ئەمڕۆ مەسعود بارزانی بە مەبەستی سەردانی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەوروپی بە یاوەری شاندێك لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێ كەوت.
لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆك و گەورەبەرپرسانی حكوومەت و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەورووپایی كۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانی سەرۆك بارزانی و شاندە یاوەرەكەی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیە لەبارەی شەڕی داعش بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەكە و ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپایی.
لەوسەردانەشدا هەریەك لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان و دەرباز كۆسرەت رەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكومەت یاوەری سەردانەكەی بارزانی دەبن.