11/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ئۆربان: هەرێم سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکە دەکات
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە هەنگاریا، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە و دواتر كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەەدا، مەسعود بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەختی لە هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و وڵاتی هەنگاریا كردەوە و ڕایگەیاند: "سوپاسی پشتیوانی پەرلەمانی هەنگاریا دەكەین و پشتیوانی هەنگاریا ڕۆڵی باشی هەبووە لە سەركەوتنمان بە سەر داعش-دا".
ڕاشیگەیاند: "داعش هێشتا كۆتایی پێ نەهاتووە".
هاوکات ئۆربان سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا وتى: هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە، بەڵام بەنوێنەرایەتیی جیهان شەڕ دژ بە داعش دەكات و سەقامگیریی هەرێم گرنگە و نوێنەرایەتیی سەقامگیری ناوچەكەش دەكات.
ئۆربان ئەوەشی خستەڕو، دەیانەوێت ببنە بەشێك لەشەڕێك كە ماف بۆ گەلە مافخوراوەكان بگەڕێنێتەوە، هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لەمێژودا زۆر كارەساتی بەسەر هاتوە، بەڵام خاڵی باشی هەیە بۆئەوەی ببێتە ناوەندێكی نیمچە سەربەخۆی مۆدێرن و ڕۆڵی گەورەتر لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگێڕێت.
لەبارەی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند: هەوڵی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان و زیادكردنی چالاكییە ئابورییەكانیان لەهەرێم دەدەن.