دەمیرتاش بۆ ئەردوگان : رێگە دەگرین لەوەی ئەردۆگان خەونەكەی خۆی بەدیبهێنێت
20/05/2015 نوسەر: bzavpress

دەمیرتاش بۆ ئەردوگان : رێگە دەگرین لەوەی ئەردۆگان خەونەكەی خۆی بەدیبهێنێت

سیاستمەداری دیاری كورد سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە، رایدەگەیەنێت لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیراندا رێگە دەگرین لەوەی ئەردۆگان خەونەكەی خۆی بەدیبهێنێت و سیستمێكی سەڵتەنەتی دابمەزرێنێت.

ئەردوگان لەدوای بەدەستهێنانی كورسی سەرۆك كۆماری توركیا، بەنیازە دەستوری وڵاتەكە بگوڕێت و سیستمێكی سەرۆكایەتی لەو وڵاتە جێگیر بكات، بەجۆرێك سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی فراوانی هەبێت.
چاودێرانیش پێیان وایە ئەگەر هەدەپە نەتوانێت بەربەستی 10 سەد تێپەڕێنێت بەدیهێنانی ئەو خەونەی ئەردۆگان نزیكە.

بەڵام، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، رایگەیاندووە: بریارە لەژێر سایەی ولایەتی سەرۆك كۆماردا سیستمێكی دیكتاتۆری بەدیبێت و ئێمە بەر بەو خەونەی ئەردۆگان دەگرین.

دەمیرتاش بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، ئەگەر حزبەكەی بگاتە پەرلەمانی توركیا دەتوانن بەر بە كۆنترۆڵكردنی ناسروشتی دەسەڵات لەلایەن ئەردۆگانەوە بگرن.

دەمیرتاش دڵنییای داوە كە حزبەكەی لە هەڵبژاردنەكاندا دەتوانێت بەربەستی 10 لەسەد تێپەڕ بكات، بەپێی دواین راپرسیش هەدەپە لایەنی كەم 10 لە سەدی دەنگەكانی توركیا بەدەست دەهێنێت كە ئەوەش بۆ تێپەراندنی بەربەستە یاساییەكە بەسە.

لە وتەكانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا دەمیرتاش رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆك كۆماری توركیای تۆمەتبار كردووە بە پێشێلكردنی دەستوری وڵاتەكەو رایگەیاندووە: ئەردۆگان لەبەرژەوەندی حزبی عەدالەو گەشەپێدان (ئاكەپە) بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات، لە كاتێكدا بەپێی دەستور سەرۆك كۆمار دەبێت بێ‌ لایەن بێت لە ململانێی هەڵبژاردنی حزبەكاندا.