حاكم شێخ له‌تیف: دابه‌شكردنی 100هەزار فۆرم بۆ 5000 خانوو، بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌
21/08/2013 نوسەر: bzavpress

حاكم شێخ له‌تیف: دابه‌شكردنی 100هەزار فۆرم بۆ 5000 خانوو، بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌

حاكم شێخ له‌تیف پێیوایه‌ ،دابه‌شكدنی 100 هەزار فۆرم بۆ 5000  خانوو، بانگەشەیەكی هەڵبژاردنی مەكشوفه‌ و یاریكردنیشه‌ بە شعوری خەڵكی هەژار.

شێخ لەتیف مستەفا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی"دوای بیست ساڵ لە بەتاڵان بردنی بودجەی خەڵك بۆ دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حیزبو بنەماڵەكانیان و كوڕوكچە نازدارەكانیان، كە وەك شازادەكانی سەدەكانی ناوەڕاست لەسەر حیسابی ڕەش و رووتی شاری سلێمانی دەژین و دەلەوەڕێن، دوای (20) ساڵ لەپشتگوێ خستنی هەژاران و دزینی بودجەكەیان و بەئاسماندا بردنی كۆشك و باڵاخانەكانی خۆیان، نەك هەر شەرم نایانگرێت و بەخۆیاندا ناچنەوەو تۆبە ناكەن و دەست لە بەتاڵانبردن و خواردنی ماڵ و پارەی خەلك هەڵناگرن بەڵكو بێ شەرمانە یاری بەشعوریان دەكەن.

وه‌ده‌شڵێت" ئەوەتا لە هەوڵێكی مەكشوفی شكستخواردودا دەیانەوێت هاوڵاتیان فریو بدەن و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاری بهێنن، دەیانەوێت زۆرینەی خەڵكی سلێمانی (بەتایبەتی هەژاران و بێ دەرامەتان)كە زۆرینەی خەڵكی ناڕازی پێكدەهێنن هەڵبخلەتێنن و بیان كەن بەكوڕی سێو لەباخەڵ، لەم سەرو بەندەی بانگەشەی هەلبژاردنەدا بە هەر هەمویان كە ژمارەیان لە سەروو (100) هەزار خێزانە فۆرمیان پێ پركردونەتەوە و بەڵێنی شوقەیان پێداون، هەموو شوقەكانیش (5000) دانەن و تا دوای هەڵبژاردنیش وەك خۆیان دەیلێن دابەش ناكرێن.

لەكۆتایی نوسینەكەیدا پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەڵێت"  دەشزانن ڕۆژ بەرۆژ ڕێژەی هاوڵاتی ناڕازی بەرمبەریان زیاد دەكات، من دڵنیام دوای هەلبژاردن ئەگەر ڕاستیش بێت ئەو شوقانە دابەش بكەن ئەوا ئەوانیش دەدەن بەدەست و پێوەندو ئەوانەی كە واسیتەیان هەیە، ئەوانەش كە مستەهەقن و پێویستە وەریبگرن دەبێت تا هەڵبژاردنێكی ترو نمایشێكی تری هاوشێوە هەر زەقەی چاویان بێت.
پێشتر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاماری‌ سلێمانی‌ هه‌واڵی دابه‌شكردنی فۆرمی 5000 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی به‌سه‌ر كه‌مده‌رامه‌تان له‌سنووری پارێزگای سلێمانی ئاشكراكرد.