بۆشاییەکانی نێوان عەلمانیەت و کۆمەڵگەی کوردەواریی لە ئێوارە کۆڕێکدا
22/05/2015 نوسەر: bzavpress

بۆشاییەکانی نێوان عەلمانیەت و کۆمەڵگەی کوردەواریی لە ئێوارە کۆڕێکدا


ڕێکخراوی بزاڤی نوێ لە قاوەخانەی کلتوری سلێمانی

کۆڕی هاوبەشی هەردوو بەڕێزان: (د عومەر عەلی و م عبدالرحمن محمد عارف)
  
لە دونیای کۆن و نوێدا وە بە گەواهی مێژوو ئەو سەرکردانە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە کە حسابیان بۆ بیروباوەڕی کۆمەڵگەکەی خۆیان کردبێت، گەرچی باوەڕەکەشیان ساختەو نا لۆژیکی بوو بێت، تەنها تاکە سەرکردەیەك نەبێت لە ناو هەموویاندا جیاوازبووە ئەویش پێغەمبەر بووە محمد درودی خوای لەسەر بێت، هۆکاری سەرکەوتنەکەی ئەویش بۆ ئەو هێزە بەهێزە ئاسمانیە بووە کە مەبەستی بووە ئەو پەیامە بگات بە گشت مرۆڤایەتی و ڕەحمەتەکەی کەس لێی بێ بەش نەبێت، بۆیە دەبینین تا ئێستە تاکە دینە دوای نەمانی سەرکردەکەی زۆرترین تەشەنەی بە دونیادا کردبێت.
غاندی و جیڤاراو زۆرێك لەو سەرکردانەی کە ناونیشانی کاریزمایی و پاڵەوانێتی بواری سیاسەت و سەرکەوتنیان پێ دەدرێت پشتیان لە باوەڕی کۆمەڵگەکەیان نەکرد، بە جیا لەو سەرکردە کارتۆنیانەی ئەمڕۆ کە بەردەوام چاویان لە ڕۆژئاوایەو بەبێ ئەوان خۆیان خاوەنی بڕیاری سیاسی نین، لە کاتێکدا زۆرینەی چاودێران و سیاسیەکان نەقدیان بۆ ئەم جۆرە پاشکۆیی و دەستەمۆییە هەیە.
ئەو وڵاتانەش کە وەك پاشکۆیەکی ڕۆژئاواو لەژێر ناوی تازەگەری و عەلمانیەت و زۆر ناوی بریقەدارو خەڵەتێنەردا دەرکەوتن بینیمان و دەبینین چۆن شۆڕش دوای شۆڕ بەرپا دەکرێت بەسەریاندا، هۆکاری ئەو شۆڕش و بەهارو ناوە جیاوازانەش فەشەلی عەلمانیەتە لە شەرقداو ئەو پێڵاوەی کە بەزۆر ویستوویانە لەپێی میللەتی بکەن تەنگ بووەو بەپێی نەکردوون! هەروەك شاعیرێك دەڵێ:
پێی پەتی باشە تا پێڵاوی تەنگ
لانەی چۆڵ خۆشە تا لانەی وە جەنگ
بەڵام ئەو سەرکردە ساختانە ویستوویانە یان بە زۆر ئەو پێڵاوە لەپێی میللەتەکە بکەن یان دەبێت جەنگ هەڵبژێرن، هەربۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبەردەوامی شەڕو جەنگی لێ نەبڕاوە! دەستە چەورەکەش بە ئیسلامدا سڕاوە، کەسێکی وەك سەدام، قەزافی، موبارك کێ و کێ کە ڕوونە بەچ ئاراستەو چۆن ئاراستە کراوە کەچی دوای شکستیان بە نوێژێکی مونافیقانە یان سەفەرێکی سعودیەو لەبەرکردنی بەرگێکی خیانەت بەناوی عەمرەوە شکستەکان دەدەنە پاڵ ئیسلام!.
وەك د عومەر عەلی ئاماژەی پێکردوو ووتی: گەر لە مێژووی سەردەمی خەلافەتیشدا ناکۆکی و شەڕێك بوو بێت هەر لە چوارچێوەی ئەو چاکسازیانەدا بووە کە دینی ڕاستی ئیسلام خۆی ئالیەتەکانی پێیەو قبوڵی نەکردووە بەناوی دینەوە قۆرخکاری و پاوانخوازی بەناوەوە بکرێت، ئەوەی ئەمڕۆ وەك تانە لە ئیسلامی دەدەن و بە دینێکی ئاژاوەگێڕی وێنا دەکەن، هەروەك وتیشی خۆ گەر گریمان دین هەر بە شمشێریش سەرکەوتبێت جا خۆ هیچ میللەتێك وەك کورد پێویستی بە شمشێر نەبووە! دەبوو کورد ئەو شمشێرە ماچ بکات کە ببێتە مایەی سەرخستنی و بەدەستهێنانی مافەکانی، چما میللەتانی تر سودیان لەو شمشێرە بینووەو کورد سودی لێ نەبینێت، ئێستە کورد پێویستی بە چەك و تەقەمەنی هەر وڵاتێك هەیە کە یارمەتی دەری بێت و مافەکانی بۆ بسەنێتەوە بۆ تەنها شمشێرەکەی ئیسلام جێگەی قسەلەسەر کردنە، بۆ تۆپ و تەیارەی نەیارانی کورد بە سوپاسەوەو بە ناڕاستەوخۆش قبوڵ بکرێت بەڵام هێزی ئیسلام بەلەکەداری باس بکرێت، بۆ چەکی وڵاتانی دوژمن بەکارهاتووە بۆ دژی کوردو جێگەی قسەش نی یە.

وەك مامۆستا عبدالرحمن محمد عارف بە وردی تیشکی خستەسەر ئەو جۆرە عەلمانیەتەو بە فکرەیەکی ناوبرد کە بەسەردیواردا خۆی سەرخستبێت و بەبێ حسابکردن بۆ کۆمەڵگەو ڕاوەرگرتنیان بەزۆر هەوڵی خۆ سەپاندنی داوەو قاچاخانە خۆی خزاندووەتە ناو کۆمەڵگەی کوردەواری، ئەوەی کە ئەمڕۆ بەناوی عەلمانیەت و لەژێر بیرۆکەی ئیلحادیدا بەردەوام گومان بڵاو دەکاتەوەو ئیسلام بەوە ناشرین دەکات و دەڵێ باشە ئەگەر ئێمە ئیسلامیشمان قبوڵ بێت چ جۆرە ئیسلامێك بێت؟ سعودی بێت! ئەڤغانی بێت! یان عەرەبی و فارسی بێت! گەرچی دەکرێت هەمان پرسیاریش ڕووبەڕووی عەلمانیەکان بکرێتەوەو بە هەمان لۆژێك هەمان پرسیاری خۆیان ئاراستە بکرێتەوە ئایا ئەی ئەگەر عەلمانیەتمان قبوڵ کرد چ جۆرە عەلمانیەك بێت؟ ئەمریکی بێت! بەریتانی بێت! ئیسپانی بێت! یان ...
هەروەك د عومەر عەلی یش لە میانەی وتەکانیداو وەك وەڵامێکیش بۆ پرسیاری ئامادەبوویەك وتی هەروەك چۆن لە ڕۆژئاوا شۆڕشکرا بەسەر دینی مەسیحیەتدا دەکرێت ئەمڕۆش ئەو وڵاتانەی کە ناوی خۆیان ناوە ئیسلامی شۆڕشیان بەسەردا بکرێت بەڵام نەك بە هزرێکی دەرەکی چونکە خودی ئیسلام ئەوەندە بەشی ئەو شۆڕشگێڕیەیی تێدایەو لە چوارچێوەی دەقە شەرعیەکاندا دەتوانێت مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت، بەجیا لە دەقە دەستکاری کراوەکانی مەسیحیەت کە گەر کێشەیەکیان بهاتایەتە بەردەست نەیان دەزانی چۆن حوکمی بکەن و پرسیاریان لە پیاوە پیرەکان دەکرد کە جاران ئەو کێشەی چۆن چارەسەر کراوە.
هەردوو بەڕێزان مامۆستا عبدالرحمن محمد عارف و د عومەر عەلی لە کۆڕەکەیاندا کۆك بوون لەسەر ئەوەی ئەوەی کە پێی دەوترێت عەلمانیەت لە کوردستاندا یان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بە گشتی وێنایەکی بێ دینی و ئیلحادیان لە مێشکی تاکی کوردا دروست کردووە، لە کاتێکدا هەر بە پێوەرە عەلمانیەتەکە ئەوەی لێرە دەگوزەرێت جیاوازی هەیە لەوەی لە ڕۆژئاوا کاری لەسەر دەکرێت، وەك د عومەر عەلی بە چەند نموونەیەك و وەك بەڵگەی ڕاستێتی خستیە ڕوو کە چۆن لە ڕۆژئاوا بوار بە مومارەسەی دین دەدەن و حسابی تایبەتی بۆ دەکەن گەرچی سیاسەتی ئەو وڵاتانە بە پێچەوانەی لای خۆمان لە ناوخۆدا سیاسەتێکی نەرمەو بۆ دەرەوە ڕەقە بەڵام لە کوردستاندا لە ناوخۆدا بۆخۆمان خراپین و بۆ دەرەوە نەرمین!
هەروەك مامۆستا عبدالرحمن محمد عارف لە تەوەری یەکەمی وتەکانیدا ئاماژەیان پێدا: ئه‌وانه‌ی له‌ قۆناغێكی ژیانیاندا به‌ حه‌رامی شیری ئیسلامیان خواردووه‌ به‌ڵام ئێستا بوونه‌ته‌ ته‌ته‌ری عه‌لمانیه‌تی كوردیی!
وەك د عومەر عەلی ش دیسان دووپاتی کردەوەو وتی: ئەو بۆشاییانەی کە لەنێوان خەڵك و عەلمانیەتدا دروست بووە یەکجار زۆرن لەم کۆمەڵگەیەداو هەمووشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەقڵیەتە پاوەنخوازەی کە پێش کۆمەڵگە خودی عەلمانیەتی ناشرین کردووەو خستووەتە ژێر پرسیارەوە! بەجۆرێك وێنەی عەلمانیەت لە زهنی تاکی کوردیدا دروست بووە واتە دژە دین و دژ بە بەها کۆمەڵایەتیەکان، لە کاتێکدا ئەکرێت عەلمانیەت لەسەردەمێکدا وەك دژە دین و بەرانبەر مەسیحیەت ئەو مانایەی هەڵگرتبێت کە بەرانبەر ئەو دەستەڵاتداریەتی و ستەم و قۆرخکاریەی پیاوانی مەسیحیەت، بەڵام لە بنەڕەتدا وا نەبووە عەلمانیەت دژی ستەمێکی پاوانخوازی کاری کردووەو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە هاتن و دینیان لە سیاسەت جیاکردەوە بە شۆڕشکردن بەسەر ئاینی مەسیحیەتدا. وە ڕەخنەی توندی لە هەندێك ڕۆشنبیری بواری عەلمانی گرت بەوە کە نەیانوانیووە وەك ئیسلامیەکانیش بەدەنگ بێن بەرانبەر ئەوانەی بەناوی ئەوانەوە کاری خراپ دەکەن وەك وتی: بە بڕوای من وەك چۆن هێزێك یان لایەنێك لێرەو لەوێ دروست دەبێت بەناوی ئیسلامەوە کارانێك دەکات و زانا ئیسلامیەکان لێی بەدەنگ دێن و دەیکەن بە هەرا لەسەری و بەڵگەی بۆ دەهێننەوە کە کارەکانیان لە چوارچێوەی شەرعدا جێگەی نابێتەوە یان لایداوە دەبوو ڕۆشنبیرانیش لە ئاست ئەو کەسانە بەدەنگ بهاتایەن کە عەلمانیەتیان تاپۆکردووە بۆ خۆیان! وە لەبەرانبەردا دەنگێکی وا نی یە یان نابیسترێت بەم کۆمەڵگە بڵێت ئەم وێناکردنە پێچەوانەی ئەو سستمە عەلمانیەتەیە کە هەیە، عەلمانیەت بریتی نی یە لەبەراز خواردن و ڕابواردن و مەساج خانەو دیسکۆو ئەو جۆرە شتانە!. نەهامەتیەکانی گەلی کوردیشی خستە پاڵ ئەم جۆرە هزرو بیرکردنەوانە بە شاهیدی مێژوو ئێمە گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئەم حیزبە کوردستانیانەی کە ئێستە لەسەر عەلمانیەت پۆلێن دەکرێت و لە خەباتی شاخیانەوە تا ئەم کاتە بەبێ هیچ دوو دڵی و گومانێك دەتوانین بڵێین خواستەکانی گەلی کوردیان کردووەتە قوربانی ئایدۆلۆژی عەلمانیەت، ئەویش بە هەڵە واتە بەشێوەیەك وێنای عەلمانیەتیان لە ناخی تاکی کوردا کێشاوە کە واتە بێ دینی لە کاتێکدا ئەم بێ دینیە بەرانبەر بە مەسیحیەت بووە نەك ئیسلام! هەربۆیە لە شاخەوە تا ئێستە ئەو بۆشاییە لەنێواندا دروست بووە!
هۆکاری هەرە سەرەکی دروستبوونی ئەحزابی ئیسلامی لە کوردستاندا هەر ئەمە بووە، چونکە گەر تۆزێك لۆژکیانە بیربکەینەوە شتێکی زۆر نالۆژیکیە ئەحزابی ئیسلامی لە وڵاتی ئیسلامیدا هەبێت! یانی چی میللەتێك خۆی مسوڵمان بێت و حیزبی ئیسلامی تێدا بێت! دەکرێت ڕێکخراوی جۆربەجۆری ئیسلامی هەبێت بەڵام حیزب و جیاکردنەوەی خۆت لە خەڵکی بەناوی ئیسلامەوە جێگەی پرسیارە! بەڵام ئەو بۆشاییەی ئەحزابە عەلمانیەکان دروستیان کرد ئەویش بە دژایەتی کردن و حساب بۆ نەکردنی دین تا ئێستە ئەم فەوزا لە کوردستاندا دروست بووەو خەڵکی دابەش بێت بەسەر ئیسلامی و عەلمانیدا وە لەسەردەمێکیشدا شەڕ بەناوی ئیسلام و کافرەوە لەنێوانیاندا ڕوویداوە، دواتر دابەش بێت بەسەر چەندین بەناو فکرو ئایدۆلۆژیایی جیاوازدا، لە هیچ شتێکدا لە عەلمانی غەربیش ناچن و هەرکەس کورسیەکەی گرت نموونەیەک نی یە بەخۆشی وەك ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە بەری بدات، هەردەبێت لەسەر کورسیەکە بمرێت یان بە شەق لایبەریت! ئەو هەموو بۆشایی و لێك دووریە کە زۆر جێگەی پرسیارو سروشتی نی یە بۆ هەرێمکی چکۆلانەی قەیراناوی و باوەڕپێنەکراو، کە دەبوو هەمووی پێکەوە کاریان بۆ ئەوە بکردایە ئینتیمای خەڵکیان بۆ خاك و نەتەوەو دینەکەیان کە هەرچێ بێت هەبێت و بۆشاییەکە بەجۆرێك لێ نەکەن کەسێکی دیندار خۆی بەجیاواز ببینێت و هەستی غوربەت و بێ کەسی و میوانی لەم وڵاتەدا هەبێت.
ئەگەر کێشەی ئەم بۆشاییە نەبوایە بۆ کۆمەڵێك مەلا کە هەمووی دژی بەعس بوو نەیانتوانی لەگەڵ ئەم هێزە ئەگەر فعلەن نیشتمانیە بتوانن کار بکەن، ئەوەی دواتر بزووتنەوەی لێ دروست بوو.
لە کەلار کابرایەکیان گرتبوو تا بردبوویانە ئاسایش بە نوکە تفەنگ و شەق و چەپۆکە بەبێ ئەوەی بزانێت لەسەر چی گیراوەو بەبێ ئەوەی قسەی بۆ بکەن، لەوێ وتبووی تەنها پێم بڵێن لەسەرچی منتان گرتووە ئەویش وتبووی تۆ ئیسلامیت! ئەویش وتبووی کورە بەرم دەن با هەزار کفر نەکەم لە داخی ئێوە! هەرکە وای وتبووی ووتبویان بەریدەن بەخوا ئەوە ئیسلامی بوایە ئاوا بە ئاسانی کفری نەدەکرد، دواتر دەرکەوتبوو بەهەڵە بووەو ناوەکەی لێکچووە لەگەڵ کەسێکی تردا! هەر باش بوو نەیانکوشتبوو چونکە کوشتنی بەهەڵەی لەم شێوەش بەداخەوە هەبووە!
عەلمانیەت هێزی خۆی وەك کاسپی نیشانی خەڵك داوە، کابرایەك دەیگوت ئەم چەکدارانە چەکەکانیانم وەك خاکەنازو قوڵنگەو ئالیەتی ئیشکردن دێتە پێش چاو.
بەڵام لەم وڵاتەدا هەرچی دژایەتی لەگەڵ دیندا هەبێت لە زەمینەی واقعیدا ئاسانکاری بۆ دەکرێت، ڕاقیسەیەك موچەکەی بەرانبەر سێ مەلایە، جێگەی گشتی دەدرێت بە شەخس بۆ کردنەوەی مەشروبخانەو پێوەرەکان زۆر فشۆڵن و بە منداڵ مەشروب دەفرۆشرێت و گوێ بە خەڵکی ناوچەکە نادرێت گەر لەگەڵ ئەو کارەدا نەبێت، لە ئەوروپا ئیمزا کاری پێ دەکرێت و تەنها یەك دراوسێ قسەکانی جێگەی ئیعتبارە بەڵام لێرە!
بۆیە ئەوەی خۆی کردووە بە نومایندەی عەلمانیەت لەم وڵاتەدا میزاجی شەخسی خۆی و حەزو ئارەزووەکانی کردووە بە پێوەر نەك هیچ دەقێك کە لەچوارچێوەی بەها کۆمەڵایەتیەکاندا جێگەی ببێتەوە کە لەدەرەوە زۆر بەرز دەنرخێنرێت و لێرە نرخی سەلکە تورێکی نی یە.
لە دەرەوە فکر ئازادە دەتوانیت باسی فکرەکەی خۆت بکەیت هەتا هەندێك جار خودی فکرەکە یان دینەکە جیاواز بێت لەگەڵ بەرانبەرو پێچەوانەی یەکتریش بن، وەك د عومەر عەلی ووتی من لە مزگەوت باسی یەکتا پەرستی بۆ خەڵکی دەکەم، بەڵام لە کەنیسە عیسا سەلامی خوای لەسەر بێت بە خوا وەسف دەکەن، لە مەعبەدی بووزیەکان خواکەیان لەبەردەم بیناکەیان داناوە، لە مەعبەدی سیخەکان مشك و مانگا، بەڵام مادام نەگاتە ئاست ئەکشنێکی نەخوازراوە هەموو ئەوانە ئاساییە، بەڵام لێرە لەسەر ووتارێك ڕۆژنامەنووس کوژراوە، لەسەر قسەیەك دەمی خەڵك هەڕاوە، لەسەر قسەیەك فەسڵ کراوە، لەسەر قسەیەك گواستراوەتەوە.
هەربۆیە دیمەنەکانی کوردستان لەماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا بهێنەرە بەرچاوی خۆت وەك چۆن لە تیڤیەکانەوە دەڵێن وێنەکان دەدوێن ئیتر پێویست بە قسەکردن ناکات.
بەڵام ئەمانە لەبری ڕۆشنبری کاریان بۆ گەوجاندنی خەڵك کردووە، وەك دەوترێت ماسی لە ئاوی لێڵدا زووتر ڕاو دەکرێت.
کابرایەك هەبوو جاش بوو سەردەمی بەعس و هەمووی دەزانێت موچەی جاش 80 دیار بوو مانگانە، کە ڕاپەڕینە بوو دواتر بوو بە پێشمەرکە زۆرجار پرسیاریان لێ دەکرد کە موچەکەت چەندە؟ ئەویش دەیگوت بەخوا هەر 80 دینارەکەیەو زیادی نەکردووە.
پەکەکە دوای ساڵانێکی تولانی و خەباتی شاخ ئێستە دەگاتە ئەو قەناعەتە کە بۆشاییان لە نێوان خۆیان و خەڵکدا دروستکردووەو کۆنگرەی ئیسلام و دیموکراسی لە ئامادە (دیاربەکر) دەبەستێت کە  د خۆی ئەندام بووە تێیداو دەڵێ: بە هەموو ئیعترافاتێکەوە لە کۆنگرەدا دەوترێت ئەزموونی مەدینەوەو پێکەوە ژیانی دەستەڵاتدارێتی محمد درودی خوای لەسەر بێت چارەسەرو لێکچووە لەگەڵ ئەزموونی ئێمەو ئێستەدا، دەمیرتاش بە یەك وتەو پشتگیری هاوڕەگەزبازەکان بالانسی دەنگەکان دەگۆڕێت ئاخر هەقی ئەوە نی یە تەمبێ بکرێت کە مافی ئەو نی یە ئەو قسەیە بکات و هەڵەی ئەو دواتر ئێمە هەموومان باجی دەدەین.
ئەگەر ماوەی حوکمڕانیەتی ئەم هەرێمە حوکمێکی ئیسلامی بوایە! پەلەیەکی ڕەشی گەورە دەبوو لە مێژووی ئیسلامیدا.
بە کورت و پوختی دەکراو وە دەکرێت خواستەکانی گەلی کورد لەم جۆرە فکرو ئایدۆلۆژیە جیابکرێتەوە بەڵام بەداخەوە ئەوان سودیان هەر لەم تێکەڵی و پێکەڵیە وەرگرتووە هەربۆیە تا ئێستەش نەتوانراوە حیزب لە حکومەت جیا بکرێتەوە هەر باسی باسی ئەوەیە دین لە دەستەڵات جیابکرێتەوە، ئاخر دین کەی دەستەڵاتی هەبووە تا جیا بکرێتەوە، لەوەتەی کوردستان هەیە یەك نموونەم پێ بڵێن دەستی دزێك بڕا بێت، جەڵد لەکەسێکی زیناکەر درابێت، کەسێك هەڵواسرابێت لەسەر تاوانی ڕێگەگرتن و تاڵانی کردن، زۆر بەداخەوە ئەزموونی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا بەردەوام تێکەڵ دەکرێت و تا ئێستە نەمانتوانیووە خۆمان بین وەك دکتۆر لە باسەکەیدا جەختی لەسەر کردەوە.
مامۆستا عبدالرحمن محمەد عارف ڕەخنەی توندی لە عەلمانیەت گرت و ووتی: ئه‌وانه‌ی كه‌له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ عه‌لمانی هێناوییانه‌ و هه‌شیانه‌ عه‌لمانیه‌كی به‌عسی بووه‌و دواتر بووه‌ته‌ عه‌لمانی كوردیی! ئه‌و تاك و ته‌را خوێنه‌واره‌ی كه‌ نیازیان خراپ نیه‌ به‌ڵام به‌خۆیان بزانن یان نا له‌ بواری كارو فیكری ئیسلامییدا كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر فشه‌و فشاری عه‌لمانیه‌ته‌وه‌.
ئەو ئیسلامیەی کە عەلمانیەت دەیەوێت مامۆستا بەو شێوەیە وێنای کرد کە: 
  ئیسلامێكی كه‌م ئه‌ندام و په‌ل و پۆ بڕاو، ئیسلامێك به‌ عه‌ره‌بانه‌ بڕوات بەڕێوە! 
جێگەی خۆیەتی بووترێت کەسایەتیە ئیسلامیەکان لە ماوەی ڕابردووداو تا ئێستە چەندین کۆڕیان سازکردووە وەك دیبەت و بە هاوبەشی ئەوانەی کە کاریگەرن بە فکرو ئایدۆلۆژی عەلمانیەت و ڕۆژئاوایی بەڵام عەلمانیەکان خۆیان لەو جۆرە کۆڕو کۆبوونەوانە دەبورێنن و هەوڵی جیاکاری دەدەن و بۆشاییەکە دیسان قوڵتر دەکەنەوە، خاوەن فکریش نابێت بترسێت لە ڕووبەڕووبوونەوەو بوار بۆ ڕەخساندن، دواتر ئەوان لە فەزایەك دەبن و کۆمەڵگە لە فەزایەکی تر، جگە لەوەی ماوەی حوکمڕانیەتی ئەم هەرێمەو لە ژێر ناوی عەلمانیەت و فکری غەریبیدا هۆکارێکی گەورە بووە بۆ بە کافر زانینمان و ڕەوایەتی دان بەو گروپانەی کار لەسەر ئەو دەستەواژانە دەکەنەوە، هەربۆیە دەبێت عەلمانیەت بەبەرگێتی ترو حساب بۆ کۆمەلگە بێتەوە مەیدان و قەرەبوونی ڕابردووی بە تەوبەیەکی کرداری بکاتەوە.