16/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
مستەفا پاشای یاموڵکی
سەرکردەی سوپای عوسمانی و ڕۆژنامەنووس و وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ مەحموود، ناوی تەواوی مستەفا پاشای یاموڵکی کوڕی مەلا عەزیزە لە ساڵی ١٨٦٦ دا لە دایکبووەو لە ٢٥-١-١٩٣٦ دا لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوان نێژراوە.
ئەم کەسایەتییە لە ھۆزی بڵباسەو باب و باپیرانی لە خورماڵ دانیشتوون و لە ساڵی ١٨٦٦ دا لە دایکبووەو ماڵی باوکی ھاتۆتە سلێمانی و لێی نیشتەجێ بووە. مستەفا یاموڵکی خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی و خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی سەربازی لە شاری بەغدا تەواو کردووە، ئینجا چووەتە ئەستەمبووڵ و لە کولێژی ئەرکانی سەربازی خوێندوویەتی و کە دەرچووە پلەی نەقیب ڕوکن یان پێداوەو لە ساڵی ١٨٨٨دا کراوە بە ئەفسەری ڕوکن لە وەزارەتی جەنگی عوسمانیدا.
بەرپرسیارێتی لە سوپای عوسمانی
دوای ئەوەی دەبێت بە ئەفسەری ڕوکن لە وەزارەتی جەنگی عوسمانیدا و دوای ساڵێک خزمەتکردن گوێزراوەتەوە بۆ سوپای عوسمانی لە حیجاز و لەوێ بووەتە ئەندازیاری سەربازی لە شاری مەککە، لە ساڵی ١٨٩٣ دا کراوە بە قونسولی عوسمان لە شاری سەڵماسی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە ساڵی ١٨٩٤ یشدا گوێزراوەتەوە بۆ شاری سنەی مەڵبەندی ئەیالەتی کوردستان لە ئێران و دوای 3 ساڵ لە ١٨٩٧دا گوێزراوەتەوە بۆ شاری قارس لە ڕوژھەڵاتی ئەرزرۆم لە باکو،ری کوردستان. لە ساڵی ١٩٠١ دا گەڕاندراوەتەوە بۆ سوپا و کراوە بە بریکاری سەرەک ئەرکانی سوپای شەشەم لە بەغدا، لە ساڵی ١٩٠٤ دا کراوە بە نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی لە لیژنەی سنووری نێوان ئێران و عوسمانی، ئنیجا لە ساڵی ١٩٠٨ دا کراوە بە سەرەک ئەرکانی تیپێک سەرباز لە حامیەی ئەنقەرە، دواتر لە ساڵی ١٩٠٩دا پایەی سەربازی بەرزکراوەتەوە بۆ پلەی میر لیوا ڕوکن و کراوە بە فەرماندەی تیپی بیست و یەکەمی سوپای عوسمانی لە بەغدا.
حکومدانی مستەفا کەمال
کاتێک کە جەنگی یەکەمی جیھانی لە ساڵی ١٩١٤ دا ھەڵگیرسا، بە ھۆی کورد بوونی لە دڵسۆزییەکەی بەگومان بوون بۆیە خانەنیشینیان کردووە و دوای کۆتایی ئەو جەنگە جیھانیە بە فەرمانی داماد فەرید پاشا کراوە بە سەرۆکی داگای عورفی سەربازی بۆ دادگایی کردنی مستەفا کەمال و ھەڤاڵانی بە تاوانی یاخی بوونیان لە دەڤەری ئەنازۆڵ لە دژی میری سەنتەری. ئەم کەسایەتییە میریی پاشملە بە لە سێدارەدانی مستەفا کەمال و میر لیوا فوئاد پاشا و فەریق مستەفا فەوزی پاشا دەدات. بەڵام کە مستەفا کەمال سەکەوتن بە دەست دێنی. مستەفا پاشا تورکیا جێدێڵێ و دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان.
دروستکردنی گروپی سیاسی
یاموڵکی دوای ھەڵھاتنی لە تورکیا ساڵی ١٩٢١، لە سلێمانی دادەنیشێ و ھەوڵێکی زۆر دەدات بۆ پێکەوەنانی کۆمەڵێکی ڕامیاری بەناوی کۆمەڵەی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی گشتی پیاو ماقوڵان و ڕووناکبیرانی شارەکە لە ڕوژی ٢١-٧-١٩٢٢ دا دەستەی بەڕێوەبەری ئەو کۆمەڵە ڕامیارییەی کورد بە زۆرینەی دەنگ ھەڵدەبژێردرێک کە بریتی بوون لە:
مستەفا پاشای یامولکی - سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستان
ڕەفیق حلمی بەگ - ئەندام
ئەحمەد توفیق بەگ - ئەندام
فایق مەعرووف - ئەندام
شێخ محەمەدی گوڵانی - ئەندام
مامۆستا ساڵح قەفتان - ئەندام
شێخ عەلی سەرکار - ئەندام
سدیق ئەلەکە - ئەندام
ئەم کۆمەڵە ڕۆژنامەیەکی ڕامیاریان بە ناوی بانگی کوردستان دەرچواند و ژمارەی یەکەمی لە ٢-٨-١٩٢٢دا بڵاوکردەوە.
وەزیری پەروەردە
کاتێک کە شێخ مەحموودی حەفید لە دوا دوای مانگی ئەیلوولی ١٩٢٢دا گەڕایەوە سلێمانی و بووەو پاشای کوردستان، لە ١٠-١٠-١٩٢٢دا کابینەی دووەمی فەرمانڕەواکەی دامەزراند، مستەفا پاشای کردە و وەزیری مەعاریف و ئەویش خزمەتێکی زۆر خوێندەواریی کرد لە کوردستان و گەلێک قوتابخانەی تازە کردەوە. ڕۆژنامەکەیشی کردە زمانحاڵی حکومەتەکەی شێخ مەحموود و ناونرا ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان. لە دوای نەمانی حوکمی شێخ مەحموودی مەلیکی کوردستان، چووە شاری بەغدا بۆ بەسەربردنی ساڵانی دوادوای ژیانی تاکو لە ساڵی ١٩٣٦ دا کۆچی دوایی کرد.