16/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
هەولێر: ئەنفال لە ئێوارە کۆڕێکدا
ڕێکخراوی بزاڤی نوێ و بەهاوکاری دەزگای ستاندەر هەستان بە ڕێکخستی ئێوارە کۆڕێك بۆ بەڕێز د عومەر عەلی لە ژێر ناوی ئەنفالدا، بەڕێزیان جەختیان لە بەکارهێنانی هەڵەو چەمکە دینیەکان کردەوە کە ئامانجی سەدام و حیزبەکەی و فکرە دژە دینیەکان بووە هەر لە دێرزەمانەوە.
وەك ئاماژەیان پێکردو وتیان: لە دێر زەمانەوە بەناوی جیاجیاوەو لە ژێر فکری ئیلحادیدا ئیسلام بە ئامانجگیراوە! چەمك و ناوە دینیەکان بۆ مەرامی پیس و بەرژەوەندی تایبەتی بەکارهێنراوە! بەناوی سیاسەت و پاراستنی یەك پارچەیی ویستی پارچەپارچەکردنی دین وەك جیاکردنەوەی لە سیاسەت و کایە گرنگەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگە کاری لەسەر کراوە! لە حاڵەتی شەڕدا ناوی هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت وەك ڕەوادان و ناشرینکردنیان زەق کراونەتەوە، ئەنفال کە یەکێکە لە سورەتەکانی قورئانی پیرۆز بەکارهێنراوەو لەچەمك و ناوەرۆك و ماناکانیشی لادراوە، لە کاتی ئاشیدا ناوی جیاجیای ئاینی بازرگانی پێوەکراوە.
نموونەی هێنایەوە بەو شەڕوکاولکاریانەی کە سەدام و حیزبەکەی لەسەردەمی دەستەڵاتیاندا چۆن ویستوویانە دین لەبەرچاوی خەڵکی ناشرین بکەن و بەو باوەڕی کە خەڵکەکە خۆی هەیەتی دژیان بوەستنەوە، وەك قات و قڕو کۆمەڵکوی کوردانی باشوور بەناوی ئەنفال، لە کاتێکدا سورەتی ئەنفال و ئامانجی قورئانی پڕاوپڕ پێچەوانەی ئەو جۆرە کارانەیەو خودی قورئان و هەمان سورەتیش کە ئێستە لەبەردەستە شایەتی ئەو ڕاستیە دەدەن.
سەدام وەك کەسێکی تاوانکار تەنها لەگەڵ کورد ئەو کارەی نەکرد بەڵکو لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا هەم دیسان ناوی دینی بەکار هێناوەو ئەو ساروخانەی کە دەینان بە ئێرانەوە ناوی لێ نابوون ساروخی حەسەن و ساروخی حسێن و عەباس، ئەمە ئەوە دەردەخات دژی باوەڕی ئەو گەلانە بووەو و دیراسەی باوەڕیان کراوە هەر بە باوەڕەکەی خۆیان و بەشێوەیەکی پێچەوانەی مەفهوم و چەمکەکان بەکاری هێناون.
جگە لە ناساندنی سەدام و حیزبەکەی وەك حیزبێکی ئیلحادو دژ بە دین کە بەڵگەی کافرێتی لە کۆڕەکەدا خستە ڕوو وەك فەتوای شێخ ابن باز کە بە ئاشکرا لەکاتی خۆیدا کافری کردووەو ئەو نوێژو حەج و عیبادەتە ڕووکەشیانەی کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە نیشان دەدرا بن باز شوبهاندوویەتی بە عەبدوڵای کوڕی ئوبەی کە گەورە مونافیقی سەردەمی مەدینە بووە، مونافیقیش لە دیندا بەکەسی دوو ڕووی دەوترێت و ئەوەی کە دەیکات لە دڵیدا نی یەو کارەکانیشی ئەو دوو ڕوویە ڕوون دەکاتەوە.
ئەوەی کە زانایانی ئاینی و لایەنە دینیەکەی پێ تاوانبار دەکرێت تەنها بێ ئاگاییە ئەویش هەمان درێژە دەری هەمان فکری ئیلحادیە بەردەوام زانایانی ئاینی بە ئامانج گرتووەو کارە قێزەونەکانی سەرکردەو وڵاتانی عەرەبی لکێنراوە بە دینەوە.
بۆ بەڵگەی ئەوانە ئامانجەکانی قورئانی خستە ڕوو کە کارەکانی پێ لە چوارچێوەی شەرعی دەدرێت و زانایان کۆیان کردووەتەوە لە ٥ ئامانجی سەرەکیدا کە ئەوانیش بریتین لە:
پاراستنی دین
پاراستنی مرۆڤ
پاراستنی ژیری
پاراستی وەچە
پاراستنی ماڵ
هەریەك لەو ئامانجانەی کە لە قورئاندا هاتووە بەڵگەی ئەقڵی و نەقڵی بۆ هێنرایەوەو کارەکانی سەدام و هاوفکرەکانی بە پێچەوانەی ئەو ئامانجانەوە کاریان کردووە وە بۆ ناشرین کردنی ئامانجە قورئانیەکان لەیبڵی قورئانی و دینیان لێداوە.
کارەکانی سەدام و حیزبەکەی و هاوبیرەکانی یەکەم چەمکێك کە کاریان لەسەرکردبێت و بە ئامانجیان گرتبێت دین بووە وە بە پێچەوانە قورئانیەکە، وەك دژایەتی کردنی باوەڕەکەیان و بە حیزبی کردنی زۆرە ملەی هاوڵاتیان. کوشتن و بڕین و لە چاڵنان و قاتوقڕکردنی خەڵکی سڤیڵی بێ تاوان، هەموو ئەو کارانە تەنها دەرخەری کەسێکی شەڕانی و خوێنمژ نەبێت هیچ پاساوێکی تری هەڵنەگرتووە.
هەر لەسەر هەمان ئامانجە ئاینیەکان هاوفکرەکانی تری خستە ژێر پرسیارەوە کە لە ئیسلامدا بە دەق و پێش هەموویان مافەکانی بڕاندووەتەوەو ئەمڕۆ ناوانێکی زەق و بۆ جوانکردنی کارەکانی خۆیان بە مسوڵمان دەفرۆشریتەوە وەك منداڵ پارێزی و مافی ئافرەت و زۆر ناوی تر لە کاتێکدا لە ئیسلامدا وەك بیروباوەڕی نەگۆڕ ئەوانە لە قورئاندا هاتووەو بە دەقی ڕاستەوخۆ ئەو مافانەی پاراستووە، وە بە وردی لە قورئاندا ئالیەتی ئەو پاراستنەشی دیاری کردووە، وەك بۆ پاراستنی منداڵ زینای حەرام کردووە، ئافرەتێك کە تەڵاقدراوە یان مێردی مردووە کاتێکی بۆ دیاری کراوە کە شوو بکاتەوە کە حەملی ئافرەتەکە یەکلا بووبێتەوە نەوەك وەچەکان تێکەڵ ببن، ئەمڕۆ عەلمانیەتی ئەوروپاش و زۆر کۆمەڵگە نا پابەندەکان بە ئاینەوە بەدەست ئەو کێشەوە دەناڵێن و قوربانی زۆری لەسەر دراوە، ئەوەندە بێ متمانەی دروست بووە زۆرجار کە منداڵ دەبێت پشکنیکی بۆ دەکرێت و بزانرێت کە ئایا لە پیاوەکەی خۆیەتی یان! پاراستنی ماڵ بەدەق و وردی شیکراوەتەوە کەچی لە هزرەکانی تردا پارەو پول و ماڵەکان زیاتر لە لە خزمەتی خۆیاندایەو ئامانجی ئیسلام لە دەستبڕین بۆ بنبڕکردنی ئەو کارە قێزەونانەیە کە ئاشتی و ئابووری کۆمەڵگە تێك دەدات و هاتوون ناوی دزی و دەستبڕینیان ناشرین کردووە لەبری ئەوەی خودی دزیەکە بخەنە ژێر پرسیارو شیکاریەوە کە لە بنەڕەتدا ناشرینە، وە نموونەی هەندێك وڵاتانی پێشکەوتووی هێنایەوە کە بۆ جەریمەی دزی ئەوانیش سزای سەختیان بۆی هەیەو کارێك خۆی قێزەون و نا شەرعی بێت هەردەبێت سزای بۆی هەبێت و وە هیچ سزایەك وەك سزا ئیسلامیەکە بنبڕ نی یە، وەك بە پێکەنینیشەوە وتی گەر ئەم سزا لە کوردستاندا جێبەجێ بکرایە نەوەدەکان دەستی چەند کەسێك دەبڕاو دواتر دەبوو بە پەندو کۆتایی پێ دەهات بەڵام گەر ئێستە جێبەجێ بکرێت مەگەر ئامێری پێشکەوتووی دەستبڕینمان لە وڵاتەکانەوە بۆ دروست بکەن گەرنا فریا ناکەوین، هەموو ئەمانە سەرەنجامی کاڵبوونەوە ئاسایی کردنەوەی دزیە کە بەرگێکی خەڵەتێنەری لێنراوەو بەتاڵانبردنی قوتی خەڵکی و ماڵی خەڵکی لە ڕابردوودا بەناوی ئەنفالەوە هیچ پاساوێکی شەرعی هەڵنەگرتووە.
پوختەی باسەکە لەوەدا کۆبوویەوە کە هەرکارێك هەر کەسێك و فکرو ئایدۆلۆژیایەك هەڵگری بێت و بلکێنرێت بە دینەوە ئەوسا دەبێت بە پێوەرە دینیەکان بپێورێت و پێوەرە قورئانی و شەرعیەکانیش ڕوونە بەڵام ئەوەش هۆشیاری دەوێت.
شایانی باسە تەوەرەکە بە بەژداری کۆمەڵێك کەسایەتی دیارو بواری ئەکادیمی و ئاینی زیاتر دەوڵەمەندکرا:
م مەسعود عەبدولخالق جەختی لە هەیمەنەی عروبەکرد لە بەژداری ئەو تاوانانەداو بەکارهێنانی دین وەك خزمەتی عروبەت شیکردنەوە بۆ ئامادەبوان خستە ڕوو.
د محەمەد بازیانی ئەزموونی کارو ڕابردوویان وەك بەڵگەو بەناو و ناونیشان و دوکومێنت و هەتا بەرواریشەوە خستە ڕوو، جگە لە شیکردنەوەی چەمکی شەڕو ئاشتی وەك بەڕێزیان ئاماژەیان پێکرد لە قورئاندا تەنها ٦ جار باسی شەڕ هاتووە بەڵام ٢٣٣ جار باسی ئاشتی و مەفهومی ئایشتی هاتووە، بە کورتی ئەوەی نیشان دەدا کە ئاینی ڕاستی ئیسلام ئاینی ئاشتی و پێکەوە ژیانەو فکرو هێزەکانی تر ئیسلامیان وەك هێزێکی شەڕانی نیشان داوە.
م شوان ڕابەر ئامانج لەو کارانەی کە بەناو ئەنفالەوە کرا بە ڕوونی شیکردەوە کە بۆ بەحەڵاکردنی کارەکانیان بووە، هەروەك ڕەخنەشی گرت لەوانەی کە دەستیان هەبووە کە لە کارەساتی گەورەی بەناو ئەنفال.
م مەلا مەظهەر خۆراسانی بە هێمنی و زۆر بە ڕوونی باسی ئەو دەستکەوتانەی کرد لە شەڕدا بەدەست دەکەن و پۆلێنی کردن بە بەسەر:
شتوومەکە بە بەهاکان
شتوومەکە بێ بەهاکان
هەروەها مرۆڤەکان
لەگەڵ شیکردنەوەی وشەی ئەنفال و جیاکردنەوەی مرۆڤەکان لەگەڵ شتوومەکداو جیاکاریەکان هەتا لە ڕووی قورئانەوە، وەك بەڕێزیان ڕەخنەی خۆشیان ئاراستەی ئەوانە کرد کە ڕێنیشاندەری تاوانبارانی بەناو ئەنفال بوون و ئەگەر ئەوان پێشیان نەکەوتایەن خۆ ئەوان شارەزایی ئەو ناوچانەیان نەبووە، هەتا نموونەیان بە خۆیان هێنایەوە کە هێشتا ناوچەی قەرەداغ کە ناوچەی خۆیەتی بەهۆی نەبوونی دەرفەتەوە شارەزا نەبووە، ئەمە ئەوە دەردەخات کەسانی ناوچەکەو شارەزا هاوکاری ئەو ڕژێمە پیسە بووە لەو تاوانە گەورەدا.
م مەلا هندرین بالیسانی زیاتر کۆڕەکەی فراوانکرد بە بەژداری و نموونەی واقعی و ئەزموونی خۆیان لە دینداری و وەك تاقانەی ماوەی خانەوادەیان، وە کاریگەری خەڵکانی تر بەو کارەو دوورکەوتنەوەی لە دین و ڕقیان بەرانبەری وەك ئاماژەیان پێکرد بە سەرسوڕمانەوە پێی وتراوە تۆ کەسەکانت لەو کارەساتەدا لەناو چوون چۆن تۆ ئێستە هەڵگری ئاینی ئیسلامیت و بۆ خۆشت بوویت بە مامۆستایی ئاینی، بەڵام شارەزایی بەڕیزایان لە ئاینی ئیسلام و چەمکەکانی و هێزە دژەکان زیاتر شاهیدی دەرو فراوانکردنی تەوەرەکان بوو.
م ڕێکان، م دڵدار و چەندین ئامادەبووی تر بە بەژداری و ڕەخنەو تێبینیەکانیان کۆڕەکە کۆتایی پێهات لە کەشێکی دیندارانەو زۆر تەباداو ئومێدی دەرفەتی هاوشێوەو بەردەوام جەختی لەسەر کرایەوە.