ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان چەند بڕیارێك دەردەكات
05/05/2015 نوسەر: bzavpress

ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان چەند بڕیارێك دەردەكات

ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی پەسەند كردو جەخت لەسەر پابەندیی بە كوالێتیی بەرز لە ئەنجامدانی پڕۆژەكاندا كرایەوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 5/5/2015 ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، دانیشتنی دووەم و كۆتاییی كۆبوونەوەی خۆی ساز دا، كە دوێنێ دووشەممە 4/5/2015 دانیشتنی كۆبوونەوەی یەكەمی دەست پێكردبوو.
 
لە كۆبوونەوەكەدا كاریگەریی بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان لەسەر پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كرا و چەندین سەرنج و ڕا و تێبینی خرانە بەر باس و لەپێناو چۆنییەتیی برەودان بە هەموو بوارەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا، چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست پەسەند كران و جەخت لەسەر پابەندیی بە كوالێتیی بەرز لە ئەنجامدانی پڕۆژەكاندا كرایەوە.

هەروەها ڕاپۆرتی لێژنەی پێكهێنراو لە لایەن سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ بەدواداچوونی پرۆژە كێشە لەسەرەكانی نیشتەجێبوون خوێنرایەوە كە تیایدا چەندین خاڵ و پێشنیاز و چارەسەری خرانە ڕوو و لە لایەن ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە پەسەند كرا. لەوانەش پەسەندكردنی پازدە پێشنیاری لیژنەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەی پرۆژەكانی نێشتەجێبوون، هەروەها كۆمەڵێك بڕیاری تایبەت بەو پڕۆژانە كە كێشەی گەورەیان تێدایە. 

كۆبوونەوە بڕیاری دا لیژنەیەك پێكبێت بۆ دانانی پێوەر بۆ ئەو پڕۆژانەی كە داوای مۆڵەتیان بۆ كراوە، بە تایبەت پڕۆژەكانی قەزاو ناحییەكان كە پێویستیان بە هاندانی زیاتر هەیە.
 
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكومەت جەختی لەوەكردەوە كە پێویستە هەماهەنگی زیاتر لە نێوان وەزارەتەكان و پارێزگاكان و لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەت لەگەڵ دەزگای وەبەرهێناندا هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە دێنە سەر رێگەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و هەروەك بۆ نەهێشتنی رۆتین و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی بەپەلەی گیروگرفتەكان.