س.ع