01/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
فرۆشتنی مریشكی كێشی زیاتر لە دوو كیلۆیی لە بازاڕ قەدەغە دەكرێت
لە رۆژی 1/5/2015 وە فرۆشتنی مریشكی كێشی زیاتر لە دوو كیلۆیی لە بازاڕ قەدەغەدەكرێت
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاری دا كە لە رۆژی 1/5/2015 بە دواوە رێگە نەدرێت لە كێڵگەكانی پەلەوەڕو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان مریشكی كێشی زیاتر لە دوو كیلۆیی بفرۆشرێت، دكتۆر عەباس عەلی عەبدی بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە لێدوانێكیدا رایگەیاند: لە رۆژی 1/5/2015 پێویستە كار بە بڕیارەكەی وەزارەت بكرێت كە لەمەودوا بە هیچ شێوەیەك رێگە نادرێت لە سەرجەم بازاڕو شوێنەكانی فرۆشتنی مریشكدا ئەو مریشكانە بفرۆشرێن كە كێشیان لە دوو كیلۆ زیاترە، واتا تا كێشی دوو كیلۆ رێگە پێدراوە، دەربارەی هۆكارو سوودەكانی ئەم بڕیارەش بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو روونی كردەوە كە بەپێی هەموو توێژینەوە زانستی و ستانداردەكانی جیهان دەركەوتووە ئەو مریشكانەی كە كێشیان لە سنووری دوو كیلۆدایە، لەرووی تەندروستییەوە بۆ هاووڵاتیان بە سوودە، چ لە رووی تامەكەی و چ لە رووی كەمیی ئەو رۆن و چەورییەی تێیدایە، ئەمە وێڕای كەمیی رێژەی هەبوونی ژەهرو دەرمانەكان كە بۆی بەكارهاتووە، دەربارەی سوودەكانی ئەم بڕیارە بۆ خاوەن پڕۆژەكانی پەلەوەڕ دكتۆر عەباس ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمە لە رووی ئابوورییەوە سوودی بۆیان هەیە بە تایبەتیش كە دەتوانن ژمارەی وەجبەی بەخێوكردن واتا دانانەوەی جووجەڵە لە كێڵگەكان لە جاران زیاتر بكەن، ئەم بڕیارەش لە رۆژی 1/5/2015 وە كاری پێ دەكرێت و دەبێ هەموو خاوەن پڕۆژەكان و فرۆشیاران پێوەی پابەندبن.