عادل عەبدول مەهدی گەیشتە هەولێر
13/05/2015 نوسەر: bzavpress

عادل عەبدول مەهدی گەیشتە هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ،عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێم، بۆ تاوتوێکردنی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئه‌حمه‌د سه‌عدی راوێژکاری راگه‌یاندنی عادل عه‌بدول مه‌هدی رایگه‌یاند: کۆبونه‌وه‌که‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ئیستحقاقه‌کانی هه‌رێم و رێکه‌وتنی نه‌وتی هه‌رێم وبه‌غدا که‌ ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه‌ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رێگای سۆمۆوه‌ بفرۆشێت که‌ تا ئێستا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕه‌''.

وتیشی '' به‌بڕوای من هیچ کێشه‌یه‌ک له‌ بودجه‌ی 2015 له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیه‌، به‌ڵکو ته‌نها کێشه‌ی سیاسی و ناوخۆیی له‌ ئارادایه‌ به‌ڵام ئه‌م کێشانه‌ش په‌یوه‌ندیان به‌ جیابونه‌وه‌ی کورده‌کان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردیه‌وه‌ نیه‌''.

جێ ی ئاماژەیە ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆبونەوەی نێوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەڕێوەچو، سەبارەت بە کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق، لەلایەن بەغداوە و لەکۆتاییشدا پابەندبونی خۆیان بە رێکەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا دوپاتکردەوە و هۆشداریشیان دایە بەغدا، ئەگەر پابەندی رێکەوتنەکەی لەگەڵ هەرێم نەبێت، ئەوا رێگەی دیکە دەگرنەبەر بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان.