24/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
بەیاننامەی حزبی دیموکرات لەبارەی ئاڵۆزیەکانیان لەگەڵ پەکەکە
حزبی دیموكراتی كوردستان بەیانێكی دەربارەی تێكهەڵچوونەكانی ئەمڕۆی كێلە شین دەركرد و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، خەریكە سوپای پاسدارانی ئێران و گەریلاكانی پەكەكە تێكەڵاو دەبن.
لە بەیانەكەدا هاتووە :"دوای چەند رۆژ هەوڵ و چالاكیی چەندین لایەنە بۆ دانیشتن و دیاڵوگ لەگەڵ سەركردایەتیی pkk بۆ ئەوەی تووشی رووداوی ناخۆش و دڵتەزێن نەبین و گرفت و كێشەیەك، كە لە نێوان دا هەبوو بە لێك تێگەیشتن و دیالۆگ چارەسەری بكەین، pkk فەرمانی بە هێزەكانی كرد كە هێرش بكەنە سەر پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران".
ئاماژەی بەوەش كردووە "بەرەبەیانی رۆژی یەك شەممە هێزەكانی pkk تەقەیان لە پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كرد و شەڕی نەخوازراو لەگەڵ هێزێكی كوردیی بەسەردا سەپاندووین".
ئاشكراشی دەكات "بەپێی هه ندێك زانیاری، هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە مۆڵ دراون و ئەگەری زۆری تێكەڵ بوونی هێزەكانیان لەگەڵ هێزەكانی pkkدا هەیە".
ئەوەش هاتووە "ئەو شەڕە نەخوازراوە دەكرا بە رێگای سیاسی و لۆژیكییەوە خۆی لێ لا بدەین و دەستە و یەخە لەگەڵ هێزیك نەبین، كە ئەركی ئەو رزگاریی بەشێكی دیكەی كوردستانە و ئێمە كە بەدژی كۆماری ئیسلامی خەبات دەكەین، ئەوان نەكەونە ئەو نێوە و رووداوەكان بە ئاڕاستەیەكدا نەچن كە ئەوان ببنە سپەر و قەڵغان بۆ هێزی پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران".
جەختیش لەوە دەكاتەوە "ئێمە وەك حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، ئەوپەڕی بەداخبوونی خۆمان بۆ ئەو كردەوە دزێوەی pkk رادەگەیەنین كە دەچێتە خانەی خیانەت بە خەباتی كوردەوەو ئەوەش رادەگەیەنین نە دەسپێكەری شەڕ بووین و نە خوازیاری درێژەی كێشانی ئەو ناخۆشی و شەڕەین و داواكارین كە هەم رێبەرایەتیی pkk پەنا بباتە بەر مەنتق و لۆژیكی سیاسی و نەتەوەیی و دەست لەو رێگا هەڵەیە گرتوویەتی بەر، هەڵگرێ".
دەشڵێن :"وێڕای هەموو هەوڵ و تێكۆشانێكی نەتەوەیی و سیاسی و ئاشتیخوازانەمان، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە تەسلیمی گوشار و هەڕەشە و خۆسەپێن نابین".