23/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ته‌نها یه‌ك حزب ده‌نگی بۆ مهاباد هه‌ڵبری
حزبه سیاسیه‌كانی كوردستانی باشوور هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی كه له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا مهاباد‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی گرته‌وه، ته‌نها یه‌ك حزب نه‌بێت كه به‌پێی وته‌ی یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی به‌نیازی ئه‌وه‌بوون به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ته‌واوی حزبه‌كان به‌یاننامه بڵاوبكه‌نه‌وه، به‌ڵام به‌وته‌ی خۆی گومانی له‌به‌ده‌مه‌وه‌چوونی حزبه‌كان هه‌بووه بۆیه داواكارییان پێشكه‌ش نه‌كردوون.
هه‌فته‌ی رابردوو به‌هۆی خۆكوشتنی كچه كوردێكی شاری مهاباد به‌ناوی (فه‌ریناز خوسره‌وانی) چه‌ندین خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی ناوچه‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی گرته‌وه‌و هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێرانیش به‌توندترین شێوه وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانیان دایه‌وه، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی هاونیشتمانیانی كوردی لێكه‌وته‌وه له‌ته‌واوی پارچه‌كانی تری كوردستان، كه له‌ده‌ربڕینی هاوسۆزی بۆ كوردانی مهاباد خۆی بینیوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بووه مایه‌ی سه‌رسامی بێهه‌ڵوێستی حزبه‌كانی باشووری كوردستان بوو له ئاست ئه‌و رووداوانه، به‌جۆرێك له‌كۆی 37 حزب‌و گروپی سیاسی ته‌نها یه‌ك حزب به‌یاننامه ناڕه‌زایی بڵاوكرده‌وه، ئه‌ویش حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان بوو.
سه‌عد خالید ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان به هاوڵاتى وت "حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه یه‌كێك له‌باوه‌ڕه نه‌گۆڕه‌كانی هاوخه‌باتی له‌گه‌ڵ پارته‌كانی تری كوردستان بووه، پێشی وابووه لایه‌نی كه‌می ئه‌و پشتیوانی‌و هاوخه‌باتییه كه وه‌زیفه‌یه‌كی بچوكی ئێمه بووه پشتگیرییه له‌هه‌موو كوردان، له‌به‌رامبه‌ر دۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌پارچه‌كانی تری كوردستان هه‌رگیز له‌دواوه نه‌بووه‌و هه‌ر به‌وه‌شدا ده‌ناسرێته‌وه كه بۆ هه‌موو فشار‌و ناره‌حه‌تییه‌كان هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌و قسه‌ی خۆی كردووه، هه‌ڵوێستیشمان له‌مه‌ڕ رووداوه‌كانی مهاباد ئه‌ركێكی بچوكی حزبه‌كه‌مانه كه پێویست بوو ده‌رببڕدرێت".
به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتى، زۆرێك له‌حزبه‌كان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ڵوێستیان نه‌نواندووه.
سه‌عد خالید به‌بزاڤی وت " ئێوه له‌ئێمه باشتر له‌و مه‌سه‌لانه ده‌زانن، ده‌توانم بڵێم زۆرجار حزبه‌كان موراعاتی ئه‌و رژێمانه‌یان كردووه كه پارچه‌كانی كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، به‌لام ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێت كه دانیشتوانی پارچه‌كانی تر به‌شێكن له‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ی ئێمه، بۆیه ده‌بێت له‌بچوكترین ناره‌حه‌تیاندا هاوبه‌ش بین‌و هه‌ڵوێستمان هه‌بێت".
له‌كۆی ئه‌و 37 حزبه كوردستانییه، ته‌نها حزبی زه‌حمه‌تكێشان هه‌ڵوێستی هه‌بووه، هاوڵاتىرای زۆرێك له‌حزبه‌كانی تری وه‌رگرتووه له‌باره‌ی هۆكاری بێده‌نگبوونیان.
تۆفیق كه‌ریم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌هاوڵاتىوت "حزبه‌كانی تر هه‌ڵوێستیان نه‌بووه‌و كه‌سیش به‌فه‌رمی داوای لێنه‌كردووین هه‌ڵوێستمان هه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك تاك‌و له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ندامان هه‌ڵوێستمان هه‌بووه‌و پشتگیری خۆپیشاندانه‌كانمان كردووه به‌تایبه‌ت ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانمان له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان".
ناوبراو وتیشی "بێده‌نگبوونی ئێمه په‌یوه‌ندی به هیچه‌وه نییه‌و لای ئێمه پرسی نه‌ته‌وه‌یی هێڵی سووره‌و زیاتر له‌هه‌ر لایه‌نێكی تر په‌رۆشی مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانین".
هاوكات عه‌بدولره‌زاق فه‌یلی لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی به‌هاوڵاتىوت "ئێمه چیمان نه‌كردووه بۆ برایانی رۆژهه‌ڵات، خۆ هه‌ڵوێست هه‌ر به‌لێدوان نییه، ئه‌وه‌تا مقه‌راتیان، وه‌زعیان، موساعه‌داتیان بۆ ده‌كرێت، ئیتر چی بكه‌ین".
هه‌روه‌ها فارس نه‌وڕۆڵی وته‌بێژی پارتی له‌سلێمانی به‌هاوڵاتىوت "ئه‌و رووداوه‌ی مهاباد نه‌چووه‌ته ئاستێكی سیاسییه‌وه، ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی میدیاییدایه له‌و ئاسته‌شدا هیچ میدیایه‌كی تر وه‌ك پارتی نییه له ده‌رخستن‌و باسكردنی رووداوه‌كه‌دا، ئه‌توانیت سه‌یری میدیاكانی پارتی بكه‌یت وه‌ك خه‌بات‌و هه‌ولێر مانشێتی سه‌ره‌كییان له‌سه‌ر مهاباد‌و ئه‌و روداوانه بووه"
حزبی زه‌حمه‌تكێشان هه‌وڵی داوا له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌كانی تر هه‌ڵوێسته‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئیحراج نه‌بوونی ئه‌وان ئه‌و كاره‌ی نه‌كردووه.
سه‌عد خالید وتی "ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حزبی زه‌حمه‌تكێشان هه‌ڵوێستی هه‌موو حزبه سیاسییه‌كان بوایه زۆر به‌هێزتر ده‌بوو، یان بڵێین ئامانجی خۆی به‌دیده‌هێنا، به‌لام ئه‌م پرسه بۆ هه‌ندێ حزبی سیاسی حساباتی تێدایه، ئێمه‌ش نه‌مانویست كه‌س ئیحراج بكه‌ین، ئه‌گه‌رنا خۆزگه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه هی هه‌موو لایه‌ك ده‌بوو".
هه‌رله‌وباره‌وه فارس نه‌وڕۆڵی وتی "نابێت پارتی هاوسه‌نگ بكه‌یت له‌گه‌ڵ زه‌حمه‌تكێشان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا، به‌رپرسیارێتی پارتی جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌وان، به‌رپرسیارێتی پارتی ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تی‌و حوكمڕانییه، بۆیه زۆر جیاوازی هه‌یه‌و ناكرێت به‌راورد بكرێت".